كورد و عەرەب لە پارێزگای كەركوك بەپێی دەنگە بەدەستهاتووەكانیان لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هەریەكە و بە 172 هەزار دەنگ یەكسانن، بەڵام كورد شەش كورسی و عەرەب چوار كورسی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە.
گرفتی بەردەم كاندیدە كوردەكان ئەوەبوو بایكۆت لە ناوچە كوردییەكان زیاتر بووە و رێژەی بەشداریكردن لەسەدا 36 بووە، لەكاتێكدا لە ناوچە عەرەبنشینەكان گەیشتۆتە لەسەدا 44.
بەڵام لەگەڵئەوەشدا عەرەب نەیتوانی بەباشی سود لەو بایكۆتەی كورد ببینێت، بەهۆی پەرتەوازەیی دەنگ و كاندیدەكانی. بۆ نمونە لەگەڵئەوەی 57 هەزار دەنگی لە بازنەی دوو-دا بەدەستهێنا، بەڵام هیچ كورسییەكی پەرلەمانی لەو بازنەیە نەبرد.
شەممە 16ی تشرینی یەكەم، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئەنجامی كۆتایی بەرایی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند و لە پارێزگای كەركوك، كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی بەدەستهێنا.
جیاوازی كورسییەكانی كورد و عەرەب لە كاتێكدایە دەنگەكانیان جیاوازییەكی زۆر كەمی هەیە كە ناگاتە 100 دەنگ، كورد 172 هەزار و 795 دەنگی هەیە، لە بەرامبەردا عەرەب 172 هەزار و 769 دەنگ، ئەمەش بەپێی داتای كۆتایی كۆمسیۆن لە بارەی پارێزگای كەركوك كە لە ماڵپەڕی رەسمیدا بڵاویكردۆتەوە.
هەرچی توركمانە بە بەدەستهێنانی 65 هەزار و 89 دەنگ دوو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.
(كەركوك ناو) لە كۆكردنەوەی ئەو داتایانەدا پشتی بە ژمارەی دەنگی كاندیدەكان بەستووە كە سەر بە چ نەتەوەیەكن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆیان لەسەر لیستێك كاندید كردووە.
بازنەی یەك... رێژەی بایكۆت زۆر بوو
لە بازنەی یەك، كە زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەكانی كوردن و پێنج كورسی پەرلەمانی هەبوو، 461 هەزار و 328 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
لەو ژمارەیە تەنیا 168 هەزار و 997 كەس دەنگیاندا، كە دەكاتە لەسەدا 36.6 دەنگدەران.
كاندیدەكانی كورد لە حزبیی و سەربەخۆكان، 143 هەزار و 208 دەنگیان هێنا و چوار كورسی ئەو بازنەیەیان بردەوە. هەرچی كاندیدەكانی عەرەب بوو بە 18 هەزار و 583 دەنگ توانیان كورسیی پێنجەم بەدەستبهێنن.
بەڵام توركمان تەنیا شەش هەزار و 668 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی هیچ كورسییەك بباتەوە.
بازنەی دووەم... دەنگی پەرتەوازەی عەرەب
لە بازنەی دووی پارێزگای كەركوك، كە دەنگدەرەكانی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان و چوار كورسی پەرلەمانی بۆ دانرابوو، كورد و توركمان هەریەكە و بە دوو كورسی براوەی ئەو بازنەیە بون.
لەو بازنەیە 398 هەزار و 170 كەس مافی بەشداربونیان هەبوو، بەڵام تەنیا 145 هەزار و 189 كەس دەنگیاندا. كە دەكاتە لەسەدا 36.4.
كاندیدەكانی توركمان دەنگی یەكەمی ئەو بازنەیەیان برد (58 هەزار و 145 دەنگ) بەڵام بەهۆی پەرتەوازەییانەوە تەنیا توانیان دوو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكەن.
هەرچی كوردە لەو بازنەیە بە 29 هەزار و 574 دەنگ، توانی دوو كورسی بباتەوە و وەك براوەی یەكەمی ئەو بازنەیە دەربكەوێت.
كاندیدەكانی عەرەب لەم بازنەیە بە 57 هەزار و 312 دەنگ نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، ئەوەش بەهۆی پەرشوبڵاویی و زۆری كاندیدەكانیان كە بەسەر حیزب و هاوپەیمانێتی جیاواز و كاندیدی سەربەخۆدا دابەشبون.
بازنەی سێیەم... عەرەب بێ ركابەر بوو
بازنەی سێ كە زۆرینەی رەهای دەنگدەرەكانی عەرەبن، كاندیدەكانی عەرەب هەرسێ كورسییەكەیان بۆ خۆیان ییكلاییكردەوە.
لەو بازنەیە، 217 هەزار و 430 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو و 96 هەزار و 996 كەس دەنگیاندا، بە رێژەی لەسەدا 44.6.
كاندیدەكانی عەرەب 96 هەزار و 874 دەنگیان هێنا و هەرسێ كورسییەكەیان مسۆگەر كرد.
توركمان لەو بازنەیە 109 دەنگ و كوردیش تەنیا 13 دەنگی بەدەستهێنا.
ئەنجام:
كورد وەك براوەی یەكەمی پارێزگاكە دەبینرێت لە ژمارەی كورسیدا بەشەش كورسی، بەڵام لە دەنگی بەدەستهاتوودا بە جیاوازییەكی زۆر كەم لە پێش عەرەبەوەیە.
لە ناوچە كوردییەكان و ناوچە تێكەڵەكان رێژەی بایكۆت زۆر بووە و تەنیا لەسەدا 36 دەنگدەران بەشداربون، بەراورد بە ناوچە عەرەبنیشنەكان كە رێژەی بەشداریی لەسەدا 44 بوو.
لە بازنەی دوو، كاندیدەكانی توركمان و عەرەب هەریەكە و نزیكەی دوو هێندەی كاندیدەكانی كورد دەنگیان هێنا، بەڵام كورد نیوەی كورسییەكانی بازنەكەی بۆ خۆی بردووە و نیوەكەی تریش بۆ توركمان بوو.
تێبینی:
یەكەم/ لە ئامارانەدا هەندێك كاندید كە (كەركوك ناو) دڵنیانەبوو سەر بە چ نەتەوەیەكن دەنگەكانیان هەژمارنەكراوە، بەڵام كەمتر لە هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و كاریگەری ئەوتۆی لەسەر كۆی رێژەی دەنگی نەتەوەكان نییە.
دووەم/ هەندێك كاندید كە لە حزب و هاوپەیمانی دەرەوەی نەتەوەكەی خۆیدا بەشداری كردووە، (كەركوك ناو) لە كۆكردنەوەی ئەم داتایانەدا دەنگەكانی بۆ نەتەوەكەی خۆی هەژماركردووە نەك لیست و هاوپەیمانێتییەكەی. بۆ نمونە چەند كاندیدێكی توركمان لە هاوپەیمانی تردا كاندید بون.