"جێی داخە كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی داعش خەڵكی تەلەعفەر بون و رەنگە بەردەوام هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لەم شارە بدەن و چالاكییەكانیانی تیایدا دەستپێبكەنەوە" ئەحمەد عەلی، كاسبارێكی تەلەعفەرە و بەوشێوەیە مەترسییەكانی خۆی باسدەكات.
ئەو مەترسییە دوابەدوای شەڕی چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش) هات بۆ شكاندنی زیندانێكی گەورەی سوریا، كە گومانی هەڵاتنی دەیان تۆمەتبار دەكرێت و عیراقیش لەوكاتەوە هەوڵی پتەوكردنی زیاتری سنورەكانی دەدات، تا رێگری لە دزەكردنیان بگرێت بە تایبەت بۆ پارێزگای نەینەوا.
لە 20ـی كانونی دوەمی 2022ـدا، داعش لەڕێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و دواتر بە هێرشی راستەوخۆ پەلاماری زیندانی غوێران-ـی دا لە حەسەكەی سوریا، كە هەزاران چەكداری ئەو رێكخراوەی تیادایە و لە چەند رۆژێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) توانییان كۆنتڕۆڵی بكەنەوە.
"روداوی هەڵاتنی زیندانیانی تۆمەتباری داعش لە سوریا، رۆڵی هەبوو لە دروستبونی نیگەرانی و ترس لە دڵی بەشێكی هاوڵاتیاندا، هەرچەندە تەلەعفەر ئێستا لە ئاسایش و سەقامگیریدایە كە ساڵانێكی زۆرە و لە دوای 2003ـەوە لەدەستمانداوە" بەوتەی ئەحمەد عەلی بۆ (كەركوك ناو).
دەستەی حەشدی شەعبی لە 2ـی شوباتی ئەمساڵدا بڵاویكردەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپادا توانیویانە تونێل و حەشارگەیەكی داعش لە تەلەعفەر خاپور بكەن، جگە لە دۆزینەوەی ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەرەوە هیچ پێشێلكاریی و روداوێكی ئەمنی روینەداوە، تەنیا تەقینەوەی یەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو نەبێت لە شەقامی بازاڕی سەرەكی لە 25ـی كانونی یەكەمی 2018ـدا، لەكاتێكدا لە دەیەكانی رابردودا شارەكە بەردەوام لە هەواڵە سەرەكییەكاندا بوو بەهۆی تەقینەوەی نیمچەرۆژانە و بە ناوچەیەكی گەرمی ناكۆكی و ئاڵۆزی لە عیراق دادەنرا".
تەلەعفەر بە ساڵانی 2004-2010 روبەڕوی روداوی توندوتیژی تائیفی بۆوە و بەهۆیەوە هەزاران كەس بونە قوربانی و ئاوارەبون.
سەرچاوە ئەمنییەكە وتی "بازاڕەكانی تەلەعفەر تا درەنگانی شەو پێشوازی لە كڕیاران دەكەن، لە تشرینی دوەمی 2020ـدا بەشی پۆلیسی كۆمەڵگەیی كراوەتەوە، كە رۆڵیان هەیە لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان" دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدات "بارودۆخەكە سەقامگیرە و گروپە تیرۆریستییەكان ناتوانن بیشێوێنن".
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە 26ـی كانونی دوەمدا و دوای روداوەكەی حەسەكەی سوریا سەردانی سنوری نێوان عیراق و سوریای كرد لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا بۆ دڵنیابونەوە لە پاراستنی سنورەكان.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراقیش دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدات سنورەكان بەچەند رێكارێكی ئەمنی تەواو پارێزراون و رێگری دەكەن لە دزەكردنی داعش لە سوریاوە بۆ پارێزگای نەینەوا.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە كەناڵی عیراقییەی نیمچەفەرمی راگەیاند هەموو بۆشاییەكانی ئەو سنورە داخراون، جگە لە زیادكردنی هێزەكانیان و دانانی كامێرا و بورجی چاودێری، رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دانانی بەربەستی كۆنكرێتی لەو ناوچە سنورییانەی مەترسیدارن.
داعش لە حوزەیرانی 2014 قەزای تەلەعفەری لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا (70كم خۆرئاوای موسڵ) كۆنترۆڵكرد كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، تائێستاش چارەنوسی نزیكەی هەزار و 300 هاوڵاتی نادیارە، هەرچەندە لە ئابی 2017ـەوە قەزاكە كۆنتڕۆڵكراوەتەوە.
"ئێمە متمانەمان بە توانای ئەو هێزانە هەیە بەدرێژایی سنورەكان لەگەڵ سوریا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام ئەوەش نابێتە رێگر لەبەردەم داواكردنی ئاگایی زیاتر و هۆشیاری" ئەحمەد عەلی، كاسبكارەكەی تەلەعفەر وای وت.