زمانەكانی كوردی، توركمانی و سریانی لە تابلۆی دادگای داقوق لابران

كەركوك/ 13ی كانونی دووەمی 2022/ تابلۆی دادگای داقوق تەنیا بە زمانی عەرەبی نوسراوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

تابلۆی ناونیشانی دادگای داقوق نوێكرایەوە، بەڵام تەنیا بە زمانی عەرەبی نوسراوە و هەرسێ زمانی كوردی، توركمانی و سریانی لابراون. بە پێچەوانەی تابلۆ كۆنەكە.

تابلۆ نوێیەكەی دادگای داقوق، ئەم هەفتەیە دانراوە و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لە دادگای كەركوكەوە بۆیان رەوانە كراوە.

پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ پێنجشەممە چووە بەردەم دادگا و وێنەی تابلۆكەی چركاند، بەڵام كەس ئامادەنەبوو لەسەر ئەو تابلۆیە قسە بكات.

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی قەزای داقوق، رەتیكردەوە ئەوان تابلۆ نوێیەكەیان دانابێت و وتی "ئاگاداری ئەو بابەتە نین و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

بەڵام سەرچاوەیەك لە دادگای داقوق بۆ (كەركوك ناو)، وتی "تابلۆكە لە دادگای كەركوكەوە رەوانە كراوە".

لە تابلۆ كۆنەكەی دادگای داقوق، هەر چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی لەسەر بوو.

dadgaa
 تابلۆ كۆنەكەی دادگای داقوق، بە هەر چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی نوسرابوو

ئەوە لەكاتێكدایە لە هەفتەكانی رابردودا لابردنی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی ناونیشانەكانی ناو شاری كەركوك ناڕەزایی فراوانی حزب و ئیدارەی كەركوكی بەدواداهات و بەهۆیەوە تابلۆكان لێكرانەوە.

هەموو ئەوانە پێچەوانەی بڕیارێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوكە بەوەكالەت، كە لە یەكی ئەیلولی 2021 لە نوسراوێكدا جەختدەكاتەوە لەوەی كە پێویستە تابلۆی فەرمانگەكانی شارەكە، بە هەر چوار زمانی پارێزگاكەبن، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاسای زمانەكانی عیراق لە ساڵی 2014ەو بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق لە ساڵی 2008.

به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، زمانی كوردی و عه‌ره‌بی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن، هه‌ردوو زمانی توركمانی و سریانیش دوو زمانی فه‌رمی ترن له‌و یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ی تێیدا ئەو دوو پێكهاتەیە لێی دەژین.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە رونكردنەوەیەكیدا لە 2ی كانونی دووەم، دوای دانانی تابلۆكانی ناو شار بەبێ زمانی كوردی، جەختیكردەوە "پێویستە هەمووان پەیڕەوی بەكارهێنانی زمانەكانی (عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی) بكەن، له‌سه‌ر هەموو تابلۆكانی فه‌رمانگه‌كان و رێگاوبان و پرده‌كان و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوك. هه‌ر كەسێك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راسپارده‌ و رێنماییانه‌ كار بكات جا له‌ تابلۆی فه‌رمانگه‌دا بێت یان تابلۆی رێگاوبان و هاتوچۆ، به‌ كارێكی تێكده‌رانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت".

ئیدارەی پارێزگای كەركوك داواشیكرد هێزه‌ ئه‌منییەكان به‌ توندترین شێوه‌ سزای ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بده‌ن كه‌ پێچه‌وانه‌ی نوسراو و رێنماییه‌كان كار ده‌كەن.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو روداوە  لە دادگای كەركوك وەربگرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT