چیرۆكی من
لەدەستدانی بینایی؛ ئاوات و خولیاكانی دڵی نور ناكوژێننەوە
نور تائیی، پێشكەشكاری بەرنامەی رادیۆیی فۆتۆ: عەلی مەحبوب

لە منداڵییەوە هیواخوازبوم ببمە بێژەر یا پێشكەشكاری بەرنامە

لەدەستدانی بینایی؛ ئاوات و خولیاكانی دڵی نور ناكوژێننەوە

  • 2022-05-27

"هەستمكرد دوای چەند كاتژمێرێك تەمەكە نامێنێت و وەك هەموو جارێك بەهۆی نەخۆشیی لە چاومدا دروستبووە، بەڵام ئەو تەمومژە مایەوە تا بە تەواوی بیناییم لەدەستدا، بەوەش دەبوو سەرلەنوێ فێری ئەو شتانە ببمەوە كە پێشتر ئەنجامم دەدان؛ وەك رۆیشتن و سەركەوتن بەسەر پلیكانە و نانخواردن و خوێندن".

چاوەكانی نور دەدرەوشێنەوە؛ كاتێك لەگەڵ قسەكانیدا بۆ (كەركوك ناو) بەرەو سەر سەكۆی نێودەوڵەتی (TEDX) هەنگاودەنێت، تا لەوێ چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە؛ چۆن بە دوو چاوی تاریك و بیروهۆشێكی تێگەیشتوانە و فراوانترەوە سەردەمی دەسەڵاتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـی لە موسڵ تێپەڕاند.

لەو بۆنەیەدا كە بۆ هاوبەشيكردنی ئەزمون و گفتوگۆ لە بەغدا سازكراوە، نور تائیی (21 ساڵ)، دەرفەتی دوو خولەك و نیوی هەبوو لەبەردەم ئامادەبواندا چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە، بە تامەزرۆییشەوە هەموان گوێیان لێگرت.

 

بەر لە TEDX

نور نەیدەزانی هێرشەكانی 2014ـی داعش و دەستبەسەرداگرتنی موسڵ كۆتایی بە بینایی ئەو دەهێنن.

لە منداڵییەوە نەخۆشییەكی چاو، بینایی نور دەشێوێنیت و چارەسەری یەكجاریی لەڕێی نەشتەرگەرییەوەیە، بەڵام پێویستە بۆ ئەو نەشتەرگەرییە چاوەڕێی تەمەنێكی گونجاو بكات، ئەو تەمەنە گونجاوەش كەوتە كاتی شەڕی داعش.

كەسوكاری هەوڵەكانیان چڕكردەوە تا لە موسڵ رزگاری بكەن و لە وڵاتی هیند نەشتەرگەری بۆ چاوەكانی بكەن.

"ئەوكاتە بە هەموو رێگەیەك هەوڵمدا چارەسەری بكەم، تەنانەت ئەگەر ناچاربام خانوەكەشم بفرۆشم، بەڵام داعش رێگەیان نەدا لە شارەكە دەربچین و نەشتەرگەری بۆ بكەین، بە پاساوی ئەوەی دەوڵەتەكەیان نەخۆشخانە و پزیشكی وای تێدایە بتوانن ئەو كارە بكەن" باوكی نور وای وت، كاتێك چاوەڕێی تەواوبونی بەرنامەی رادیۆیی كچەكەی بوو، كە لە دامەزراوەیەكی ناوخۆیی موسڵەوە پێشكەشی دەكات.

 الكفيفة (2)
نەینەوا/ 2022/ نور لەكاتی پێشكەشكردنی بەرنامە لە رادیۆیەكی شاری موسڵ فۆتۆ: عەلی مەحبوب

حوكمڕانی سێ ساڵەی داعش كۆتایی بە هیواكانی نور ناهێنن؛ هێشتا لە هەڕەتی چالاكیی و كاركردندایە بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانەی دەمێكەیە چاوەڕێیان دەكات، رۆژەكانی بە فێربون پڕدەكاتەوە، گوێ لە رادیۆ دەگرێت، لەڕێی ئەو ئامێرە رادیۆییە بچوكانەی موسڵاوییەكان لەكاتی دەسەڵاتدارێتی داعشدا بۆ بیستنی هەواڵەكانی عیراق بەكاریاندەهێنا.

ئەو خەونەی نور لە كاتێكدا چاوەكانی دەیبینی وێنای كرد، دوای رزگاربون لەو رێكخراوە و بە نابینایی بەدیهێنا.

نور دەڵێت "لە منداڵییەوە رادیۆیەكی بچوكم هەبوو، هیواخوازبوم ببمە بێژەر یا پێشكەشكاری بەرنامە، بۆیە ماوەی سێ ساڵ بەردەوام گوێم لەو رادیۆیە گرت، چونكە خەونەكانی خۆم تیادا دەبییینەوە و دەمهێنایە پێش چاوم كە من بەرنامەی رادیۆیی پێشكەش دەكەم، بەڵام نەمدەزانی چۆن ئەوە بكەم؟".

لە ساڵی 2018ـدا دەچێتە یەكەم ئێزگەی رادیۆیی موسڵی دوای داعش، لەوێوە ژیانی پیشەیی بە بەرنامەیەك لەسەر خاوەن پێداویستییە داهێنەرەكان دەستپێدەكات و زۆر كەس سەرسامی خۆی دەكات.

"سەرسام بوین بە ئەدای نور كاتێك تێستی دەكرد، بۆیە یەكەم كەس بوو دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت راستەوخۆ بچێتە پەخش لەنێو هەموو ئەوانەی دیكەدا كە داواكارییان پێشكەش كردبوو" عەبدولباست، پێشكەشكاری بەرنامە لە هەمان رادیۆ وای وت.

تا ساڵی 2019 نور لە پێشكەشكردنی بەرنامەی رادیۆیی و دەركەوتن لە راپۆرتە تەلەفزیۆنییەكاندا بەردەوام دەبێت، تا تەحەدییەكی دیكەی روبەڕو دەبێتەوە، ئەویش تەواوكردنی تاقیكردنەوەی بەكالۆریایە.

"لە پاڵ دایكمدا دادەنیشتم و ئەو وانەكانی بۆ دەخوێندمەوە، منیش گوێم دەگرت و بە مۆبایلیش تۆمارم دەكرد، تا دواتر و لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا پێداچونەوە بە وانەكاندا بكەم" نور وای وت.

noor
بەغداد/ نور لەسەر سەكۆی TEDX چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە فۆتۆ: عەلی مەحبوب

تاقیكردنەوەكانی دەكات و بە ئەنجامەكەی توشی شۆك دەبێت، چونكە لە پاڵ هەموو وانەكانیدا پیتی "غ" دانراوە بە مانای "غەش – قۆپیە"، ئەوەش بەلای ئەوەوە جێی سەرسوڕمانە، بە زەردەخەنەوە وتی "چۆن دەتوانم لە تاقیكردنەوەكاندا قۆپیە بكەم لەكاتێكدا من نابینام".

هەر كۆڵنادات، بۆ دوەمجار بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكاتەوە و بە سەركەوتویی لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی موسڵ دەبێتە خوێندكار، لەوێش بە هاوكاری خێزان و كەسوكاری لە سەركەوتندایە، چونكە هەوڵدەدەن بە دابینكردنی داهاتووی قەرەبوی لەدەستدانی دەرفەتی چارەسەری چاوەكانی بكاتەوە.

محەمەد عەلی، راگری كۆلێژی ئاداب لە زانكۆی موسڵ دەڵێت شانازی بە نور و ئەوانەوە دەكات وەك ئەو هەوڵی بەدیهێنانی ئاواتەكانیان دەدەن، "دەستكەوتێكی گەورەیە ئەو كچە دوای بەدەستهێنانی نمرەی 85 لە تاقیكردنەوەی شەشی ئامادەیی بە خواستی خۆی لە بەشی راگەیاندن بوو بە خوێندكار".

نور رۆژانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنێـت، لەڕێی سیستەمی دەنگی (Voice Over)ـەوە پەیوەندی لەگەڵ بەشداربوانی دیكەدا دەبەستێت، كە لە مۆبایلدا بۆ كەسانی نابینا دانراوە و نوسین دەكات بەدەنگ.

لە پەڕەی تایبەتی خۆی چۆنیەتی پەیوەندیكردن بە هاوڕێیەكانیی و مامەڵەكردنی لەگەڵ بەرنامە ئەلیكترۆنییەكاندا روندەكاتەوە، هەندێكجار دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی لە زانكۆ و پیشەكەی بابەت بڵاودەكاتەوە، لە تیلیگرام-ـیش گروپێكی هەیە و 200 بەشداربوی تێدایە، كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی شیعر و هەندێك لە نوسینی تر وەك ئەم نوسینە "ماوەیەكی درێژ لە منداڵیم بەڕێكرد و هەر تێنەگەیشتم چۆن گەورەكان لە شەوی جەژندا بە ئاسانی دەخەون یان هەر خەویان لێدەكەوێت تا گەورەبوم ئینجا تێگەیشتم".

هەندێك لە نابینایی نور بە گومانن یان دەڵێن دەبینێت و خۆی دەیشارێتەوە، بەڵام ئەو هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەڵامیاندەداتەوە و دەڵێت "لە تەمەنی 13 ساڵی و بەهۆی نەخۆشی فشار (زەخت)ـی چاوەوە بیناییم لەدەستدا و ناتوانم ئەو هەموو ماوەیە نمایش بكەم، بەڵكو (ئەو توانایەی بۆ كارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیەتی) لەڕێی تەكنەلۆژیاوەیە كە ئێستا زۆر دەرفەتی رەخساندووە و كارئاسانی كردووە و بەردەوامیش لە گەشەسەندندایە، منیش بەوە دڵخۆشم".

 نور
نەینەوا/ نور لەناو حەرەمی زانكۆی موسڵ دانیشتووە فۆتۆ: عەلی مەحبوب

یەكێك لە كێشەكانی نور هاتوچۆیە لەناو حەرەمی زانكۆدا، بۆیە پرۆژەی (كەسانی خاوەن روناكی) دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی خۆبەخش بە ئامانجی هاوكاریكردنی كەسانی نابینا، بەڵام هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

"بەختم هەیە كە نەمبینی..."

نور خۆی بە "بەختەوەر" دەزانێت كە روداوەكانی سەردەمی داعشی بە چاوی خۆی نەبینیی، لە نێویاندا تەقاندنەوەی منارەی مێژویی حەدبا، چونكە كاریگەری زۆری لەسەر هەبووە و خۆشی دەویست، جگە لە لێكەوتەكانی دیكەی جەنگ كە تەڕ و وشكی پێكەوە سوتاند، ئەگەر ئەو دیمەنانەی ببینیانە زۆر ئازاری دەچەشت.

وەك خەونی یەكەمجاری، ئێستاش نور خۆی وەكو پێشكەشكاری بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ناسراو دەبینێت و لەو كۆلێژەی تیایدا دەخوێنێت، شوێنێكی جێگیری (دامەزراندن) بۆ خۆی بەدەستهێناوە.

لە ئاوات و خەونەكانیدا؛ نزیكەكانی هاندەرین، بە تایبەت باوكی كە بەدرێژایی رێگاكە تائێستا لەگەڵیدا بووە، دوریش نییە جارێكیتر نور بتوانێت ببینێت و روناكیش نزیكە.

 

مەجید عەباجی - نەینەوا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT