یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) قایل بوون بە چەكدانان لە شنگال، لەڕێی تێكەڵكردنی هێزەكانیان بە هێزەکانی حكومەتی فیدراڵی عیراق، بەڵام باڵی سەربازی و بۆچوونی زاڵی گروپەكە لەسەر وردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە هێشتا دوودڵە.
ئەو گۆڕانكارییە لە بڕیار و هەڵوێستەكانی یەبەشەدا، كە ساڵانێكە چەكداماڵینیان بە هێڵی سور دەزانن، پەیوەندی بە زنجیرەیەك گۆڕانكاری هەرێمایەتی و ئاڵۆزی ئەمنییەوە هەیە، لە نێویاندا كۆتاییهاتنی ئەركەكانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق بە سەركردایەتی ئەمریكا، فشارەكانی توركیا و لێكەوتەی روداوەكانی سوریا.
سەرباری بۆچوونی جیاوازی ناو یەبەشە، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، 11ـی ئەیلولی 2026 لە دیداری شاندێكی هاوبەشی یەبەشە و هاوپەیمانی دۆزی ئێزیدی -پارتێكی نوێی ئێزیدییە- ئاشكرایكرد، یەبەشە چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت دەكەن و چیای شنگال بە تەواوی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵییەوە.
یەبەشە، لە سەروبەندی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" و لە ساڵی 2015ـدا لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنراوە و لەژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن، ئەو ئەنجومەنەش بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت.
چەكدانان بە فشاری توركیا و عیراق
لێپرسراوانی یەبەشە نایشارنەوە، فشاری زۆری توركیا و عیراق هەیە تا چەكەكانیان دابنێن، كە ئەوان وەكو "قوربانی لە پێناو میللەتدا" پێی قایل بوون.
خۆمان كردە قوربانی بۆ میللەتی خۆمان
"بە كورتی خۆمان كردە قوربانی بۆ میللەتی خۆمان" نایف شەمۆ، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال، وای وت، دەڵێت چەكدانانی یەبەشە بۆ ئەوەیە جارێكیتر میللەت تووشی كێشە نەبێت و خەڵك بەهۆی ئاڵۆزی ئەمنییەوە، ناوچەكانیان بەجێنەهێڵن.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كە بەشێكە لە یەبەشە، لە دوای شەڕی داعشەوە بۆ ئیدارەدانی شنگال پێكهێنرا، بەڵام بەغدا دانی پێدانەنا.
شەمۆ بۆ (كەركوك ناو) وتی "یەبەشە قایل بووە چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەن، لە بەرانبەردا چەكدارەكان تێكەڵ بە هێزەكانی عیراق دەكرێن" ئەو پرۆسەیە كاتی بۆ دیاری نەكراوە، بەڵام وەك ئەو دەڵێت، "توركیا و عیراقیش فشاریان كردووە".
توركیا كە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردووە بە پاساوی هەبوونی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە پەكەكە، زیاد لە جارێكیش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی كردووە، ئێستا لە پرۆسەی ئاشتیدایە بۆ چەكدانانی پەكەكە و هەوڵدەدات هەمان هەنگاو، گروپە چەكدارەكانی ئەو هێزە لە عیراق و سوریا بگرێتەوە.
لە ناوچە كوردییەكانی سوریا، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) باڵادەست بوون، دوای ماوەیەك لە شەڕ و بارگرژی، لە ئەنجامدا بڕیاریاندا تێكەڵ بە هێزەكانی حكومەتی دیمەشق ببنەوە و لە عیراقیش بڕیارە 30ـی ئەیلولی ئەمساڵ، بە یەكجاری ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا كۆتاییبێت و حكومەت پرۆسەی چەكدانانی گروپە چەكدارەكانی چڕكردۆتەوە.
عەلی زەیدی، لە كۆبونەوەی شاندی ئێزیدییەكاندا، بەڵێنیداوە دەوڵەت مافی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی شەنگال و قوربانییدانیان دەستەبەر بكات، لەڕێی تێکەڵکردنی بە هێزەكانی عیراق.
پێشتر و لە ساڵی 2020ـدا، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی شنگال-ـیان واژۆكرد، بۆ چارەسەركردنی كێشە ئیداریی و ئەمنییەكانی ئەو قەزا جێناكۆكەی خۆرئاوای نەینەوا، لە نێویاندا دەركردنی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە، بەڵام ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكراو و تائێستاش لە شنگال نزیكەی ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.
"نزیكەی پێنج هەزار چەكدارمان هەیە كە بڕیارە بەشێكیان تێكەڵ بە هێزە سەربازییەكانی عیراق بكرێن، بەشێكیان دەبن بە پۆلیس و ئەوەی دەمێنێتەوە دەكرێتە لیوایەكی تایبەت" بەوتەی نایف شەمۆ.
یەبەشە، رۆڵیان هەبوو لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال، دوای ئەوەی لە ئابی 2014ـدا قەزاكە كەوتە دەستی داعش و هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بوونەوە.
وردەكاریی چەكدانان و دوودڵی
هەرچەندە پرۆسەكە ناوی لێنراوە "چەكدانان"، بەڵام بەپێی فەرماندەكانی یەبەشە، بریتییە لە تێكەڵكردنیان بە هێزی دیكە بە هەمان چەكەكانی خۆیانەوە.
هادی شنگالی، وتەبێژی هێزی چەكداری یەبەشە بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەكەكانمان هەر لەدەستی چەكدارەكانماندا دەمێننەوە، بەڵام سەر بە حكومەتی عیراق دەبن".
دەبێت گەل و هاوكات فەرماندە و كەسانی سەربازی ئێمەش قایل بن تا دواتر كێشە دروست نەبێت
لە دوای دامەزراندنیەوە تا ساڵی 2022ـدا، سنورێكی فراوانی شنگال لەژێر دەسەڵاتی یەبەشەدا بوو، بەڵام دواتر حكومەتی عیراق چوار لیوای سەربازی نارد و لەوكاتەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپا و پۆلیسدا دۆسیەی ئەمنی و بازگەی هاوبەشیان هەیە، وەك ئەوەی لە ناوچەكانی خانەسۆر، گرعوزێر، سیبا شێخ خدر، بۆرک، گۆهبەل، دهوڵا، دووگرێ، بارێ، سنونی و چیای شنگال بەدیدەكرێت.
ئەو گۆڕانكارییە لە دۆسیەی ئەمنیدا بێ ئاڵۆزی و بارگرژی نەبوو، یەبەشە و سوپای عیراق، لە كۆتایی 2017ـەوە لە ناكۆكی قوڵدابوون و لە دوای ساڵی 2020ـەوە، چەندینجار روبەڕوی یەكتری بونەوە و بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران كەس ئاوارەبوون. بەڵام دواتر بە دانوستان بەشێك لە كێشەكان چارەسەر كراون تا ئەوەی بەشێك لە یەبەشە، لە ساڵانی رابردوودا لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا رێكخرانەوە و موچەیان بۆ بەسترا.
"ئەوەی تائێستا هەیە، بڕیارە هێزەكانمان لە پرۆسەی چەكداناندا بەمشێوەیە دابەشكرێن؛ هەزار و 500 چەكدار تەرخاندەكرێن بۆ پاراستنی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانی ئایینیی ئێزیدی، هەزار و 500 چەكدار دەكرێن بە لیوایەكی تایبەتی سەر بە سوپا، 500 چەكدار دەبنە هێزی پاسەوانی سنور و 500 چەكداری دیكەش تێكەڵ بە پۆلیسی فیدراڵی دەكرێن" وتەبێژی باڵی سەربازی یەبەشە، وای وت.
وەك هادی شنگالی دەڵێت، وردەكارییەكانی پرۆسەی چەكدانانەكە، بۆچوونی جیاوازی لەسەر هەیە و بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە، "لایەنی سەربازی تائێستا لە ناوخۆماندا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، چەند بۆچوونێك هەیە و دەبێت هەمووی كۆبكرێتەوە ئینجا رێككەوتنی كۆتایی دەكرێت، چونكە ئەم دۆسیەیە هەستیارترینە و دەبێت، گەل و هاوكات فەرماندە و كەسانی سەربازی ئێمەش قایل بن تا دواتر كێشە دروست نەبێت".
چەكدانان یان تێكەڵكردنی گروپە چەكدارییەكان بە دەوڵەت، بۆتە ئەركی سەرەكی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی و چەند مانگێكە هەواڵی گەرمی گۆڕەپانی سیاسیی و ئەمنییە، بەهۆی ئەو مشتومڕەی لەبارەی سەركەوتن یان شكستی پرۆسەكەوە هەیە كە بڕیارە تا پێش كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان، تەواو بكرێت.
"رێگەنادەین شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و هیچ دەسەڵاتێكی ئەمنی یان سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبوڵ ناكەین" عەلی زەیدی وادەڵێت. وەك بەڵێنێك بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و گرەنتی ئاسایشی ناوچەكە، كە جگە لە یەبەشە، هەریەك لە هێزەكانی سوپا، حەشدی شەعبی، پۆلیس و پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێیە.
هادی شنگالی دەڵێت توركیا فشاری زۆری كردووە تا ئەوان چەك دابنێن، "هەر شتێك بكەین لە پێناو خەڵكی خۆماندایە"، رەتیشیكردەوە ئەو پرۆسەیە پەیوەندی بە بارودۆخی سوریاوە هەبێت. شنگال نزیكە لەو 600 كیلۆمەتر سنورەی لەنێوان عیراق و سوریادا هەیە.
هەر چەك دادی شنگال نادات
لە شنگال كێشەكە تەنیا چەك و سەقامگیری ئەمنی نییە، ساڵانێكە گیرۆدەیە بە دەست فرە ئیدارەیی، وێرانكارییەكانی شەڕ، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوارەییەوە.
میرزا خەڵەف، فەرماندەی پێشمەرگەیە لە شنگال، پێیوایە لانیكەم چەكدانان خزمەتێك بە سەقامگیری قەزاكە دەكات، كە بنەمایەكە بۆ گەڕانەوەی ژیان، "پێمانباشە یەبەشە چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت بكەن، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری و ئاوارەكان زیاتر دڵنیادەبنەوە بۆ گەڕانەوە" بەوتەی خەڵەف بۆ (كەركوك ناو).
شنگال هاوشێوەی چەندین ناوچەی دیكەی نەینەوا لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ كۆتایی 2017 روبەڕوی شەڕ و ململانێی چەكداری بۆتەوە، بەهۆیەوە ژێرخانی خزمەتگوزاری وێران بوو. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هەزاران خێزان لە ئاوارەییدا دەژین بەهۆی نەبونی سەقامگیری تەواوەتی و كەمی پرۆژەكانی خزمەتگوزاری.
قەزاكە دوو ئیدارەی هەیە، یەكێكیان كۆنە و بە مۆری رەسمییەوە لە دهۆك دەوام دەكات -ئەو ئیدارەیە لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و پاشەكشێی پێشمەرگە لە شنگال و شوێنگرتنەوەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ناوچەكەیان بەجێهێشت-، ئیدارەیەكی دیكەش بەبێ دەسەڵات لە شنگالە، ئەوەش گرفتە بۆ راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و هەرچەندە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دوو ساڵ لەمەوبەر قایمقامێكی هەڵبژارد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێی قایل نییە، ئەو حزبە تا پێش شهڕی داعش دهسهڵاتی رههای لەوێ هەبوو.
هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری و ئاوارەكان زیاتر دڵنیادەبنەوە بۆ گەڕانەوە
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، 10ـی ئەیلول، جەختیكردەوە لە پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ساڵی 2020ـی شنگال، ئەوەش لەڕێی "ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، گێڕانەوەی سەقامگیریی، دوورخستنەوەی ھێزە چەکدارەکان لەناوشار و سپاردنی ئەرکی ئەمنی بە ھێزەکانی پۆلیس".
هەروەها بەپێویستی زانی قایمقامی نوێ بۆ شنگال هەڵبژێردرێت، بە رێككەوتنێکی سیاسی و کارگێڕی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.
لیژنەیەكی باڵا بۆ شنگال پێكهێنراوە، وەكو لە بەیاننامەی كۆبونەوەیەی زەیدی و ئێزیدییەكاندا هاتووە، ئەركی لیژنەكە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و وردە لەسەر رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری قەزاكە، بە ئامانجی دیاریکردنی پێداویستییەكان و دانانی چارەسەر.
خەیری عەلی، چالاكوانی ئێزیدیی و بەشداربوی كۆبوونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ـی وت "باسی باشترکردنی بارودۆخی شنگال لەڕوی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵك كرا، لەگەڵ سودمەندبوونی خەڵكی قەزاكە لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون". ئەوە لەکاتێکدایە، حكومەت دەستپێشخەری یەك ملیۆن پارچە زەوی بۆ هاوڵاتیان لە عیراق راگەیاندووە.
رادەستكردنی چەكی یەبەشە و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری، رەنگە چارەسەری گرێكوێرەی چەندین ساڵەی شنگال بێت؛ بەڵام تا ئەوكاتەی دەرەنجامەكان دەردەكەون، پرۆسەكە لە نێوان سەودای سیاسیی و واقیعی مەیدانیدا بە هەڵپەسێراوی دەمێنێتەوە.