له‌سه‌ر 60 گرێبه‌ستی وه‌همی
به‌غدا لێپرسراوێكی پارتی ره‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، فه‌رمانی بانگهێشتكردنی ده‌ركرد بۆ به‌شار كیكی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر 60 گرێبه‌ستی وه‌همی و به‌كارهێنانی له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، كاتێك له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وادا بووه‌.

ده‌سته‌ی دادوه‌ری تایبه‌تمه‌ند به‌ دۆسیه‌كانی نه‌زاهه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، فه‌رمانی بانگهێشتكردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراقی ده‌ركردووه‌، به‌ ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی روبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌سته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ 18ی تشرینی دووه‌م بڵاویكردۆته‌وه‌.

"زیاتر له‌ 60 گرێبه‌ستی وه‌همی ده‌ركردووه‌ تا سودی لێوه‌ربگرێت له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بوو"، نه‌زاهه‌ ئاماژه‌ی به‌ ناوی به‌شار كیكی نه‌كردووه‌ و ته‌نیا رونیكردۆته‌وه‌ دۆسیه‌كه‌ به‌پێی مادده‌ی 340 له‌ یاسای سزادان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

به‌شار كیكی، له‌ ته‌مموزی 2013وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بوو له‌ پشكی پارتی تا كۆتایی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئایاری 2018، دواتر وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی هێنا كاتێك به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر لیستی هه‌مان حزب هه‌ڵبژێردرا.

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ 18ی تشرینی دووه‌م بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌شار كیكی په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبوك ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ فه‌رمانێكی بانگهێشتكردنی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه‌ بۆ ده‌ركرابێت. له‌ كاتێكدا به‌یاننامه‌كه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ سایتی فه‌رمی ده‌سته‌كه‌دا هه‌یه‌.

basharkiky
موسڵ، نیسانی 2018، به‌شار كیكی، په‌رله‌مانتاری ئێستای پارتی و سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یدا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

"نه‌زاهه‌ ناوی نه‌هێناوه‌ به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی باسی ده‌كات و پێشتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بووه‌ به‌شار كیكی-یه‌" سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای حكومی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت به‌پێی مادده‌ی 340ی یاسای سزادان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌دا ده‌ستپێده‌كات و ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.

به‌پێی ئه‌و ماددەیه‌ی یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

پێشتریش ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ فه‌رمانی بانگهێشتكردنی بۆ په‌رله‌مانتارێكی تری عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا و نه‌وفڵ عاكوب پارێزگاری پێشوی نه‌ینه‌وا ده‌ركرد.

له‌ كه‌ركوك، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و چه‌ندین پارێزگای تری عیراقی، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و لێپرسراوانی تری باڵا ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ندین تۆمه‌تی جیاواز.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی نه‌زاهه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانی به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر، كه‌ نزیكه‌ی دوو مانگه‌ ناڕه‌زایی دژی حكومه‌ت ده‌رده‌بڕن به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و نه‌بونی خزمه‌ت و خراپی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT