لیوا عەلی کەمال، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك، توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری تەندروستیدایە.
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لەناوبراو، لیوا عەلی كەمال، پێنج رۆژ لەمەوبەر دوای ئەوەی پشكنینی كردووە، دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.
"سەرەتا لە نەخۆشخانەی كۆماری بووە، دواتر بۆ نەخۆشخانەی ئازادی گوزاراوەتەوە و ئێستا لەوێ لەژێر چاودێریدایە"، بەڵام سەرچاوەكە هیچی نەوت لەبارەی ئەوەی بۆچی نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا لە ناوچەی پشەسازی كەركوك.
لەبارەی بارودۆخی لیوا عەلی كەمال، سەرچاوەکە وتی "بارودۆخی تەندروستی زۆر باش نییە".
كەركوك دوای نەجەف، دووەم پارێزگای عیراق بوو لە كۆتایی شوباتی ئەمساڵ حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای تیادا بڵاوبۆوە، تائێستا لەو پارێزگایە 536 حاڵەت تۆماركراون، لەو رێژەیە 118 كەس بەتەواوی چاكبونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو كەسوكارییان و 18 كەسیش گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش بەپێی دواین ئاماری پێنجشەممە 18ی حوزەیران.