سرود محەمەد، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئه‌مه‌ل لە پارێزگای کەرکوك دەڵێت ژن هەیە بە 25 هەزار دینار پرۆژەی دەستپێكردووە و سەركەوتوو بوە، بەڵام تەحەدی زۆری كۆمەڵایەتی و یاسایی لە بەردەم تواناكانیاندا هەن، لە هەندێك شوێن و ناوچە پیاوسالاری هێندە بەربەستە كە حەزناكەن ژنەكانیان پارەداربن، چونكە دەزانن دەبێتە سەرچاوەی هێز.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، سرود ديارترين ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی عيراق لە رووی دارایی و چوونە نێو بازاڕی کارەوە ئاشكرادەكات. هەروەها چەمكی دادپه‌روه‌ری ئابووری و هەڵمەتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پەراوێزخستنی بە ئەنقەستی ژنان، روندەكاتەوە. لەگەڵ هەنگاوەكانی هاوپەیمانی (پێكەوە لە پێناوی یەكسانیی ئابووریدا)، كە ژمارەیەك رێكخراو و دامەزراوەی عیراق بە پاڵپشتی رێكخراوی ئۆكسفام، پێكیانهێناوە.
كه‌ركوك ناو: ئه‌و هۆكاره ریشه‌ییانه چین كه رۆڵیان هه‌یه له په‌ره‌سه‌ندنی نایه‌كسانی ئابووریی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا؟
سرود محه‌مه‌د: زۆر هۆکار هەن کە واده‌كه‌ن نایەکسانی ئابووری بۆ ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاتر ته‌شه‌نه بكات، لە پێش هەموویانەوە ئەو کلتوورە کۆمەڵایەتییەی وادەکات ژنان بە ئهستەم دەربچن لە ماڵەوە بۆ کارکردن، هەروەها نەبوونی هۆشیاری لای ژنان سه‌باره‌ت به یاسای کار و ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتی، کە هۆکارێکی دیكه‌ی پێشێلكردنی مافەکانیانه.
له‌سایه‌ی نەبوونی ژینگەیەکی گونجاوی کارکردن و کەمی ستافی سه‌رپه‌رشتیكردنی خاوهنكاران لە بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەروەها هاننەدان بۆ تۆمارکردنی کرێکاری ژن لە ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتیدا، ئەمە جگە لە چه‌ندین هەلومەرجی نەگونجاو کە خۆی ده‌بینێته‌وه له هەستنهکردن بە ئارامی لە ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گێچه‌ڵ لە چوارچێوەی ژینگەی کاردا، کە بهگەورەترین ئاڵنگاری به‌رده‌م ژنان داده‌نرێت.
كه‌ركوك ناو: ئەوانەی باستكرد هەموو هۆكارەكان بون، یان هۆكاری دیكه هه‌یه كه ره‌نگه لاوه‌كی بن؟ بۆ نمونه، هەندێك هۆكار كه جیاواز بێت له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر یان له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر؟
سرود محه‌مه‌د: دۆخی ژنانی کرێکار لە عيراقدا بەپێی تایبەتمەندی کلتووری هەر ناوچه‌یه‌ك دەگۆڕێت. هەرێمی کوردستان بەهۆی سەقامگیری و ئاسایش و کرانەوە ژینگەیەکی باشتری کارکردن و چاودێریکردن بۆ ژنان دابین دەکات، له‌به‌رانبه‌ردا، ئه‌م پرسە له‌لایه‌ن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سه‌ر به حکومەتی فیدراڵی په‌راوێزخراوه، کە به گرنگترین وەزارەت داده‌نرێت بەهۆی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ کۆمەڵگە و توێژه لاوازه‌كانی وەک بەساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت و ژنانی نێو شێڵته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌قوربانیانی توندوتیژی خێزانی.
پێویستە حکومەت گرنگی بە دامه‌زراوه خزمەتگوزارییەکان بدات و کارمەندی شارەزایان بۆ دابین بکات، هەروەها بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی دروست چالاک بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی کرێکاران و مافەکانیان وه‌ك مافی خانەنشینی و هه‌ژماركردنی کاتژمێری زیادەی كاركردن و مۆڵەتی نەخۆشی، بەتایبەتی بۆ دایکانی دووگیان، کە لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران ژمارە 18ـی ساڵی 2023ـدا هاتووه.
هەروەها لە مادەی (46)ـی یاساکەدا مۆڵەتی منداڵبوون دیاریکراوە، کە پێویستە خاوەنکار مووچه‌ی 14 هەفتە دابین بکات، کە له ئه‌ستۆی سندوقی حكومی بۆ ده‌سته‌به‌ری منداڵبووندایه، له‌لایه‌كی تره‌وه مادەی (45) سندوقەکە پابەند دەکات کە خەرجییەکانی ژنانی کرێکار دابین بکات لە ئەگەری دروستبونی كێشه‌ی تەندروستی یان نەشتەرگەری، ئه‌وه‌ش دوای سەلماندن بە راپۆرتی پزیشکی، هاوكات مادەی (29) رێگە بەو ژنه ده‌دات کە سێ منداڵی خوار تەمەنی 15 ساڵی هه‌بێت و خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت، مافی خانەنشینی پێشوەختەی هەبێت به‌هه‌موو ئیمتیازاتێكهوه، ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی منداڵەکان، هەروەها دڵنیابوون لەوەی دایک خۆی تەرخاندەکات بۆ بەخێوکردنیان و چاودێریكردنی تەندروستییان، به‌ئامانجی رێگرتن لە دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی پیشەیی لە ئەنجامی دڵەڕاوکێی خێزانی، هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی چارەسەر و پزیشکی له‌سه‌رشانی دەوڵەت.
كه‌ركوك ناو: بۆچی نایەكسانیی ئابووری زیاتر كاریگەری و لێكەوتەكانی لەسەر ژنانە؟
سرود محه‌مه‌د: نەبوونی ژینگەیه‌كی سەلامەت و گونجاو بۆ كاركردنی ژنان لە عيراقدا لێكه‌وته‌ی مه‌ترسیداری هەیە. ئەمه‌ش بهپێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی کارکردن داده‌نرێت و دەرگا بەڕووی گێچه‌ڵكردن و سوكایه‌تیكردن به ژنانی کرێکاردا دەکاتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنانەی بژێوی خێزانەکانیان دابین ده‌كه‌ن، وه‌ك بێوەژن و جیابووه‌وه و ئه‌و ژنانه‌ی مێرده‌كانیان كه‌سانی خاوەن پێداویستی تایبەتن.
پێویستە رێکاری توندی چاودێریکردن كارا بکرێت بۆ پاراستنی توێژه لاوازەکان، لەوانە دانانی لیژنه‌ی پشکنینی سەر بە فه‌رمانگه‌ی ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتی، ده‌ستنیشانكردنی کارمەندانی ئاسایش به جلوبەرگی مه‌ده‌نییه‌وه بۆ هەڵسەنگاندنی ئاڵنگارییەكان لەناو ژینگەکانی کارکردن و چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان، هەروەها كاراكردنی هێڵی گەرم بۆ ئاگاداركردنه‌وه سه‌باره‌ت به حاڵەتەکانی گێچەڵكردن بەشێوه‌یه‌كی نهێنی، پێویستیشه ژنان هانبدرێن بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزاری فریاگوزاری 911 بۆ گه‌ره‌نتیكردنی مافەکانیان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گێچه‌ڵ.
زۆر گرنگە ژینگەیەکی کارکردنی هاندەر بۆ ژنان دابین بکرێت. ئەمەش راستەوخۆ رۆڵی ده‌بێت لە کردنەوەی بازاڕی نوێ و چالاككردنی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی گیانی هاوڵاتیبوون و هەروەها کەمکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییە نه‌رێنییه‌کانی وەک کاركردنی منداڵان. چەندین ئەزموونی ئیلهامبەخش هه‌یه تایبه‌ت به ژنانی ئاوارە و ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رۆك خێزانن کە توانیویانه پرۆژه‌ی بچووك ده‌ستپێبكه‌ن به سەرمایەی 25 هەزار دینار، ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەدەستهێنانی خۆبژێوی دارایی وتوانیان منداڵەکانیان بگەڕێننەوە بۆ قوتابخانە و داهاتوویان مسۆگەر بکەن. ئەمەش گوزارشت لە کاریگەرییە دەرونی و کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکانی به‌تواناكردنی ژنان ده‌كات له‌ڕووی ئابورییه‌وه و پاراستنی شكۆیان و کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئازار ده‌چێژم كاتێك منداڵیك ده‌بینم له‌ترافیك و بازاڕه‌كاندا چه‌ندین كاتژمێر له‌به‌ر هه‌تاودا ده‌وه‌ستێت بۆ دابینكردنی بژێوی و یارمه‌تیدانی خێزانه‌كه‌ی، له‌كاتێكدا ئێمه‌ی گه‌وره ناتوانین چه‌ند خوله‌كێكیش له‌به‌ر ئه‌و هه‌تاوه‌دا بوه‌ستین. منداڵ هه‌یه ته‌مه‌نیان 9 یان 10 ساڵه و یارمه‌تی دایكیان ده‌ده‌ن له‌كاركردندا.
پیاوان حه‌زناكه‌ن ژنه‌كانیان پارهداربن، چونكه ده‌زانن ئه‌وه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی هێز بۆیان
كه‌ركوك ناو: ئه‌و به‌ربه‌سته شاراوانه چین كه ناهێڵن ژنان سه‌ربه‌خۆیی دارایی به‌ته‌واوی به‌ده‌ستبهێنن و لێكەوتەكانی لەسەر ئابووری خێزان و كۆمەڵگە چییە؟
سرود محه‌مه‌د: به‌ربه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی ئاڵۆز هه‌یه له‌به‌رده‌م به‌تواناكردنی ژنانی عیراق له‌ڕوی ئابورییه‌وه، به‌تایبه‌تی له گوندەكان و ده‌وروبه‌ری شاره‌كان كه تیایدا كلتوری پیاوسالاری ده‌بێته به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كی له‌به‌رده‌م بهردەوامبونی پرۆژه بچوكه‌كانی ژنان، به‌وپێیه‌ی پیاو حه‌زناكات ژنه‌ی خاوەنی پاره بێت، چونكه ده‌زانێت ئه‌وه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی هێز بۆی.
له‌به‌شێك لەو پڕۆژانە کە پاڵپشتیمان کردووە تێبینی حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی پشتیوانییه داراییەکان و قازانجەکانمان كرد له‌لایه‌ن به‌شێك لەو پیاوانه‌ی وازیان لە ژنەکانیان هێناوە، بە زۆر و بە توندوتیژی ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی پڕۆژەکەدا ده‌گرت، ئەمەش به‌هۆی تێڕوانینێكی کۆمەڵایەتییەوە بوو کە خاوەندارێتی ژنان بۆ پارە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سستمی پیاوسالاری وێنا ده‌كات. هەر ئەوە هۆکاری رێگریکردنه لە ده‌ستاوده‌ستكردنی قازانج و پەرەپێدانی كاری تایبەت بە پشتیوانیکردنی خێزان.
جگه له‌وه‌ش، پاراستنێكی یاسایی کاریگەر لە بنکەکانی پۆلیس لە ناوچە گوندنشینەکان و ده‌وروبه‌ری شارەکاندا بوونی نیه، به‌وپێیه‌ی هەندێک لە لایه‌نه جێبه‌جێكاره‌كان رەتیدەکەنەوە سکاڵای ژنانی قوربانی وەربگرن بە بیانووی پاراستنی به‌های کۆمەڵایەتی، یان بەهۆی پەیوەندیی کەسیی نێوان به‌شێك له ئەفسەران و هاوسه‌رانی ئه‌و ژنانه. ئاڵنگارییه‌كان زۆرن، بەڵام ئه‌و ئانگارییانه لەناو شاره‌كاندا کەمترن.
كه‌ركوك ناو: ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگەی مه‌دەنی چین بۆ نه‌هێشتنی نایه‌كسانیی ئابووریی؟ چ جۆره پشتیوانییهكتان پێویسته له‌لایه‌ن كه‌رتی گشتی و تایبهتەوە بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و هه‌وڵانه؟
سرود محه‌مه‌د: ئێمه له‌كه‌مپینی "پێكه‌وه له‌پێناوی یه‌كسانیی ئابووریدا" جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هۆشیاری کۆمەڵگه و میدیا دەکەینەوە، لە ڕێی پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیا یان کەناڵەکانەوە بۆ گۆڕینی تێڕوانینە نەرێنییە باوەکان بەرامبەر بە کاركردنی ژنان، دەستووری عيراق مافی کارکردنی چه‌سپاندوه بەبێ جیاوازی، جگە لەوه‌ش دەوڵەت پابه‌نده بە پاراستنی دایكان و منداڵان و شكۆی مرۆڤایه‌تی.
نەبوونی قەرزی ئاسان و ژینگەی گونجاوی کارکردن، وایكردوه به‌شێك لە ژنان، لە ژێر باری نه‌داری و نەبوونی پشتیوانی، په‌نا بۆ بژارده‌ی سه‌خت ببه‌ن کە هەڕەشەن بۆ سه‌ر ژیان و شكۆیان، وەک وازهێنان لە خوێندن، کاركردن به منداڵان، به‌شوودانی پێشوه‌خته‌ی كچه‌كانیان تا ده‌گاته فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە و بوون به قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. هیچ لۆژیكی نییه كه کۆمەڵگه قبوڵی بێت ژنێک له شەقامەکاندا سواڵ بکات بەڵام قبوڵی نه‌بێت كارێكی شهرهفمهندانەی لە شوێنێکی باش‌دا هه‌بێت.
پێویستە داوای میکانیزمی بەپەلەی پشتیوانی حکومی و کۆمەڵگه‌یی بکرێت کە دابینکردنی قەرز و مسۆگه‌ركردنی بهبازاڕكردن له‌خۆبگرێت، له‌پاڵ په‌ره‌پێدانی هۆشیاری یاسایی له‌باره‌ی میکانیزمەکانی خۆتۆمارکردن له‌ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتی بۆ زامنكردنی سەقامگیری دارایی و هاندانی ژنان بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌ر پێشێلكاری یاخود گێچه‌ڵێك لە ڕێی هێڵی گەرمی 911-ـەوه. له‌ڕێی ئێوه‌وه داوا له میدیاكان ده‌كه‌ین تیشك بخه‌نه سەر ئەم ئانگارییانه و پشتگیری لە پڕۆژە بچووکەکانی ژنان بكه‌ن وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی شكۆی ژنان و کۆمەڵگه.
كه‌ركوك ناو: لە ڕێی کاری مەیدانی و چاودێریکردنتان بۆ دۆخه‌كه، ئەو لایەنە دیارانە چین کە حکومەت لە کاتی چارەسەرکردنی قەیرانی نایەکسانیی ئابووریدا فه‌رامۆشی دەکات؟
سرود محه‌مه‌د: پێویستە سیاسەتەکانی حکومەت بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی سوودمەندن، بگۆڕێت لە سیستەمی هاوکاری نەختینەیی سنورداره‌وه بۆ بەرنامەی دۆزینه‌وه‌ی كار و تێكه‌ڵكردنی ئابووری، هەروەها دیدێكی ئاڵتهرنهتیڤ هەبێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و بەفیڕۆدانه داراییه و له‌جیاتیدا کارگەی نیشتمانی بكرێته‌وه و کەرتی کشتوکاڵ كارا بكرێت بۆ سودوه‌رگرتن لە تواناکانی ژنان. ئەم هەنگاوە هانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەدات و هاوردەکردن له‌ده‌ره‌وه کەمدەکاتەوە، جگه له تێکەڵکردنی ژنان به کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان، بۆ دەستەبەرکردنی داهاتێکی بەردەوام کە لە بازنەی نه‌داریی دەریانبهێنێت و لە بارگرانییەکی داراییەوە بیانگۆڕێت بۆ هێزێکی بەرهەمهێنەر کە پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی دەکات.
پێویستە دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی هه‌بێت و حکومەت ستراتیژێکی هەمەلایەنەی بهتواناكردن بگرێته‌به‌ر بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەكانی ژنان لە قەزا و ناحیه‌كاندا، له نموونه‌ی چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی به‌شێك له ژنانی ناوچەکانی حەویجە، دوبز و رەشاد (لە كەركوك) له‌ڕێی رێكخراوی ئه‌مه‌له‌وه. پێویستیشە پلانی بەتواناکردنهكه دابینکردنی قەرزی ئاسانكراو بەبێ سوود یان بهکەمترین سوود له‌خۆبگرێت له‌پاڵ ئاسانکردنی رێکارەکانی بەدەستهێنانی قه‌رز، هه‌روه‌ها به‌رێوه‌بردنی خولی راهێنانی چڕ لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوام و به‌دواداچوونی تۆمارە داراییەکان بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پڕۆژەکان و هەڵسەنگاندنی قەبارەی بەرهەمهێنان و رادەی پێویستی بازاڕ بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه، جگە لە چاره‌سه‌ركردنی ئاستەنگەکانی وزە لە رێگەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ مۆلیدەکان یان پاڵپشتیکردنی گواستنەوە بۆ به‌كارهێنانی وزەی خۆر.
ژن هەیە بە 25 هەزار دینار پرۆژەی دەستپێكردووە و منداڵەكانی گەڕاندۆتەوە بۆ قوتابخانە
لەڕێی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی له رەشاد و حەویجە هه‌مانبوو سەرکەوتنی ژنانمان سەلماند لە بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژانەی لەگەڵ تواناکانیاندا دەگونجێت، وەک بەخێوکردنی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلکە، هەنگوین و ئالیك، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی کاری دەستی. قازانجی ئەم پڕۆژانە تەنها لەڕووی داراییه‌وه نه‌بوو، بەڵکو رۆڵیان هه‌بوو له چوونی ژنان بۆ سه‌نته‌ره‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری، کە هەندێکیان درێژه‌یان دا به خوێندن تا ئاستی زانکۆ، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی هه‌بوو لەسەر به‌رزكردنه‌وەی هۆشیاری خێزانەکان، کەمکردنەوەی به‌شوودانی منداڵان و هاندانی نه‌وه‌كانی داهاتوو بۆ سودوه‌رگرتن لە تواناكانی ژنان.
به‌پێی پسپۆڕێكی بواری پەروەردە، پێویستە به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە هەر خوێندکارێکدا بکرێت بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی زانکۆ کارێک بدۆزێتەوە. ئێستا پێویستە ژینگەیەکی گونجاوی کارکردن لە کەرتی تایبەت و هاوبه‌شدا دروستبکرێت بۆ سودوه‌رگرتن له تواناكانی گەنجان و ژنان و ڕێگری كردن لە بەفیڕۆدانی ئه‌و بودجه‌یه‌ی حکومەت بۆ کەرتی پەروەردە ته‌رخانی ده‌كات. دیدی ئاڵتهرنهتیڤ جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنی ئابوری شاری کەرکوك كه ده‌وڵه‌مه‌نده به‌نه‌وت و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، لەڕێی دامەزراندنی کارگەی ناوخۆیی کە کۆتایی بە هاوردەکردنی کاڵا و بەروبوم بهێنن، هەروەها دابینکردنی قەرزی بێ سو‌و بۆ هاندانی کۆچی پێچەوانە له شاره‌وه بۆ گوند و پاڵپشتیکردنی جووتیاران.
پێویسته موچەی ژنانی کرێکار لە ڕێی کارتی بانكیی "ماستەرکارد"ـەوە ته‌وتین بكرێت، هاوکات لەگەڵ راگه‌یاندنی بەرنامەکانی هۆشیاری دیجیتاڵی بۆ پاراستنی ژنان لە گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی. هەروەها پێویستە گه‌ڕانی پشکنەرانی کار چڕتر بکرێتەوە بۆ ناونوسكردنی ژنانی کرێکار لە فه‌رمانگه‌كانی ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی ئەو بڕگه دەستوورییانهی زامنی پاراستنی دایكان دەکەن" بە کەمکردنەوەی ماوه‌ی کارکردن و فشاری كار، بە شێوەیەک کە مافەکانیان مسۆگەر بکات و بەهاکانی هاووڵاتیبوون بچه‌سپێنێت.
كه‌ركوك ناو: ئایا یاساكانی ئێستا رەنگدانەوەی پابەندبوونێکی راستەقینەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی ئابووری، یان پێویستیان بە هەمواركردنەوە و دەركردنی یاسای نوێ هەیە؟
سرود محه‌مه‌د: نه‌بوونی هۆشیاری و لاوازی چاودێریکردن رێگره لە سوودوه‌رگرتن له یاسای نوێی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە 18ـی ساڵی 2023، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داوا له حکومەت ده‌كرێت میکانیزمەکانی جێبەجێکردن بۆ به‌شداریكردنی ژنان له بازاڕی کار و جوڵاندنی نیوەی هێزی کار لە ماڵەکاندا (سڕكراو) كارا بكات.
بەربەستی ئێستا خۆی له نەزانینی مافە یاساییەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان ده‌بینێته‌وه، لەگەڵ کەمیی ستافی پشکنەرانی کار کە ئەرکیان چاودێریکردنی خاوەنکارەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە کارمەند و كرێكاره‌كانیان لە سستمی ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتیدا تۆمار ناكه‌ن.
ئه‌و دیده‌ی خراوه‌ته‌ڕوو، پاکێجێک لەخۆدەگرێت بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان و ئەو ڕێکخراوانەی کە ژنان ده‌خه‌نه سه‌ركار. دیارترینیان پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری ئیداریی، کەمکردنەوەی رۆتین، لەگەڵ لێخۆشبوو‌ن یان کەمکردنەوەی باج بۆ ئەو كۆمپانیایانه‌ی هێزی كاری ژنان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. ئامانج لەم لێخۆشبوونانە قەرەبووکردنەوەی كۆمپانیاكانه بۆ ئه‌و تێچوونانەی پەیوەستن بە چاودێری ژنان و ره‌چاوكردنی پابه‌ندییه جەستەیی و خێزانییەکانیان کە پەیوەندییان بە دایکایەتی و منداڵبوونەوە هەیە، ئەمەش بەشداریی ژنان مسۆگەر ده‌كات وەک هێزێکی به‌رهه‌مهێنانی چالاک کە پاڵپشتی ئابووریی نیشتمانی دەکات.
كه‌ركوك ناو: چی په‌یامێك یان داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی لێپرسراوان و ناوەندەكانی بڕیار دەكەن بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی هەیە؟
سرود محه‌مه‌د: پێویستە میکانیزمەكانی جێبه‌جێكردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی كارا بکرێن، هەروەها كه‌مكردن یان به‌تاوان ناساندنی جیاكاری بەرامبەر بە ژنان لە شوێنی کاردا، بۆ ئەوەی لە پێشێلكاری دارایی و جەستەیی پارێزراو بن.
پێویستیشە دیدی وەزارەتی کار لەسەر بنەمای بەهێزکردنی سستمی پشکنین و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی به "ستافی ژن" بێت، کە وابكات ژنان ئاسانتر و بەبێ شه‌رمكردن سكاڵاكانی خۆیان بگه‌یه‌نن له‌باره‌ی حاڵه‌ته‌كانی گێچه‌ڵ یان كه‌میی كرێ، له‌گه‌ڵ دروستکردنی کەناڵی رونی پەیوەندی بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافە خوراوهكانیان، ئەمە جگە لە پێشكه‌شكردنی هاندان بۆ کەرتی تایبەت له‌ڕێی کەمکردنەوەی باج و نه‌هێشتنی رۆتین بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە ژنان ده‌خه‌نه سه‌ركار.