چیرۆكی من
روبار؛ ئەو گوڵفرۆشەی خەونەكانی چرۆ دەكات
روبار ئەحمەد، لەنێو شەتڵگە بچوكەكەی لە گوندی گۆپتەپە لە ناحیەی ئاغجەلەر. فۆتۆ: رۆژگار عەبدوڵا

گوڵ دەرونم ئارام دەكاتەوە، خەفەت و ناخۆشی ژیانم لە بیردەباتەوە

روبار؛ ئەو گوڵفرۆشەی خەونەكانی چرۆ دەكات

  • 2024-10-16

ستۆرییەكی فەیسبوك، سێ ساڵ لەمەوبەر، بیركردنەوە و ژیانی روبار ئەحمەدی گۆڕی، بەوەی بەخێوكردنی گوڵ تەنیا وەكو خولیایەك نەمێنێتەوە، بەڵكو ببێتە سەرچاوەیەك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان و دەرفەتی كار، هەروەها سەرچاوەی پاكڕاگرتنی هەوا و ژینگەی ناو ماڵ.

هەنگاوەكە گرنگ بوو بۆ روبار بە تایبەت كاتێك ئەو نەیتوانی خوێندن تەواوبكات و بە دوای درەفەتێكی كاردا دەگەڕا.

ستۆرییەكەی روبار بریتی بوو، لە بڵاوكردنەوەی وێنەی چەند گوڵێكی جۆراوجۆر كە خۆی رواندبوی و بەشێوەیەكی جوان گەشەیان كردبوو، روبار وتی "هەر دوای پۆستكردنی، چەند خاتونێك پرسیاریانكرد، ئایا بۆ فرۆشتنە؟".

لێرەوە پرسیارێك بە مێشكی روباردا هات، بۆچی گوڵ نەفرۆشێت! بۆیە بڕیاریدا چیتر بەخێوكردنی گوڵ تەنیا خولیا نەبێت.

خەونەكەی روبار دەستپێدەكات

روبار ئەحمەد (26ساڵ) لە گوندی گۆپتەپە سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ دەژیت، تاوەكو پۆلی دەی خوێندوە و دواتر وازیهێناوە، شەش ساڵە بە بەخێوكردنی گوڵەوە سەرقاڵە، بەڵام سێ ساڵە بە خەڵكی شار و شارۆچكەكان دەیفرۆشێت.

"ماڵ بە سەوزاییەوە جوانە"، ئەمە ئامانجی یەكەمی روبار بوو، هەروەها دەڵێت "گوڵ دەرونم ئارام دەكاتەوە، خەفەت و ناخۆشی ژیانم لە بیردەباتەوە".

روبار لەڕێی قەڵەمەوە گوڵەكانی زیاد دەكات، نزیكەی 200 گوڵی جۆراوجۆری هەیە، ساڵانە 1000 گوڵ بە رواندن و قەڵەم بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئامانجی دووەمی ئەوەیە شوێنەكەی فراوان بكات و كۆی پڕۆژەكە گەورەتر بكات.

بەگشتی لە هەولێر، كۆیە، چەمچەماڵ و سلێمانییەوە خەڵك داوای گوڵەكانی دەكەن، هەندێكیان لەڕێی سەردانی راستەوخۆ، بەشێكی تریان بە گەیاندن داوای دەكەن. خانمان كڕیاری سەرەكین.

"هەندێك لە خانمان ناتوانن سەردانمان بكەن، بەهۆی دوری رێگاكە، هەندێكی تریان داوای رێنماییم لێدەكەن لەوەی چۆن دەتوانن گوڵەكانیان بەخێوبكەن و وشك نەبێت"، روبار وایوت.

گوندی گۆپتەپە 70كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای سلێمانییەوە، یەكێكە لە رێگاكانی بەستنەوەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، ئەوەش دەرفەتێكی باشترە بۆ روبار تا كڕیارانی ئەو رێگایە بۆ لای خۆی رابكێشێت.

shatlga
سلێمانی/ ئەیلولی 2024/ دیمەنێك لە شەتڵگە بچوكەكەی روبار ئەحمەد لە گوندی گۆپتەپە لە ناحیەی ئاغجەلەر. فۆتۆ: رۆژگار عەبدوڵا

بەشێك لە خانمان گلەیی ئەوەیان كردووە كاتێك گوڵ لە شەتڵگەكان دەكڕن زوو وشكدەبێت، روباریش دەڵێت هۆکاری وشکبونی گوڵەکان ئەوەیە كە لە دەرەوەی عیراقەوە هاوردە دەكرێن و بە ژینگە و كەشوهەوای عیراق ئاشنا نین. "هەركات گوڵێك دەفرۆشم بە تەواویی رێنمایی خانمان و كڕیارەكان دەكەم كە چۆن بەخێوی بكەن، ئەوەش دڵخۆشیان دەكات".

تەحەدییەكانی بەردەم روبار

هەندێك تەحەدیی لەبەردەم روباردا هەن، لەوانە شوێنەكەی بچوكە و خانوی پلاستیكی تایبەت بە خێوكردنی گوڵی نییە.

بەهۆی گۆڕینی وەرزەكان ناچارە چەند جارێك جێگۆڕكێ بە گوڵەكان بكات، "ئەگەر خانوو یان ژورێكی تایبەت هەبێت پێویست بەوە ناكات، ئێستا كە بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین لە ژورێكی ماڵی خۆماندا گوڵەكان بەخێودەكەم، یان ئەگەر شوێنەكە گەورە بێت دەتوانم كاری باشتر بكەم".

بۆ نمونە دەتوانێت جگە لە فرۆشتنی گوڵ، پێداویستی تری بەخێوكردنی گوڵ بفرۆشێت، لەوانە گۆزە، مەرەكانە و پەینی بەخێوكردنی گوڵ.

روبار پەینی كیمیایی بەركاناهێنێت بۆ بەخێوكردنی گوڵ، "زۆركات پەینی كیمیایی زیانی بۆ ژینگە و گوڵەكان هەیە، گەڵای گوڵ زەرد هەڵدەگەڕێت و  هەندێك كات وشك دەبن".

بۆیە روبار زیاتر پەینی ئاژەڵ، ئاوی برنج و پەتاتە وەكو پەین بەكاردەهێنێت، رەنگە ئەگەر شوێنەكەی فراوان بێت بتوانێت كاربكات بۆ فرۆشتنی پەینی تایبەت بە بەخێوكردنی گوڵ، وەك خۆی وتی.

بیر لە گەشەكردنی پڕۆژەكەی دەكاتەوە

روبار بەنیازە هەرچۆنێك بێت بەر لەكۆتایی هاتنی ئەمساڵ خانویەكی پلاستیكی تایبەت بە بەخێوكردنی گوڵ دابنێت.

ئەو تەنیا خۆی لە شەتڵگە بچوكەكەی كاری دەكرد، بەڵام ئێستا دوو خاتونی تر لەگەڵ ئەودا هەمان كاردەكەن، ئەوە ئاماژەیەكی باشە بۆ بیركردنەوە لە گەشەكردنی پڕۆژەكە و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ كچانی گوندەكە.

بەگشتی خەڵكی گوندی گۆپتەپە بە كشتوكاڵ و باخداریی و بەخێوكردنی ماسی-یەوە سەرقاڵن، گوندەكە ژینگەیەكی پاكی هەیە و دەڕوانێت بەسەر زێی بچوكدا.

Rubar.goptapa1-1
سلێمانی/ ئەیلولی 2024/ روبار ئەحمەد، لەنێو شەتڵگە بچوكەكەی لە گوندی گۆپتەپە لە ناحیەی ئاغجەلەر. فۆتۆ: رۆژگار عەبدوڵا

"ئەو دوو خاتونەی لەگەڵمن، ئەوانیش لە ماڵی خۆیان گوڵەكان دەڕوێنن، دواتر بەشێك لەو گوڵانە بۆ شەتڵگەكەی من دەهێنن و دەیانفرۆشین".

لە هەردوو  مانگی كانونی دووەم و شوبات، روبار دەستدەكات بە رواندن و قەڵەمكردنی گوڵەكان، مانگی نیسان و ئایار ئامادەدەبن بۆ فرۆشتن، ئەو دوو مانگە زۆرترین خواست لەسەر گوڵ هەیە.

بەگشتی قازانجی گوڵەكان لە ئێستادا زۆر نین، بەڵام روبار دەیەوێت بەگەشەپێدانی پڕۆژەكە قازانج زیاتر بكات.

"ئەم پڕۆژەیە بەمشێوەیە ناتوانێت بژێوی ئێمە دابین بكات، بەڵام یارمەتیدەرە، ئەگەر فراوانی بكەین وەك ئەوەی پلانمان بۆ داناوە، دەتوانین قازانجی مانگانە بۆ یەك ملیۆن دینار زیاد بكەین"، روبار زیاتر وتی "دەمەوێت سوپاسی دایك و باوكم بكەم لەمەدا زۆر هاوكارمن".

روبار گوڵ بەشێوەی كۆ بە شەتڵەگەكان دەفرۆشێت بۆ هەر دانەیەك 500 دینار، بەڵام بە تاك نرخی هەر گوڵێك بەپێی جۆرەكەی لە نێوان 1000 بۆ 2000 دینارە. "خەرجی زۆری نییە، تەنیا پێویستم بە كیسی نایلۆنە، پارەش بە پەین نادەم".

گوڵی جەهەنمی، گوڵە خوێن، گوڵەباخ، مەتات، زامبیا و پێستی شێر بەشێكن لەو گوڵانەی روبار و هاوڕێیەكانی بەخێوی دەكەن.

"گوڵی جەهەنەمی زۆرترین فرۆشی لەسەرە، سەرەڕای جوانییەكەی سێ وەرز سەوزە و گوڵدارە، ئەمە بە سودە بۆ ژینگە و پاکڕاگرتنی هەوا"، هەرچی گوڵی زامبیایە زیاتر لە چێشتخانە دادەنرێت، چەوری بۆ خۆی رادەكێشێت.

روبار زیاتر وتی "گوڵی پێستی پڵنگ، لەڕوی تەندروستییەوە زۆر باشە بۆ ئۆکسجینی ژوری نوستن،  هەوا پاکدەکاتەوە، لەگەڵ كەشی ماڵەوە خۆی دەگونجێنێت و بڕێكی كەم ئاویشی پێویستە".

"من مامەڵە لەگەڵ گوڵدا دەكەم، بۆیە كەسێكی ئارامم، گوڵ سروشتی منداڵی هەیە، هەر وەكو منداڵیش پەروەردەی دەوێت، بۆیە پەروەردەکردنیان زیاتر ئاسودەم دەکات".

ئامادەكردنی: رۆژگار عەبدوڵا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT