توركمان ئيلى: له‌ مافی خۆمان خۆشنابین و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكمان ده‌وێت

كه‌ركوك، ئایاری 2020، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی لێپرسراوانی باڵای حزبی توركمان ئیلی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

حزبی توركمان ئیلی له‌ كه‌ركوك، ئیداره‌ی ئێستا پارێزگاكه‌ به‌ "ناشه‌فاف و شكستخواردوو" وه‌سفده‌كه‌ن و داواده‌كه‌ن تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، پۆستی پارێزگار به‌ كاندیدێكی توركمان بدرێت.

ئه‌و داواكارییه‌ی توركمان ئیلی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات، كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی ئایار به‌ڕێوه‌چوو ده‌رباره‌ی چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك، له‌ نێویاندا ئاڵوگۆڕی پۆست و ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی چه‌ند پارێزگایه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه‌.

ته‌یمور عەبدولعەزیز بەیاتی، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی حزبی توركمان ئیلی له‌و كۆنگره‌دا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی "پێمانوایه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پۆستانه‌ی به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن كۆتایی هاتووه‌ و پێویسته‌ پۆستی پارێزگار بدرێت به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی توركمان تا كاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو".

له‌ كۆتایی ساڵی رابردوه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌ و واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نه‌كانیش نادیاره‌.

"ئێمە لە حەقی خۆمان خۆشنابین و ئەگەر بە هۆی بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكان و كۆرۆناوه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وا بۆ خۆپیشاندان لەسەر شەقامەكان ده‌بوین".

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك، راكان جبوری، وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عیراق ده‌ستبه‌كاربوو، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ركوك له‌و پۆسته‌.

له‌وكاته‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان كه‌ پۆسته‌كه‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت نه‌یتوانیووه‌ وه‌ریبگرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دوای چه‌ندین مانگ له‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكرات دواجار له‌سه‌ر كاندیدێك رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ش ره‌زامه‌ندی لایه‌نه‌كانی تری توركمان و عه‌ره‌بی به‌ده‌ستنه‌هێنا.

لێپرسراوه‌كه‌ی توركمان ئیلی ئیداره‌ی ئێستای پارێزگای كه‌ركوكی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی "سه‌ركه‌وتوو نه‌بون له‌ ئیدارەدانی شار و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان نەتەوەكاندا، شەفافانە كارناكه‌ن.. ژماره‌یه‌ك لێپرسراو و فه‌رمانبه‌ری دیوانی پارێزگا تۆمه‌تباركراون له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌سپاكییه‌وه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی".

به‌وته‌ی ته‌یمور به‌یاتی توركمان له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی رژێمی پێشوی به‌عسه‌وه‌ تائێستاش "هه‌ر غه‌درلێكراو بوین.. كار به‌ رێككه‌وتنه‌كان نه‌كراوه‌، له‌ 2003وه‌ تا 2017 كورد پۆسته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌گۆڕی و له‌وكاته‌شه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب پۆسته‌كانمان پڕده‌كه‌نه‌وه‌".

پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، به‌ڵام ئێستا ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌یه‌.

توركمان ئیلی، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا داوایان له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عیراق كرد له‌ پۆسته‌ وزارییه‌كان و داموده‌زگاكانی دیكه‌دا به‌شداربن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT