چیرۆكی من

بۆ خانمان؛
مەروە ساجد بانگهێشتتان دەكات بۆ گۆڕەپانەكە

  • 2023-02-23

یەكەم خانمە ناوبژیوانی كەركوكی بۆ تۆپی پێ، بانگهێشتی كچان و ژنان دەكات گۆڕەپانەكە چۆڵنەكەن، ئەگەر ئارەزوو دەكەن با ببنە ناوبژیوان. بۆ ئەوەش رێنماییان دەكات گوێ بە تانەی كۆمەڵگە نەدەن.

مەروە ساجد (23 ساڵ)، دوای یەك مانگ لە وەرگرتنی بڕوانامەی ناوبژیوانی لە بەغدا، سەرەتای مانگی شوباتی 2023، وەكو ناوبژیوانی چوارەم لە یاریی نێوان گازی باكور و مەخمور بۆ تۆپی پێ بەشداریكرد كە لە شاری كەركوك بەڕێوەچوو، بەوەش بووە یەكەم كچ لە ئاستی پارێزگای كەركوكدا ناوبژیوانی یارییەكی فەرمی تۆپی پێ بكات.

ئەو خوێندکاری قۆناغی چوارەمی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی کەركوكە، لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو دەرفەتێكی بۆ هاتە پێشەوە و بەشداریكرد لە خولی ناوبژیوانی لە بەغدا، بەوەش خەون و حەزی لە مێژینەی بەدیهات.

مەروە بەرلەوەی خولەكە ببینێت، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووە، بەڵام دەڵێت "هەستمدەكرد كەس هاندەرم نییە و نەمدەتوانی بگەم بە ئامانجەكەم، هەروەها لایەنێك نەبوو بایەخم پێبدات لەو یارییە، بۆیە وازم هێنا". ئەوەش لەكاتێكدایە مەروە خاوەنی چەندین خەڵاتە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان.

"تەنانەت ئەوكاتەشی كە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بوم، دڵم هەر لای ناوبژیوانی  بووە"، مەروە زیاتر وتی "كاتێك مانگی حەوت خولی ناوبژیوانی كرایەوە، وتم، ئەمە دەرفەتەكەیە و نابێت لە دەستی بدەم، راستەوخۆ ناوی خۆم تۆماركرد".

كاتێك مانگی حەوت خولی ناوبژیوانی كرایەوە، وتم، ئەمە دەرفەتەكەیە و نابێت لە دەستی بدەم

لە بەشداریكردنی لەو خولەدا، مەروە ساجد دەڵێت خانەوادەكەی زۆر پشتگیرییان كردووە، هەروەها مامۆستاكانیش. لەگەڵئەوەشدا بەشێك لە هاوڕێیەكانی پێیانوتووە كە ئەو كارە دەبێتەهۆی ناڕەحەتكردنی و باشترە پەشیمانبێتەوە.

marwaaa
مەروە ساجد، لە دەستپێكی یاریی نێوان گازی باكور و مەخمور. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

"من سوربوم لەسەر ئەوەی دەبێت بەربەستەكان ببڕم، گوێ بە قسەی خەڵك نەدەم و دوای خەونەكەم بكەوم"، مەروە وایوت. دواتر بەشداری لەو خولە كرد و مانگی یەكی ئەمساڵ بڕوانامەی ناوبژیوانی وەرگرت، بەوەش خەونەكەی بەدیهات.

بەڵام ئەو خەونی تری هەیە و دەیەوێت بەدوایدا بڕوات، پێشیوایە هەموو خەونێك ئەگەر بەدوایدا بڕۆیت بەدیدێت.

"هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، كە ئێستا ناوبژیوانم، لە یەكەم یاریمدا وەكو ناوبژیوان، یاریزانەكان زۆر هاوكارم بون، زۆریش رێزیان لە بڕیارەكانم دەگرت"، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بۆچونەی دەسەلماند كە پێیانوابوو ناوبژیوانی بۆ كچ ناڕەحەتی بەدوادادێت.

بە پێچەوانەوە مەروە دەڵێت توشی هیچ بەربەست و كێشەیەك نەبۆتەوە، هەر ئەوەش وایكرد داوا لە خانمان بكات، بێ دوودڵی دوای خەونەكانیان بكەون و ئەگەر دەیانەوێت ببنە ناوبژیوانی وەرزشی هەنگاوی بۆ بنێن.

marwa
مەروە ساجد، لەیەكەم یاری فەرمیدا وەكو ناوبژیوانی چوارەم

مەروە حەزدەكات ناوبژیوانی كچ زۆرتربن و گۆڕەپانەكە چۆڵنەكەن، "ئەم گۆڕەپانە دەرفەتێكی ترە بۆ خانمان تا توانا و خولیاكانیان تاقیبكەنەوە...  خوازیارم بیر لە قسەی خەڵک نەکەنەوە و بێنە ناو ئەم گۆڕەپانە، ئێمەش هیچمان لە ناوبژیوانی پیاو كەمتر نییە...".

ئەو كچە لە خانەوادەیەكی وەرزش دۆستە، دەڵێت براكانی هەمویان یاریی تۆپی پێ دەكەن، دایكی هاندەری یانەی بەرشلۆنەیە و ئامۆزایەكی ناوبژیوانی یاری فوتساڵە.

"خوشبەختانە ئێستا قوناغێکم بڕیوە و بومەتە ناوبژیوان... کوڵنادەم و بەردەوام دەبم، تاوەكو خەونەكانی ترم بەدیدەهێنم، دەمەوێت ببمە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی".

ئامادەكردنی: محەمەد ئەڵماس

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT