شانەی قەیران لە كەركوك چەند بڕیارێكی نوێی دەكرد

كەركوك/ 28ی ئاداری 2020/ كۆبونەوەی شانەی قەیران

كاروان ساڵحی - كەركوك

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك ئاشكرایكرد كە شانەی قەیران بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ تا 11ی نیسان بەردەوامبێت و كرێی دوكان و خانووش لەسەدا 50 كەمبكرێتەوە.

ئەو بڕیارانە لە كۆبونەوەیەكدا هات ئەمڕۆ شەممە 28ی ئادار بەڕێوەچوو، بە بەشداری راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

عه‌لى حه‌مادى، یاریدەدەری ‌پارێزگارى که‌رکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆمەڵێك بڕیار بۆ چەند رۆژی داهاتووی پارێزگاكە دەركرا، لەنێویاندا، بڕیاردرا هاوشێوەی پارێزگاكانی تر قەدەغەی هاتوچۆ تا 11ی نیسان بەردەوامبێت".

جەختیشیكردەوە لەچەند بڕیارێكی تر لەنێویاندا "که‌مکردنه‌وه‌ى کرێی دوکان و خانوو بەڕێژه‌ى له‌سه‌دا 50، هه‌روه‌ها که‌مکردنه‌وه‌ى پاره‌ى هێڵی ئینتەرنێتی بورجه‌كان بەڕێژه‌ى له‌سه‌دا 25، لەگەڵ رێگەدان به‌ کردنه‌وه‌ى دوکان و موڵه‌کان له‌کاتژمێر نۆی بەیانی تا یەكی پاشنیوەڕۆ، بەڵام نانەواخانەكان تا كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ".

که‌مکردنه‌وه‌ى پاره‌ى هێڵی ئینتەرنێتی بورجه‌كان بەڕێژه‌ى له‌سه‌دا 25

شانەی قەیران لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریدا بۆ مانگی نیسان سێ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە هاوڵاتیان وەربگیرێت، ئەوەش بۆ هەموو گەڕەكەكان بەبێ جیاوازی.

عەلی حەمادی كە خۆی لە كۆبونەوەكەدا بەشداربووە، وتی "داواشمان كردووە هەر خاوەن مۆلیدەیەك لە 10 خێزانی كەمدەرامەت خۆشبێت و پارەی مۆلیدەیان لێنەسێنێت".

شانەی قەیران سێ بەنزینخانەی حكومی دیاریكرد كە بەردەوام كراوە دەبن، ئەوانیش شه‌رقییه‌، عه‌قبه‌ بن نافع و ئەندەلوس.

لەمەودوا ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غازی ماڵانیش ناچار دەكرێت ئاوازەكانیان بگۆڕن بۆ رێنماییکردنى هاوڵاتیان لە دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT