چیرۆكی من
لە ئەندازیارییەوە بۆ دیزاین<br>نەغەم گرەوەكە دەباتەوە: چەند كچێكی دیكەم خستە سەركار
نەغەم سائر فۆتۆ: كەركوك ناو

بە راهێنان و پەرەپێدانی تواناكانمان تەحەدییەكانمان تێپەڕاند

ئەحمەد بلە

لە ئەندازیارییەوە بۆ دیزاین
نەغەم گرەوەكە دەباتەوە: چەند كچێكی دیكەم خستە سەركار

  • 2024-04-06

دیزاین و دروستكردنی ئێكسسوار بۆ نەغەم گرەو بوو، چونكە جیاوازە لەو پسپۆڕییەكەی چەندین ساڵ خوێندویەتی و لە بازاڕیشدا ئەو پیشەیە زیاتر بە پیاوانەوە گرێدراوە.

ئەو كاتێك یەكەم هەنگاوی نا، بە سەرەتایەكی سەختدا تێپەڕی، هەر لە نەبونی شوێن و كەرەستە و دەستی كارەوە تا بێ بازاڕیی، بەڵام هەر چاوی لە بردنەوە بوو.

"سەرەتا داواكاری بۆ دروستكردنی ئێكسسوار زۆر دیاریكراو بوو، دەتوانم بڵێم هەر هاوڕێ نزیكەكانم و خزمەكانم داوایان دەكرد" نەغەم سائر دەربارەی شەش ساڵێك لەمەوبەر وای وت، بەڵام ئێستا خاوەنی پرۆژەیەكی گەورەیە لە موسڵ.

بیرۆكەی ئەو پیشەیە، حەزێكی منداڵی نەغەم بووە، بەڵام نەیتوانیووە پەرەی پێبدات و خوێندنەكەی بەرەو ئاراستەیەكی دیكەی بردووە، چەند ساڵێك لەمەوبەر كۆلێژی ئەندازیاری تەواو كردووە.

hagham musil 2024 (3)
نەینەوا/ 2024/ چەند بەرهەمێكی پرۆژەكەی نەغەم لە موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

خوێندن و بڕوانامەكەی هیچ كاتێك حەزەكانی نەسڕییەوە، هەر دوای خوێندن، دەستبەجێ گەڕایەوە بۆ خەونی دیزاین، بەدوایدا رۆیشت و پەرەی بەو بەهرەیە دا، لە سەرەتادا راهێنانی وەرگرت دەربارەی بنەماكانی دیزاین و دروستكردنی پارچەی ئێكسسوار و جوانكاریی.

"دوای راهێنان و فێربونی پیشەكە، بیرم لەوە كردەوە چۆن ئەو بەهرەیە بگۆڕم بۆ پرۆژە" هەنگاوی دوەمی نەغەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بوو، بە تایبەت لە فەیسبوك و ئسنتاگرام، لەوێ دوو پەیجی كردەوە بۆ نمایشی كارە دەستییەكانی و وەرگرتنی داواكاری.

نەغەم دەڵێت هەرچەندە داواكاری زۆر كەمی لە كەسە نزیكەكانیەوە بۆ دەڕۆیشت، بەڵام وازی نەهێنا، تا وردە وردە داواكارییەكان زیاتر بون و ئەویش لە پێناو ناساندنی زیاتری بەهرە و بەرهەمەكانیدا، بەشداری لە ژمارەیەك بازاڕ و پێشانگەدا كرد.

"هەرچەندە بیرۆكەكەی من و ئەم پیشەیەی هەڵمبژارد زیاتر بۆ پیاوان پاوانخواز كراوە، بەڵام ئێمە بە راهێنان و پەرەپێدانی بەهرەكانمان توانیمان ئەو تەحەدییە تێپەڕێنین" نەغەم وای وت.

hagham musil 2024 (9)
نەینەوا/ 2024/ ژمارەیەك كچی موسڵ هەلیكاریان بۆ رەخساوە لە پرۆژەكەی نەغەم فۆتۆ: كەركوك ناو

پیشەكەی نەغەم و هاوڕێیەكانی ئێستا یەكەم نمونەیە كە تەنیا كچان لە شاری موسڵ بەڕێوەی ببەن.

پێش ئەوەی دوكانێكی تایبەت بە خۆی هەبێت، نەغەم بە هاوكاری خوشكەكەی، لە ماڵی خۆیانەوە پارچە جیاواز و بە دیزانی جۆرجۆر ئێكسسواریان دروست دەكرد بۆ كڕیار، ئەوەش بە ماددەی جیاواز، بەشێكیان لە ئاڵتون و زیون.

لە دەستپێكدا كارەكانیان هەر بەدەست و بە ئامێری زۆر سادە بەرهەمدەهات، وەك نەغەم باسیكرد، بەبێ بەكارهێنانی كەرەستەی پێشكەوتوو.

"دواتر توانیمان پرۆژەكە گەورە بكەین، دوكان یان شوێنێكی تایبەت بە كاركردنمان كردەوە هەر لە موسڵ، سەرەتا تەنیا من و خوشكەكەم بوین، بەڵام ئێستا شەش كچین كە پێكەوە كاردەكەن".

نەغەم دەڵێت جگە لەو كچانەی راستەوخۆ خراونەتە سەر كار، راهێنانیان هەبووە دەربارەی چۆنیەتی دروستكردنی ئێكسسوار، بۆ ئەوەی خەڵكی موسڵ، بە تایبەت كچان و ژنان، فێری پیشەیەك ببن یاخود پەرە بە بەهرە و تواناكانیان بدەن، لە داهاتوودا بڕیارە راهێنانی زیاتریان هەبێـت.

hagham musil 2024 (12)
نەینەوا/ 2024/ دروستكردنی ئێكسسوار بۆ كڕیار لە موسڵ و شارەكانی تر فۆتۆ: كەركوك ناو

بەرهەمەكانی نەغەم و هاوڕێیەكانی، تا دوو ساڵ لەمەوبەر هەر بۆ كڕیاری موسڵ بوو، بەڵام ئێستا لە پارێزگاكانی دیكەوە داواكاری بۆ دەڕوات، لە بەسرە و هەولێر و نەجەف و هەموو شارەكانەوە كڕیاریان هەیە.

كڕیاری زۆر بۆتە سەرچاوەیەكی باشی بژێوی بۆ نەغەم و ئەو كچانەی لەگەڵ ئەودا كاردەكەن، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە كەسانێك بخەینە سەر كار كە خۆشەویستیی و حەزیان بۆ پیشەیەكە هەبێت، چونكە زوتر و باشتر فێردەبن و بیرۆكەی جیاواز و داهێنەرانەیان هەیە، بۆیە لە وەرگرتنی كچاندا قەت تەركیزمان لەسەر ئاستی خوێندن و بڕوانامە نییە".

نەغەم سائر، دڵێكی لای كچان و ژنانی دیكەی شارەكەیەتی، دەیەوێت روبەڕوی تەحەدییەكان ببنەوە و واز لە بەهرەكانیان نەهێنن، بۆیە لە پلانیدایە بە زنجیرەیەك ڤیدیۆی فێركاری، هانی كەسانی دیكە بدات لەو پیشەیەدا دەربكەون، "زۆر دڵخۆشم دەبینم ئێستا كچان و ژنانی موسڵ خاوەنی پرۆژەن و پشت بە خۆیان دەبەستن" نەغەم وای وت.

 

ئەحمەد بلە – نەینەوا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT