ئێزیدییەكانی كۆمەڵگەی دووگرێ لە شنگال، چەند هێزێكی چەكدار ناچار بە پاشەكشێ دەكەن بەمەرجی ئەوەی تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی جێگیربكرێت، ئەوەش دوای چەندجارێك لە فشار و گردبونەوەی ناڕەزایی.
شەڕڤانانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و هێزەكانی پاراستنی ئێزیدخان لە كۆمەڵگەی دووگرێی ناحیەی سنونێ پاشەكشێیان كردووە و بارەگاكانیان داخستووە.
خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ -باكوری خۆرئاوای شنگال- بە (كەركوك ناو)ـی وت "هێزەكانی یەبەشە و ئاسایشی ئێزدیخان، هێزی پاراستنی ئێزیدخان و سوپای عیراق لە كۆمەڵگەی دووگرێ پاشەكشێیان كردووە و تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی ماونەتەوە".
دووگرێ، كۆمەڵگەیەكی ئێزیدی نشینە لە باكوری خۆرهەڵاتی سنونێ و تەقەی نێوان یەبەشە و سوپای عیراق لە چەند رۆژی رابردودا لەو ناوچەیەدا بوو.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەسەر داواكاری خەڵك هێزی خۆمان كشاندەوە، .. ئێستا هیچ پێشمەرگەیەكمان لەوێ نەماوە و ئەمەش بەلای ئێمەوە هەنگاوێكی باشە بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی ئەمنی شنگال"، ئەو پێشنیازیكرد لە ناوچەكانی دیكەی قەزاكەش هەمان هەنگاو بنرێت و تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی هاوڵاتیان بپارێزن.
هێزی پاراستنی ئێزیدخان نزیكەی 25 پێشمەرگە بون و لە دەوروبەری دووگرێ جێگیربون پێش ئەوەی پاشەكشێ بكەن.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "سێ بازگەی سەربازیمان لە دووگرێ هەبوو، لەسەر داواكاری خەڵكی ناوچەكە پاشەكشێمان بە هێزەكانمان كرد بۆ ناوچەكانی تر، ئێستا یەك شەڕڤانی ئێمە لە لە دووگرێ و دەوروبەری نەماون".
دوایین ناڕەزایی هاوڵاتیانی دووگرێ 6ـی ئایار بوو و داوایانكرد تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی لە كۆمەڵگەكە بمێننەوە.
"لێكتێگەیشتنێكمان لەگەڵ سوپادا هەیە كە ئەوانیش پاشەكشێ بكەن بەڵام هێشتا ئەوان نەكشاونەتەوە، لەكاتێكدا داواكاری خەڵك ئەوەیە تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی بمێننەوە" بەوتەی ئەلیاس.
یەبەشە و سوپای عیراق لە 2ـی ئایارەوە بۆ چەند رۆژێك روبەڕوی یەكتری بونەتەوە و بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی، نزیكەی دوو هەزار خێزان لە ناوچە جیاوازەكانی شنگالەوە ئاوارەی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بون، تا دواتر بەپێی لێكتێگەیشتنی هەردوولا ئاگربەستی كاتی راگەیەندرا.
سەعد قاسم، لێپرسراوی راگەیاندنی فرقەی 20ـی سوپای عیراق لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "سوپای عیراق لە دووگرێ ماون و پاشەكشێیان نەكردووە، بەڵام هێزەكانی یەبەشە بە فەرمانی حكومەتی عیراقی لەو كۆمەڵگەیە پاشەكشێیان كردووە".
یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن.
ڤیدیۆ: شنگال/ 7ـی ئایاری 2022/ هاوڵاتیانی كۆمەڵكەی بۆرك لە ناحیەی سنونێ داوای پاشەكشێی هێزە چەكدارەكان دەكەن
لە چەندین ناوچەی دیكەی شنگال چەند رۆژێكە چالاكوان و هاوڵاتیان بە گردبونەوەی ناڕەزایی داوای نەهێشتنی بارگرژییەكان و پاشەكشێی هێزە چەكدارەكان دەكەن.
سەلاح سالم، دانیشتوی كۆمەڵگەی بۆرك لە ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە 7ـی ئایار بۆ زیاتر لە چوار كاتژمێر رێگای سەرەكی ناوچەكەمان داخست و داواكارییەكی زۆر سادەمان هەیە، ئەویش دەرچونی هەموو هێزە چەكدارەكانە، تكایە لێمانبگەڕێن بژین، سوپاسی هەر كەسێك دەكەین بەرگرییان لە خاك و خەڵك كردووە بەڵام ئێستا نامانەوێت هیچ هێزێكی چەكدار بمێننەوە و تەنیا پۆلیسی ناوخۆییمان دەوێت".
هەروەها جەختیكردەوە "وازناهێنین تا هەموو هێزە چەكدارەكان پاشەكشێ دەكەن".
لە ئێستادا تاكە رێگا كە حكومەتی عیراق بەردەوام جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال، جێبەجێكردنی رێككەتننامەی شنگالی 2020یە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، بەپێی ئەو رێككەوتنەش بێت دەبێت هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له قهزای شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.
قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لهڕوی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.