چیرۆكی من
محەمەد و خەونەكانی بەدوای یەكەوەن
محەمەد ئەحمەد

دەمەوێت دوو خەونی تر بەدیبهێنم، یەكەمیان شكاندنی ژمارەیەكی پێوانەییە لە عیراق، دووەمیان خۆ ئامادەكردنە بۆ ئۆڵۆمپیاد

محەمەد و خەونەكانی بەدوای یەكەوەن

  • 2023-05-10

لەسەر زەوییەكی وشكی یاریگای گشتی خانەقین، بە كەرەستەی كۆن و سەرەتایی، گەنجێكی 18 ساڵ، لەگەڵ راهێنەرەكەیدا راهێنانێكی ماندوكەر دەكات و دەیەوێت لە سێ ساڵی داهاتودا هەردوو خەونەكەی بەدیبهێنێت.

محەمەد ئەحمەد، ئەو گەنجە خانەقینیەیە، كە مانگی تەمموزی ئەمساڵ بە نوێنەرایەتی عیراق توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا لە گۆڕەپان و مەیدان بۆ یاری هەڵدانی دیسك.

"ئەم یارییە لەگەڵ خواست و ئارەزوی مندا دەگونجێت، ئەمە خەونی منە و من عاشقی ئەم یارییەم، لەو پێناوەشدا تێدەكۆشم و بەردەوام راهێنان دەكەم"، محەمەد لەناو یاریگای گشتی خانەقین لەكاتی راهێناندا وایوت.

من عاشقی ئەم یارییەم

ئەو لە ساڵی 2004 لە خانەقین لە دایكبووە، وەرزش یەكێك بووە لە ئارەزووە بەردەوامەكانی، رەنگە باوكی یارمەتیدەر بوبێت بۆ ئەوە، چونكە وەرزشووان بووە لە گۆڕەپان و مەیدان، ماوەیەكیش یاریدەدەری ناوبژیوان بووە بۆ تۆپی پێ لە خولی نایابی عیراق. باوكی بەردەوام تێبینی پێداوە و وایكردووە پەرە بەو خواستەی دەدات، محەمەد ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە.

لە تەمەنی نەوجەوانیدا، محەمەد یاری تۆپی پێی كردووە. تۆپی پێ دەستپێكی ئەو بووە لە وەرزشدا. ماوەی ساڵێكیش یاری بالەی كردووە. بەڵام ئەو خۆی لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیداندا دۆزییەوە، لەوەشدا یاری هەڵدانی دیسك.

لە گۆڕەپان و مەیداندا بەهۆی ئەوەی كێشی قورس بووە، راهێنەرەكانی پێیانوتووە "تۆ بۆ یاری راكردن نابیت"، ئەو یارییە پێویستی بە توانایەكی جەستەیی باش و هەڵمەتدان هەیە لە راكردندا، بۆیە پێشنیازی یاریی هەڵدانی دیسكی بۆ دەكەن.

"خۆم هەستمكرد لەم یارییەدا (هەڵدانی دیسك) دەتوانم خۆم بدۆزمەوە، تواناكانیشم كەوتە بەرچاوی راهێنەران و پێشنیازیان بۆ كردم پەرە بەم بوارەی وەرزش بدەم". ئەوكات محەمەد تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو.

muhamad.ahmad
محەمەد ئەحمەد، لەكاتی راهێناندا یاریگای گشتی خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ساڵی 2020 كاتێك دەبێت بە 16 ساڵ، بۆ یەكەمجار بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكدا كرد بۆ یانەكانی عیراق، كە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، بۆ ئاستی تازە پێگەیشتووان. محەمەد توانی پلەی چوارەم بەدەستبهێنێت.

"روداوێكی زۆر خۆش و تایبەت بوو، بەڵام لەناخیشەوە دڵتەنگ بوم، چونكە نەمتوانی نوێنەرایەتی شارەكەی خۆم بكەم، یانەی خانەقین باری دارایی زۆر خراپ بوو و نەیانتوانی خەرجی داراییم بۆ دابینبكەن". محەمەد وایوت. ئەوكات ئەو نوێنەرایەتی پارێزگای نەینەوای كرد.

نەمتوانی نوێنەرایەتی شارەكەی خۆم بكەم، یانەی خانەقین باری دارایی زۆر خراپ بوو و نەیانتوانی خەرجی داراییم بۆ دابینبكەن

وردە وردە ئاستی ئەو یاریزانە گەنجە بەرەو پێشچوو، "ئەوەی هانیدام ئاستم بەرزبكەمەوە، هاندەرەكانم بون لە یەكەم پاڵەوانێتیدا".

ساڵی 2021، راهێنەرێكی نوێ (محەمەد خەلیل) ئەركی راهێنانی محەمەد ئەحمەدی پێدەسپێردرێت.

لە پەسنی ئەو راهێنەرە نوێیەدا، محەمەدی یاریزان وتی "توانا شاراوەكانی دۆزیمەوە، تەكنیكی نوێی فێركردم، هەستمكرد تواناكانم لە ماوەیەكی زۆر كورتدا زیاتر پێشدەكەون".

لە ئازاری 2021 لە پاڵەوانێتی یانەكانی عیراق بۆ تازە پێگەیشتووان لە هەڵدانی دیسك-دا، محەمەد خەونەكەی هاتەدی، ئەویش نوێنەرایەتیكردنی شاری خانەقین بوو.

 خانەقین یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك، بەپێی دەستوری عیراق. قەزاكە سەر بە پارێزگای دیالەیە و دانیشتووانەكەی لە كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتون.

muhamad...
محەمەد ئەحمەد، لەیەكێك لە پاڵەوانێتییەكاندا بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عیراق. فۆتۆ: ئەرشیفی محەمەد

لەو پاڵەوانێتییەدا ئەو خەونێكی تریشی بەدیهات، ئەویش بەدەستهێنانی پلەی یەكەم بوو لەسەر ئاستی یانەكانی عیراق. هەروەها لە هەمان پاڵەوانێتیدا بۆ هەڵدانی قورسایی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

نورەی بەدیهێنانی خەونی ترە

دوای بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی یانەكانی عیراق، لە بەغدا تاقیكردنەوە بۆ چەند یاریزانێك دەكرێت تاوەكو ئامادەیان بكەن بۆ نوێنەرایەتی عیراق لە دەرەوە. یەكێك لەو كەسانە محەمەد دەبێت.

"بەسەركەوتویی تاقیكردنەوەكەم تەواوكرد، لە تشرینی دووەمی 2021، بۆ یەكەمجار نوێنەرایەتی عیراقم كرد لە پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی".

ئەو پاڵەوانێتییە بۆ 20 هەڵبژاردەی عەرەب بوو و لە تونس بەڕێوەچوو.

محەمەد وتی "یەكەمجار بوو سەفەری دەرەوەی وڵات بكەم، هەستێكی زۆر تایبەت بوو، هەروەها یەكەمجاربوو سواری فڕۆكەبم، نازانم چۆن وەسفی بكەم، هەستم بە شانازییەكی گەورە دەكرد، لەناخەوە بەخۆمم دەوت محەمەد زۆر نزیكی لە بەدیهێنانی خەونەكەت و ئارامبەرەوە".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەو هەستیدەكرد كە نوێنەرایەتیكردنی وڵاتێك بەرپرسیارێتییە، ئەوەش وایكردبوو هەست بە شڵەژان بكات.

"زۆر دەترسام و هەستم بە گرژیی و شڵەژان دەكرد، لەو یارییەدا تەنیا من نوێنەرایەتی عیراقم دەكرد".

زۆر دەترسام و هەستم بە گرژیی و شڵەژان دەكرد، لەو یارییەدا تەنیا من نوێنەرایەتی عیراقم دەكرد

لەوەدا راهێنەرەكەی (محەمەد خەلیل)، هاوكاریی باشی دەكات و رێنمایی و تێبینی بەردەوامی پێدەدا. ئەوەش وایكردوە بەر لە دەستپێكردنی پاڵەوانێتییەكە، هەست بە ئارامی بكات. محەمەد پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەوەش یەكەم نازناو بوو بۆ هەڵبژاردەی عیراق.

دوای ئەو پاڵەوانێتییە، محەمەد بۆ ماوەیەك كێشەی بۆ دروستدەبێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەی عیراق بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێكی بیانیدا دەكەن. محەمەد دەڵێت "لەگەڵ ئەو راهێنەرەدا زۆر نەدەگونجا"، بەبێ ئەوی بچێتە وردەكارییەوە وتی "هەستم بە دابەزینی ئاست و توانا و تەكنیكم دەكرد".

لەو سەروبەندەدا و لە كانونی یەكەمی 2021 هەرچەندە وەك خۆی دەڵێت لە ئاستی خۆی رازی نەبوو، بەڵام پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی تەواوی یانەكانی عیراق، لە هەمان یاریدا.

ئەوەش هاندەربوو بۆ ئەوەی لە سەرەتای 2021دا بە نوێنەرایەتی عیراق دیاریبكرێت لە پاڵەوانێتی وڵاتە عەرەبییەكان بۆ ئاستی لاوان، كە 19 وڵات لە تونس بەشداربون. محەمەد پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

لە تەمموزی ئەمساڵ محەمەد بەشداریكرد لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا، وەكو نوێنەری عیراق پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەو ئەنجامە جارێكی تر وای لە محەمەد كردەوە راهێنانەكانی چڕبكاتەوە، وەك ئەوەی ئێستا لە یاریگایەكی وشكی بێ چیمەندا لە خانەقین لەگەڵ راهێنەرەكەیدا بەردەوامە.

ئێستا لەژێر دەستی راهێنەرەكەی خۆی لە خانەقین راهێنان دەكات، دوای ئەوەی داوایكرد راهێنەرە بیانییەكە راهێنانی پێنەكات. "ئەو لە بەغدا بوو و منیش لە خانەقین بۆ من نەدەگونجا".

"دەمەوێت دوو خەونی تر بەدیبهێنم، یەكەمیان شكاندنی ژمارەیەكی پێوانەییە لە عیراق، دووەمیان خۆ ئامادەكردنە بۆ ئۆڵۆمپیاد و دەمەوێت من نوێنەرایەتی عیراق بكەم".

ژمارەی پێوانەیی هەڵدانی دیسك لە عیراق 59 مەترە، محەمەد تائێستا توانیویەتی 53 مەتر هەڵبدات. بۆ خەونی دووەم دەبێت چاوەڕێی ئۆڵۆمپیادی 2024 بكەین. محەمەد وتی "بۆ بەدیهێنانی ئەو دوو خەونەم سێ ساڵم داناوە".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT