دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق، ماددەیەكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادەستوری دەزانێت و گۆڕانكاری تێدا دەكات، ئەوەش لە بەرژەوەندی كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگ لە بازنەكانی هەڵبژاردندا.
بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی كە 14ـی تشرینی دوەمی 2021 دەركراوە، هەندێك دەستەواژەی نێو ماددەی 46ـی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2020ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دژی دەستورە.
لە ماددەی 46ـی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە؛ پێویستە كاندیدی براوە لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندی دەستوری بخوات، بەپێچەوانەوە جێگاكەی بە كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەكەی لەهەمان بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرێتەوە.
لە هەمان ماددەی یاساكەدا هاتووە ئەگەر كاندیدی براوەی سەربەخۆ یان تاكەكەس سوێندی دەستبەكاربونی نەخوارد، ئەوا كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن جێگەی دەگرێتەوە.
بەپێی بڕیارەكەی دادگا ئەو ماددەیە دەگۆڕێت و بەمشێوەیەی لێدێت: كاندیدی براوەی هەڵبژاردن پابەندە لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندی دەستوری بخوات و ئەگەر سوێند نەخوات ئەوا كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن لەجێگەی ئەو دەبێتە پەرلەمانتار.
هەر لەو ماددەیە دەستەواژەی؛ كاندیدی تاك یان سەربەخۆ لادەبرێت.
ئەو گۆڕانكارییە وادەكات كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی بازنەكانی هەڵبژاردن دەرفەتی زیاتریان هەبێت بۆ چونە پەرلەمان، ئەگەر هەر كەسێك لە پەرلەمان پاشەكشێی كرد یان هەر لە سەرەتاوە سوێندی دەستوری نەخوارد، كە پێش گۆڕانكارییە هەر كاندیدێك سوێندی دەستبەكاربونی نەخواردایە ئەوا كاندیدێكی تری لیستەكەی دەیتوانی جێگەی بگرێتەوە.
لەدوای ئەو گۆڕانكارییەوە ئەگەر راكان سەعید جبوری، كاندیدی براوەی هاوپەیمانی عەرەبی لە بازنەی سێی كەركوك سوێندی دەستوری نەخوات ئەوا لەجێی ئەو وەسفی عاسی، وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگ لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو دەچێتە جێگاكەی، كە ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەو گۆڕانكارییەی نەكردایە لەكاتی سوێندنەخواردنی راكان جبوری، برایەكی لە هەمان هاوپەیمانی و بازنەی هەڵبژاردن؛ سەهمی سەعید جبوری بە تەنیا 87 دەنگ شوێنەكەی پڕدەكردەوە.
هەر لەو بازنەیەدا و بەهۆی بڕیارەكەی دادگاوە؛ ئەگەر محەمەد تەمیم نەچێتە پەرلەمان ئەوا وەسفی عاسی شوێنی دەگرێتەوە بەڵام بۆ شوێنی مونا جبوری، كە كۆتای ژنانە كاندیدی جێگرەوە ساهیرە عەبدوڵا دەبێت لە هاوپەیمانی تەقەدوم.
هەروەها لە بازنەی دوی هەڵبژاردنی كەركوك و دوای گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردندا؛ غەریب عەسكەر لە هاوپەیمانی فەتح كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگ یەكەم كەسە بۆ بۆ جێگرتنەوەی هەریەك لە ئەرشەد ساڵحی لە بەرەی توركمانی، گەیلان قادر لە هاوپەیمانی كوردستان، نەجوا كاكەیی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەوسەن عەبدولواحد لە بەرەی توركمانی ئەگەر هەریەكێكیان نەچنە پەرلەمان یان پاشەكشێ بكەن.
خەدیجە عەلی توركمانی لەهەمان بازنەدا دەرفەتی بون بە پەرلەمانتاری هەیە ئەگەر هەردوو كاندیدە ژنەكە پاشەكشێ بكەن یان نەچنە پەرلەمان.
لە بازنەی یەكی كەركوكیش هەریەكێك لە شاخەوان عەبدوڵا (پارتی)، ئومێد محەمەد (نەوەی نوێ)، سەباح حەبیب (هاوپەیمانی كوردستان) و موهەیمەن عەلی حەمدانی (سەربەخۆ) نەچنە پەرلەمان یان پاشەكشێ بكەن ئەوا موئەیەد غازی، كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی بازنەكە لە هاوپەیمانی كوردستان دەبێتە پەرلەمانتار.
بەڵام بۆ شوێنی دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆی هەمان بازنە كاندیدی یەدەگ ئاڵا تاڵەبانی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان-ـە وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی ژن لە بازنەی یەك.