چیرۆكی من
موهەنەد؛ ڤێتێرنەرییەكی خۆبەخش بۆ رزگاركردنی ئاژەڵی بێلانە
موهەنەد حەسەن، پزیشكی ڤێتێرنەری

نزیكەی سێ هەزار و 500 ئاژەڵی بێ خاوەن لای ئێمە بە خۆبەخشی چارەسەريان بۆ كراوە

موهەنەد؛ ڤێتێرنەرییەكی خۆبەخش بۆ رزگاركردنی ئاژەڵی بێلانە

  • 2023-09-05

لە نزیك دەرگای نەخۆشخانەیەكی ڤێتێرنەریدا راوەستاوە؛ لە پڕ ژنێكی بە تەمەن، بە روخسارێكی زەردهەڵگەڕاو و ترساوەوە لە ئۆتۆمبێلێكی رەنگ زەردی تاكسی لە بەردەمیدا دادەبەزێت، بزنێكی لە باوەش گرتووە كە وادەردەكەوێت نەخۆش بێت، هێندە پەشۆكاوە نازانێت روو لە كوێ بكات.

موهەنەد لەوكاتەدا بەپەلە لێی دەچێتە پێشەوە تا هاوكاری بكات؛ لێی دەپرسێت چی رویداوە؟ بۆ هێندە نیگەران و داڕماوە، خۆ كەسێكی نەمردووە؟ ژنەكەش وەڵامدەداتەوە "كوڕەكەم ئەم بزنە نەخۆشە"، ئەو قسەیە موهەنەد تووشی سەرسوڕمان دەكات، خۆی پێناگیرێت و بە ژنەكە دەڵێت "ئەو هەموو دڵتەنگییەی ناوێت، ئەوپەڕی دواتر سەری دەبڕن و گۆشتەكەی دەخۆن".

ژنەكە بەو قسەیەی موهەنەد دەست بە گریان دەكات و دەڵێت "ئەوەی هەمە و نیمە تەنیا ئەم بزنەیە"، وەك ئاماژەیەك بۆ خۆشەویستی و هۆگری بۆ ئاژەڵەكە، بۆیە موهەنەد هاوكاری دەكات بۆ چونە لای پزیشكی ڤێتێرنەری و زیاتر لە دوو كاتژمێر لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، تا بزنەكەی چارەسەر دەكرێت.

ئەو روداوە لە ئاداری 2010ـدا هەموو ژیانی موهەنەد حەسەن دەگۆڕێت، كاتێك لە گەرمەی بڕیاردان لە هەڵبژاردنی داهاتووی خوێندنەكەیدا بوو، بۆیە بێ دودڵی و دوای چیرۆكی ئەو ژنە بە تەمەنە، بۆ پزیشكی ڤێتێرنەری دەخوێنێت.

baittary (17)
كەركوك/ 2023/ ئاژەڵێكی بێلانە دوای چارەسەركردنی لە سەنتەرەكەی موهەنەد فۆتۆ: ئیناس عەبدوڵا

"كەس هەستی ئەو ژنەی  نەبوو بەرانبەر بە بزنەكەی، لە خۆشەویستی و نیگەرانی و ترسی لە دەستدانی، بۆیە لەگەڵیدا ماوەوە و پەشیمان بووم باسی سەربڕینی ئاژەڵەكەشم كرد، ئەو روداوە ئامانجەكانی ژیان و ژیانی پیشەیی گۆڕیم" موهەنەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو گەنجە 30 ساڵە، كە هێشتا سەڵتە، پزیشكی ڤێتێرنەری زانكۆی تكریتی تەواو كردووە و لە كەركوك نیشتەجێیە، كاتێك بڕیاری ئەو پیشەیەی دا، روبەڕوی توانج و تەنانەت قسەی نەشیاوی خزم و بەشێك لە هاوڕێیەكانیشی بۆوە، بەبێ ئەوەی كەس لە سەختییەكانی ئەو پیشەیە تێبگات.

دوای دەرچونی لە زانكۆ، چەندین هەلیكاری بۆ دەڕەخسێت، بەڵام ئەو بیرۆكەی دانانی كیلینیكی تایبەت بە خۆی هەیە.

"بیرۆكەكە سەرەتا لەوەوە سەرچاوەی گرت، پێداویستی و كەرەستەمان نەبوو بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ بە تایبەت پێداویستییەكانی ئاژەڵی ماڵی لە كەركوك"، موهەنەد خۆی پشیلەیەكی هەیە و هەمووجارێك بۆ كڕینی پێداویستییەكانی چۆتە شاری هەولێر، وەك ڤاكسین.

موهەنەد بڕیاردەدات بە دابینكردنی كەرەستە و پێداویستییەكانی ئاژەڵی ماڵیی، لەڕێی ئینتەرنێتەوە (ئۆنلاین) بفرۆشێت، تا دواتر كارەكەی گەشە دەكات و پشیلەی ماڵی هاوردە دەكات، ئەوەش لەسەر داواكاری كڕیار، كە هەر ئەوانیش بەردەوام داوای ڤاكسین و پێداویستیی و چارەسەری ئاژەڵەكانیان دەكەن.

كارەكەمان زیاتر گەشەی سەند و ئێستا تیمێكی 32 كەسی لە كلینیكەكەمدا كاردەكەن

لە ساڵی 2018ـدا موهەنەد سەنتەرێكی بچوكی چارەسەری ئاژەڵ دەكاتەوە، كاتێك دەبینێت كڕیار و سەردانیی زیاتر دەبێت، روبەری سەنتەری ڤێتێرنەرییەكەی گەورەتر دەكات دوای ساڵێك.

"سەرەتا من و دوو كەسی دیكە لە سەنتەرەكەدا كارماندەكرد، دواتر كە كردم بە كلینیكی گەورە چەند كەسێكی دیكەم خستە سەر كار و بوین بە تیمێكی 10 كەسی، پاشان كارەكەمان زیاتر گەشەی سەند و ئێستا تیمێكی 32 كەسی لە كلینیكەكەمدا كاردەكەن" موهەنەد وادەڵێت، ئەو دڵخۆشە پیشەكەی نەك هەر بۆ خۆی، بەڵكو بۆتە رەخساندنی هەلیكار بۆ گەنجانی دیكە.

كاری خۆبەخشی؛ دەبێتە وێستگەیەكی دیكەی چیرۆكی موهەنەد، ئەو وابیردەكاتەوە مادام ڤێتێرنەری لە چیرۆكی خۆشەویستی ژنە بە تەمەنەكەوە بۆ بزنەكەی هەڵبژاردووە، پێویستە ئەویش جێدەستی لە چارەسەری ئاژەڵی بەرەڵا و بێ خاوەنی سەر شەقامەكاندا هەبێت.

هەر ئاژەڵێك پێویستی بە چارەسەر هەبێت بۆ موهەنەد جیاوازی نییە؛ سەگ، پشیلە یان باڵندە بێت.

baittary (20)
كەركوك/ 2023/ موهەنەد و هاوكارێكی لەكاتی پشكنینی ئاژەڵدا فۆتۆ: ئیناس عەبدوڵا

"لەناو خەڵكدا ئەوەمان بڵاوكردەوە كە كلینیكەكە بێبەرانبەر چارەسەری ئاژەڵی بێ خاوەن دەكات، بۆیە خەڵك ئاژەڵی نەخۆشی ببینیانە دەیهێنا، بۆ نمونە ئەو كرێكارانەی رۆژانە كاردەكەن و پشیلەیەكی نەخۆش دەبیننن یان سەگێك یاخود ئاژەڵێكی تر كە ئازارێكی هەیە، دەیهێنن تا چارەسەریان بكەین".

هەموو تێچوی چارەسەری ئاژەڵی شەقامەكان لەسەر گیرفانی موهەنەدە، هیچ رێكخراو و فەرمانگە و لایەنێك هاوكارییان نەكردووە، "دوای چارەسەر ناتوانین لە سەنتەرەكەدا بیانهێڵینەوە، رۆژانە چوار تا نۆ حاڵەتمان بۆ دێت، ئەم ژمارەیەش توانایەكی زۆر و هەوڵی زیاتری دەوێت، دابینكردنی ئەو هەموو پێداویستییەش لەمكاتەدا رەنگە بە ئێمە نەكرێت".

لە نەخۆشییە باوەكانی ئاژەڵی بەرەڵا بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەواوە لە كەركوك بریتین بە وشكبونەوە، بەرزبونەوەی فشاری خوێن لە هاوین، لەدەستدانی كێش، نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان و بەكتریا لە زستاندا.

ئەو هەر رۆژێك چارەسەری بێبەرانبەری ئاژەڵێكی كردبێت لای خۆی تۆماریكردووە، "نزیكەی سێ هەزار و 500 ئاژەڵی بێ خاوەن لە پێنج ساڵی رابردودا لای ئێمە بە خۆبەخشی چارەسەريان بۆ كراوە"، لەوەشدا كەسانی دیكە هاوكاربن، لە نێویاندا شۆفێری تاكسییەك كە هەر كاتێك ئاژەڵی بینی پێویستی بە چارەسەر هەیە، دەیگوازێتەوە بۆ كلینیكەكە و رۆژانەش لانیكەم دوو بۆ سێ كاتژمێر لە كاتی موهەنەد و ئەوانی دیكە بۆ ئەو كارە خۆبەخشە دەڕوات.

پێموایە توانیومانە هانی خەڵك بدەین تا خەمخۆر بن و گرنگی بە ئاژەڵان بدەن

لە سەردەمی كۆرۆنادا؛ رۆژە زێڕینەكانی كاری ڤێتێرنەری و سەنتەرەكەی موهەنەد بون، خەڵك نەیاندەتوانی لە ماڵ بچنە دەرەوەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە و بە تەلەفۆن و ئۆنلاین داوای ئاژەڵی ماڵیی وەكو پشیلە و پێداویستییەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵیان دەكرد، ئەوانیش بە دەیانگەیاندە بەردەم دەرگای ماڵی كڕیار.

موهەنەد وتی "لەوكاتەدا رۆژانە 110 تا 120 داواكاری جیاواز روبەڕوی سەنتەرەكەمان دەبۆوە، هەموو رۆژێك لە 7ـی بەیانییەوە تا 11ـی شەو كارمان دەكرد".

ئاژەڵ هێندە مەترسییە بۆ سەر مرۆڤ، وەك هەندێك دەنگۆ و قسەی باوی ناو كۆمەڵگە بانگەشەی بۆ دەكات، موهەنەد دەڵێت لە ئەنجامی ئەزمون و بەدواداچونەكانیدا بۆی دەركەوتووە، پشیلەی ناوخۆی وڵات، نەخۆشییەكی نییە مەترسی بێت بۆ مرۆڤ، ئەو جۆرە نەخۆشییانەیشی مەترسیدار و كوشندەن، بۆ خودی پشیلەكە كوشندەیە و رەنگە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆریان لێ مردارببێتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرێن، وەك نەخۆشی ناسراو بە تاعونی پشیلە.

دەربارەی سەگی بەرەڵا، ئەگەر نەخۆشی هاری سەگ یان تورەكەی ئاوی هەبێت كە هەندێكجار كوشندەن بۆ مرۆڤ، "زۆرێك لە سەگی شەقامەكان توشی ڤایرۆسی (بارفو) بون، كە دەبێتە هۆی وشكبونەوە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای جەستە لە وەرزی زستاندا"، هەموو نەخۆشییەكیش چارەسەری هەیە و تا زوو بكرێت باشترە، "تائێستا بیرۆكەی پێكهێنانی تیمی خۆبەخشم نەبووە، چونكە بەپێی توانا خەڵك ئاژەڵی بەرەڵا بۆ چارەسەر دەهێنن و پێموایە توانیومانە هانی خەڵك بدەین بۆ گرنگی پێدان و خەمخۆری بۆ ئاژەڵان بەوپێیەی هاوكاری ئێمەش دەكەن".

baittary (8)
كەركوك/ 2023/ موهەنەد حەسەن هەلیكاری بۆ دەیان گەنجی دیكە رەخساندووە فۆتۆ: ئیناس عەبدوڵا

لە چەند ساڵی رابردودا و بە پاساوی مەترسی بۆ هاوڵاتیان و بڵاوبونەوەی نەخۆشی، سەدان سەگی بەرەڵا لەلایەن تیمە جیاوازەكانی ئیدارەی كەركوك بە چەك و فیشەك لەناوبراون.

موهەنەد زیاتر پەرە بە كارەكانی سەنتەرەكەی دەدات؛ تەنیا چارەسەر و دابینكردنی ئاژەڵی ماڵیی و پێداویستییەكانی نییە، ئێستا خزمەتگوزاری هۆتێلی ئاژەڵان و ساڵۆنیشیان هەیە، "هەر ئاژەڵێكی ماڵیی كە خاوەنەكەی گەشت دەكات لای ئێمە دایدەنێت تا گەڕانەوەی خزمەت دەكرێت و شوێنی بۆ دابیندەكرێت".

تیمەكەی موهەنەد ناتوانن بۆ چارەسەری مەڕ و ماڵات بچنە گوند و ناوچەكانی دیكەی كەركوك، "هۆشیاری خەڵك ئێستا زۆر بەرزە و هەر خۆیان كە ئاژەڵەكانیان نەخۆش بێت، یەكسەر بۆ چارەسەری دەیهێننە سەنتەرەكانی ڤێتێرنەری و پێویست ناكات پزیشكی ڤێتێرنەری بچێت تا ئاشكرایبكات كە ئاژەڵەكانیان پێویستی بە ڤاكسین و چارەسەرە"، وەك ئەو وتی، رەنگە سەدا 5ـی حاڵەتەكان درەنگ و دوای كاتێكی زۆر بەسەر نەخۆشكەوتنی ئاژەڵەكاندا بگەیەندرێن بە چارەسەر.

بەخێوكردنی ئاژەڵ بە تایبەت پشیلە و سەگ لە كەركوك هەڵدەكشێت و خواستی زۆری لەسەرە، "دەتوانم بڵێم سەدا نزیكەی 70 گرنگیدان بە ئاژەڵ لە كەركوك زیادیكردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەوەش پێموایە بەهۆی كاریگەری سۆشیال میدیاوەیە كە ئەوانەی گرنگی بە ئاژەڵ دەدەن لەو رێگەیەوە توانیویانە كاریگەری بەسەر خەڵكانی دیكەوە دروستبكەن".

من سوپاسگوزارم كە بەشێكم لەم كار و پیشەیە

پیشەكەی موهەنەد حەسەن، پزیشكی ڤێتێرنەری كە رۆژانێك جێی توانج و قسەی رەقی خەڵكی دەوروبەری بوو، ئێستا بۆتە ئومێدبەخش و بە پێچەوانەوە، كەسانێك رۆژانە پرسیاری لێدەكەن چۆن و چی بكات تا ببێتە  ڤێتێرنەرییەكی سەركەوتوو، لەكاتی تاقیكردنەوەكانی شەشی ئامادەیی، كەسوكاری خوێندكار دێن و پرسیار دەربارەی پیشەكە دەكەن، دەیانەوێت بزانن ئامۆژگاری ئەو چییە و ئایا منداڵەكانیان بچنە ناو هەمان پیشەوە یان نا.

"پزیشكی ڤێتێرنەری لە وڵاتاندا واناسراوە كە بەربەست و دیواری یەكەمە لەبەردەم نەخۆشییەكاندا... زۆربەی نەخۆشییەكان سەرەتا لە ئاژەڵەوە سەریهەڵداوە، وەك ئەنفلوەزانی باڵندە، تای خوێنبەربون تا دەگاتە كۆڤید-19، بۆیە رۆڵی ڤێتێرنەری زۆر گرنگە و پەیوەستە بە سامانی ئاژەڵ و پاراستنی ئابوری وڵات".

موهەنەد ئامانجێكی گەورەتری هەیە؛ دەیەوێت ئەو گۆڕانكارییەی لە كۆمەڵگەدا بەرانبەر بە ئاژەڵ رویداوە؛ زیاتر بێت و چیتر بە چاوی رقەوە تەماشای ئاژەڵی سەر شەقام و بەرەڵا نەكەن، "مرۆڤ ئەگەر گۆڕانكاری ویست پێویستە ببێتە بەشێك لێی، من سوپاسگوزارم كە بەشێكم لەم كار و پیشەیە".

 

ئیناس عەبدوڵا – كەركوك

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT