نوێنه‌رانی كورد و توركمان له كه‌ركوك به گومانه‌وه له هه‌وڵه‌كانی دابه‌شكردنی زه‌وی بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌ڕوانن و ترسیان هه‌یه زه‌وییه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكرێنه ئامانج، كه خاوه‌ندارێتیان بۆ كورد و توركمان ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌و هۆیه‌وه به‌ده‌نگی به‌رز له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه.
حكومه‌تی عیراق پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوونی بۆ کەسانی شایستە له پارێزگاكانی عیراق ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام پرۆسه‌كه له كه‌ركوك كه‌وتۆته به‌ر لێشاوی ناڕه‌زایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ی را‌گرتن و خۆپیشاندان.
گرفته‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه نوێنه‌رانی كورد و توركمان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له راگرتنی دابه‌شكردنی هه‌ر زه‌وییه‌ك كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌یان له‌سه‌ره و هێشتا خاوه‌ندارێتیان به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له په‌رله‌مانی عیراق، دووشه‌ممه 21ی ئه‌یلول، ره‌خنه‌ی له‌و هه‌وڵانه گرت و وتی "هه‌ر وه‌زیرێك له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و بێته به‌غدا، وا دەزانێت وەزارەتەکە هی باوکی و عەشیرەتەکەیەتی! تۆ هیچ مافێکی ئەوەت نییە زەوی لە کەرکوک دابەشبکەیت"، زیاتر وتی "هه‌ر وه‌زیره و دێت نوسراو بۆ فه‌رمانگه‌كانی ده‌كات له كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنان و بڕۆن وه‌به‌رهێنان له‌و زه‌وییانه بكه‌ن، خۆ ئه‌وه زه‌ویی باب و باپیرت نییه".
له پرسی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانیشدا، ساڵحی وتی "ئێستا وەزارەتی نەوت چەند ناوچەیەکی دیاریکردووە، جا هی تورکمان بێت یان کورد، خاوەنی هەیە، به‌ڵام دەیەوێت دابەشی بکات." ئه‌و په‌نجه‌ی راوه‌شاند و وتی "له هیچ وه‌زاره‌تێكی حكومه‌تی عیراق جا وه‌زاره‌تی نه‌وت، كشتوكاڵ، ناوخۆ ... قبوڵناكه‌ین".
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا نوێنه‌رانی كورد (یه‌كێتی و پارتی) پشتیوانی قسه‌كانی ئه‌رشه‌د ساڵحییان كرد.
ساڵحی وتی "هیچ زەوییەک لە کەرکوک نەماوەتەوە... بەهۆی بەرژەوەندیی کەسیی خۆتانەوە کەرکوکتان وێران کرد".
بەهۆی بەرژەوەندیی کەسیی خۆتانەوە کەرکوکتان وێران کرد
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ساڵحی و نوێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مانی عیراق، شه‌پۆلێك كاردانه‌وه‌ی له دژایه‌تی و پشتیوانی به‌دواداهات، هه‌ندێكیان تۆمه‌تباریان كرد به‌وه‌ی دژی دابه‌شكردنی زه‌وییه به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵام به‌شێكی تر پێیانوایه رێگریكردن له دابه‌شكردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌و زه‌وییانه‌ی كه هێشتا له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140دا خاوه‌ندارێتی رون نییه، هه‌ڵوێستێكی گرنگه.
ره‌عد ساڵح، نوێنه‌ری پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ساڵحی و نوێنه‌رانی كورد، له پۆستێكیدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، داوایكرد پرسی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان به به‌ڵگه‌وه بسه‌لمێنن، وتی "تا ئێمه‌ش به بەڵگەوە بسەلمێنین كه زه‌وی ده‌وڵه‌تن".
ره‌عد به‌بێ ناوهێنانی هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك، وتی "با خه‌ڵكی كه‌ركوك بزانن كێ له‌پشتی دواخستن و بێبه‌شكردنیانه له شایسته‌كانیان له دۆسیه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ر ئه‌وانیش لە پشت دواخستنی دۆسیه‌ی دامه‌زراندنی 7304 گرێبه‌ستی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ن".
با خه‌ڵكی كه‌ركوك بزانن كێ له‌پشتی دواخستن و بێبه‌شكردنیانه له شایسته‌كانیان
له وه‌ڵامدا، ئه‌حمه‌د ره‌مزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له به‌ره‌ی توركمانی و كه‌سایه‌تی نزیكی ئه‌رشه‌د ساڵحی، وتی "به‌ڵگه‌مان پێیه كه ئه‌م زه‌وییانه هی توركمان، كورد و هه‌تا عه‌ره‌بیشن، ئه‌گه‌ر ئه‌و بەڵگەیەی لای تۆش بریتییە لەوەی زەوییەکە موڵكی ده‌وڵه‌ته، ئه‌وا ئه‌و به‌ڵگه‌یه تەنیا بریتییه له بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ی حزبی به‌عسی له‌ناوچوو".
"ئێمه دژی دابه‌شكردنی زه‌وی نین بەسەر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵكو پاڵپشتی هه‌نگاوه‌كه‌ین، نامانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی ئه‌و زه‌وییانه بێت كه كێشه‌یان له‌سه‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی له كێشه‌ی داهاتوو به‌دوربین"، ئه‌مه وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ره‌عد ساڵح، كه ئه‌رشه‌د ساڵحی تۆمه‌تباركردبوو به‌وه‌ی گوایا دژی پێدانی شایسته‌ی فه‌رمانبه‌رانه.
ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له فركسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، له نوسینێكیدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وتی "بابه‌ته‌كه ماف و یاسایه... ئێمه له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی زه‌وین بەسەر ئه‌وانه‌ی شایسته‌ن له هه‌موو خەڵکی كه‌ركوك به‌بێ جیاوازی، به‌ڵام رێگه‌پێدراو نییه هیچ زه‌وییه‌ك دابه‌شبكرێت كه كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی له‌سه‌ر بێت...". زیاتر وتی "ئه‌مه بۆ پاراستنی مافی خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كه‌یی و پاراستنی سودمه‌ندبووانیش له كێشه‌ی داهاتوو".
رێگه‌پێدراو نییه هیچ زه‌وییه‌ك دابه‌شبكرێت كه كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی له‌سه‌ر بێت
مانگی رابردوو دانیشتووانی گوندی تۆپزاوا له كه‌ركوك كه له كورد و توركمان پێكهاتبون، خۆپیشاندانیان كرد دژی هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ دابه‌شكردنی رووبه‌ری 850 دۆنم زه‌وی گونده‌كه به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، ئه‌وان داوایانكرد یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌ویوزار جێبه‌جێبكرێت.
ئه‌و یاسایه تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بە سەركردایەتی سەدام حسێن، به‌پێی یاساكه ئەو زەوی وزارانەی لە پارێزگاكانی كەركوك و دیاله، سه‌ڵاحه‌دین و چەندین ناوچەی تر لە خاوەنە رەسەنەكانیان سەندرابون، دەگەڕێنرێنەوە بۆیان.
یاساكه كه له 21ـی كانونی دوەمی 2025 په‌سه‌ندكرا، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له ساڵی 1957 به بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش خاوه‌ندارێتی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری، نه‌وت، دارایی و ئیداره خۆجێیه‌كان گواسترایه‌وه.
ئه‌رشه‌د ساڵحی، پشتیوانی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ی كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی رابه‌رایه‌تی خۆپیشاندانی كرد، دژی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبن له‌و شێوازه مامه‌ڵه‌یه‌ی به زه‌ویوزاری كه‌ركوكه‌وه ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به تائیفی و ره‌گه‌زپه‌رست ناوبرد.
ساڵحی وتی "كه‌ركوك پارێزگایه‌كی هه‌ستیاره، زه‌وییه‌كانی كێشه‌یان له‌سه‌ره".