راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و كاندیدی دەرچوی پەرلەمانی عیراق، ئەگەر سوێندی دەستبەكاربونی پەرلەمانتاری نەخوات ئەوا برایەكی جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر بچێتە پەرلەمان و دواتر شوێنەكەی چۆڵ ببێت، ئەوا وەسفی عاسی عوبێدی، كاندیدی دەرنەچوو لەجێی ئەو دەبێتە پەرلەمانتار.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، دوو شێواز بۆ پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتار دانراوە؛ ئەوەش ئەگەر كاندیدی براوە هەر لە سەرەتاوە نەچووە پەرلەمان یاخود دوای دەستبەكاربونی بەهەر هۆكارێك پاشەكشێی كرد و كورسییەكەی چۆڵ بوو.
لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی 15ـی یاساكەدا هاتووە؛ ئەگەر كورسی هەر ئەندامێكی پەرلەمان چۆڵ بوو (دوای سوێندخواردنی)، لەوكاتەدا ئەو كاندیدە جێگەی دەگرێتەوە كە لەو بازنەی هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
بڕگەی نۆیەكی ماددەی 16ـیش دەڵێت ئەگەر كورسی ژنان چۆڵ بوو، مەرج نییە هەر كاندیدی ژن جێگەی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی نوێنەرایەتی ژنان نەبێت.
ماددەی 46ـی یاسای هەڵبژاردن باس لە شێوازی دوەمی پڕكردنەوەی كورسی چۆڵی پەرلەمان دەكات و تیایدا هاتووە؛ پێویستە كاندیدی براوە لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندنی دەستوری بخوات، بەپێچەوانەوە جێگاكەی بە كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەكەی لەهەمان بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرێتەوە.
لە هەمان ماددەی یاساكەدا هاتووە ئەگەر كاندیدی براوەی سەربەخۆ یان تاكەكەس سوێندنی دەستبەكاربونی نەخوارد، ئەوا كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن جێگەی دەگرێتەوە.
بازنەی سێی كەركوك
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ـی تشرینی یەكەمی 2021ـی عیراق؛ لە بازنەی سێی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك هەریەك لە محەمەد تەمیم لە هاوپەیمانی تەقەدومی وەتەنی بە 24390 دەنگ، راكان سەعید جبوری لە هاوپەیمانی عەرەبی بە 14682 دەنگ و مونا محەمەد جبوری لە هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی بە 9964 دەنگ دەرچون كە دوایینیان بە كورسی كۆتا سەركەوتووە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر محەمەد تەمیم سوێندی پەرلەمانتاری نەخوات، ئەوا ساهیرە عەبدوڵا جبوری لە هەمان هاوپەیمانی و بازنەدا بە 8010 دەنگ دەبێتە پەرلەمانتار، بەڵام ئەگەر تەمیم دوای دەستبەكاربونی كورسییەكەی چۆڵ بوو، ئەوكات وەسفی عاسی عوبێدی لە هەمان بازنەدا وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگ (11129 دەنگ) لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو دەچێتە جێگاكەی.
راكان سەعید جبوری، ئەگەر لە پۆستی پارێزگاردا بمێنێتەوە و نەچێتە پەرلەمان ئەوكات سەهمی سەعید جبوری، برای ناوبراو بە تەنیا 87 دەنگ لە هەمان هاوپەیمانی و بازنە جێگەی دەگرێتەوە، ئەگەریش دوای چونی بۆ پەرلەمان بەهەر هۆكارێك كورسییەكەی چۆڵ بوو، ئەوا وەسفی عاسی لەجێی ئەو دەبێتە پەرلەمانتار.
جبوری ههرچهنده له ههڵبژاردنه پهرلهمانیهكهی ئایاری 2018ـی پهرلهمانی عیراقیش دهنگی پێویستی هێنا بۆ كورسی، بهڵام سوێندی پهرلهمانتاری نهخوارد و له كهركوك مایهوه.
هەروەها مونا محەمەد جبوری، بەوپێیەی كورسی ژنانی پڕكردۆتەوە لە بازنەی سێ، هەر كاتێك كورسییەكەی چۆڵ ببێت، ئەوا ساهیرە عەبدوڵا جبوری یەكەم كاندیدی دەرنەچووە جێگاكەی پڕبكاتەوە.
بازنەی دوی كەركوك
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەی دوو هەریەك لە ئەرشەد ساڵحی لە هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو بە 23060 دەنگ، گەیلان قادر لە هاوپەیمانی كوردستان بە 13239 دەنگ، نەجوا حەمید كاكەیی لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە 11887 دەنگ و سەوسەن عەبدولواحد لە بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو بە 7731 دەنگ براوە بون.
ئەرشەد ساڵحی لەكاتی بونی بە پەرلەمانتار و دواتر چۆڵبونی كورسییەكەی، غەریب عەسكەر نەقی لە هاوپەیمانی فەتح بە 7729 دەنگ جێگەی دەگرێتەوە، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە ساڵحی نەیویست بچێتە پەرلەمان ئەوا لە هەمان بازنە و لیستەكەی خۆی عەمار هیدایەت كەهیە، بە 6243 دەنگ لەشوێنی ئەو سوێندی دەستوری دەخوات.
كورسییەكەی گەیلان قادر ئەگەر دوای دەستبەكاربونی چۆڵ بوو، غەریب عەسكەر وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی بازنەی دوو جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام لەكاتی سوێندنەخواردنیدا كورسییەكە دەچێت بۆ ئاشتی مەهدی لە هاوپەیمانی كوردستان بە 1716 دەنگ.
نەجوا كاكەیی بەوپێیەی تەنیا كاندیدی پارتییە لەو بازنەیەدا لە هەر بارێكدا كورسییەكەی چۆڵ بێت ئەوا غەریب عەسكەر جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر لەكاتی چۆڵبونی كورسییەكەیدا تەنیا كاندیدی براوەی ژن بوو لە بازنەكەدا، ئەوا لەجێی ئەو خەدیجە عەلی توركمانی، كاندیدی سەربەخۆ بە 2433 دەنگ دەستبەكاردەبێت.
هەروەها سەوسەن عەبدولواحد لەكاتی چۆڵبونی كورسییەكەیدا دوای سوێندی دەستوری، غەریب عەسكەر دەچێتە جێگاكەی، ئەگەر هەر نەچوە پەرلەمان كورسییەكەی بۆ عەمار كەهیە لە هەمان لیستی خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر كاتی چۆڵبونی كورسییەكەی تاكە كاندیدی ژن بوو لەو بازنەیەدا ئەوا خەدیجە توركمانی جێی دەگرێتەوە.
بازنەی یەكی كەركوك
كاندیدە براوەكانی ئەو بازنەیە شاخەوان عەبدوڵا بە 37744 دەنگ لە لیستی پارتی، ئومێد محەمەد بە 23090 دەنگ لە نەوەی نوێ، دیلان غەفور بە 21510 دەنگ وەك كاندیدی سەربەخۆ، سەباح حەبیب بە 15708 دەنگ لە هاوپەیمانی كوردستان و موهەیمەن عەلی حەمدانی بە 14358 دەنگ دەرچون.
هەریەك لەو كاندیدانە جگە لە دیلان غەفور، ئەگەر هەر نەچنە پەرلەمان یاخود دوای سوێندی دەستوری كورسییەكەیان چۆڵ بوو، ئەوا موئەیەد غازی لە هاوپەیمانی كوردستان بە 11348 دەنگ وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی بازنەكە دەبێتە پەرلەمانتار، بەوپێیەی حزبەكانی شاخەوان عەبدوڵا و ئومێد محەمەد كاندیدی دیكەیان لە بازنەكەدا نییە و موهەیمەن حەمدانی-ـیش كاندیدی سەربەخۆیە.
بەڵام دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆ بەوپێیەی تاكە ژنی براوەی بازنەكەیە، لەكاتی چۆڵبونی كورسییەكەیدا ئاڵا تاڵەبانی بە 9058 دەنگ لە هاوپەیمانی كوردستان جێگاكەی پڕدەكاتەوە و دەبێتە پەرلەمانتار.
بەپێی دەستوری عیراق، سەرۆك كۆمار دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بانگهێشتی پەرلەمان دەكات بۆ یەكەم دانیشتن لەماوەی 15 رۆژدا، بەڵام تائێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی بڵاونەكردۆتەوە تا بۆ پەسەندكردنی رەوانەی دادگا بكرێت.