"لە ترسی لێكەوتەی قسەكانی قاسم شەشۆ"
سەدان خێزانی ئاوارەی ئـێزیدی كەمپەكان بـەجێدەهێڵن

نەینەوا / 9ـی ئابی 2024/ گەڕانەوەی ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ شنگال "لەترسی لێكەوتەی قسەكانی قاسم شەشۆ كە ناڕەزایی موسڵمانانی لێكەوتۆتەوە" فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

كەركوك ناو

سەدان خێزانی ئاوارەی ئێزیدی، بە "ناچاری و لە ترسی لێكەوتەی قسەكانی قاسم شەشۆ" كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو شنگال بەجێدەهێڵن، دوای ئەو مشتومڕەی چەند رۆژێكە لە نێوان پەیڕەوانی ئایینیی ئیسلام و ئێزیدی سەریهەڵداوە.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە شەوی رابردووەوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئاب، لە كەمپەكانی شاریا، چەممشكۆ، خانكێ، باجیدكەنداڵا، بێرسیڤ و باعەدرێ-ـی سنوری پارێزگای دهۆكەوە، سەدان خێزانی ئێزیدی لە ناكاو و بەبێ ئامادەكاری پێشوەختە و راییكردنی مامەڵەی رەسمی، بەرەو ناوچەكانی خۆیان بە تایبەت بۆ قەزای شنگال، گەڕاونەتەوە.

"لەو كۆڵانەی ماڵی ئێمەی تێدایە لەناو كەمپ، تەنیا من ماومەتەوە، لە دوێنێوە هەموویان رۆیشتون، تەنیا لەم كەمپە نزیكەی 500 خێزان رۆیشتوون بەرەو شنگال، لە ترسی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی هەیە" بەوتەی خەڵەف خدر، دانیشتوی كەمپی چەممشكۆ بۆ (كەركوك ناو).

ئەو كەمپە 10 ساڵە كراوەتەوە و زیاتر لە چوار هەزار خێزانی ئێزیدی تیادا نیشتەجێیە، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 20 كەمپی تر لە هەرێم هەن و هەزاران خێزانیان تێدایە كە سەدا 30ـیان ئێزیدین.

خەڵەف دەڵێت هەرچەندە لێپرسراوانی كەمپ دڵنیایی بە خەڵك دەدەن، كە هیچ شتێك رونادات، "بەڵام خەڵك ترساون و ئارام نین، بۆیە دەگەڕێنەوە، ئەوانەشی رۆیشتون، تەنیا شتە سەرەكییەكانیان بردووە نەك هەموو شمەكی ناوماڵ". پەیامنێری (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك ئاوارەی دیكە لە كەمپە جیاوازەكاندا كردووە و بەجێهێشتنی كەمپەكانیان لەلایەن ئێزیدییەكانەوە. پشتڕاستكردەوە.

awara ezidi 2024 ibrahim (2)
نەینەوا/ 9ـی ئابی 2024/ گەڕانەوەی ئاوارەی ئێزیدی بۆ شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، شەپۆلێك لە مشتومڕ و وتاری رق و كینە تا رادەی هەڕەشەكردن لە نێوان كۆمەڵێك لە پەیڕەوانی ئایینیی ئیسلام و ئێزیدی دروستبووە وەك (كەركوك ناو) چاودێری كردووە، دوای ئەوەی قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، لە وتارێكیدا لە مەزارگەی شەرەفەدین، وتی "تا محەمەد و ئایینەكەی مابێت، هێرش و فەرمانەكان بۆ سەر ئێزیدییەكان بەردەوام دەبن".

شەشۆ لەسەر ئەو قسەیە ژمارەیەك سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە و لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا-ـشەوە، پێنجشەممە 8ـی ئاب فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بە تۆمەتی بێڕێزی بە پەیامبەری ئیسلام و هاندانی شەڕ لەنێوان ئایینەكاندا، بەپێی ماددەی 195ـی یاسای سزادانی عیراقی.

لەو ماددە یاساییەدا هاتووە؛ هەركەسێك ئامانجى دروستكردنى شەڕی ناوخۆیی یان تائیفی بێت، لەڕێی پڕچەككردنی هاوڵاتیانەوە یان وابكات دژی یەكتری چەك هەڵبگرن، یاخود هانیان بدات بۆ شەڕكردن، ئەوا بە زیندانی هەتاهەتایی سزادەدرێت و ئەگەر ئامانجەكەی بێتەدی سزاكەی دەبێتە لەسێدارەدان.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئاب، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاگاداری هەموو فەرمانبەر و كادیرانی وەزارەتەكەیان لە پارێزگا جیاوازەكان كردووە كە بچنە شنگال، بۆ ئەوەی بەدەم ئەو خێزانە ئێزیدییانەوە بچن كە لە كەمپەكانی دهۆكەوە گەڕاونەتەوە، تا بەرەسمی تۆماربكرێن و لە هاوكاری و مینحەی دارایی سودمەندبن. بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهۆكاری گەڕانەوەی لەناكاوی ئەو خێزانانە بكات.

هەر خێزانێك لە كەمپ بگەڕێتەوە، پێشتر پێویستە مامەڵەی گەڕانەوە بكات، تا حكومەتی عیراق بڕی چوار ملیۆن دینار و ژمارەیەك كەلوپەلی ناوماڵی پێبدات.

با ئاوارەکان دڵنیابن کە هیچ کەسێک ناتوانێت هیچ شتێکیان لێبکات

"بارودۆخەكە مەترسیدارە بۆ هاوڵاتیانی ئێزیدی، بە تایبەت لە كەمپەكانی ئاوارەیی، توشی نیگەرانی و دودڵی بون، لە ترسی هێرشی توندڕەوەكان و دەرچونی بارودۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵ" ئەمەش بەپێی بەیاننامەی كۆمەڵگەی ئێزیدی، كە ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئاب لە بەردەم مەزارگەی شەرەفەدین و بە ئامادەبونی سەدان كەس خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەی گردبونەوەكەی بەردەم ئەو مەزارگەیە لە شنگال -ئەو مەزارگەیە لەلایەن هێزەكانی سەر بە قاسم شەشۆ-ـوە دەپارێزرێت-، بەرپرسیارێتی پارێزگاریكردن لە هاوڵاتیانی ئێزیدی خراوەتە ئەستۆی حكومەتەكانی عیراق، هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

پیر عەلو کەچەل، بەڕێوەبەری کەمپی خانکێ بە (کەرکوک ناو)ـی وت "ژمارەیەك لە ئێزیدییەكانی كەمپەكەی ئێمە بۆ گردبوونەوەكەی مەزارگەی شەرەفەدین رۆیشتوون، نەك بە یەكجاری گەڕابێتنەوە" چونكە وەك ئەو دەڵێت "هیچ مەترسی و فشارێک لەسەر ئاوارەکان نییە".

"با ئاوارەکان دڵنیابن کە هیچ کەسێک ناتوانێت هیچ شتێکیان لێبکات" پیر عەلو، وای وت.

لە بەیاننامەكەی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی ئێزیدی هاتووە، ئەو بارودۆخەی هەیە بەهۆی "وشەیەكی بێ مەبەستەوە بووە كە شیكردنەوەی هەڵەی بۆ كراوە"، لە بەرانبەردا، هەڵمەتێك لە وتاری رق و كینە و "هاندان بۆ كوشتنی هاوڵاتیانی ئێزیدی" بە تایبەت لە سۆشیال میدیادا هەیە، وەك لە بەیاننامەكەدا بەناوی كۆمەڵگەی ئێزیدییەوە جەختی لێكراوەتەوە، "بێڕێزی بە هەموو ئایین و مەزهەب و عەقیدەیەك رەتدەكەینەوە و رێز لە هەموو پیرۆزییەكانیان دەگرین".

sharafadin
نەینەوا/ 9ـی ئابی 2024/ گردبونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئێزیدی لەمەزارگەی شەرەفەدین لە ناوەندی قەزای شنگال فۆتۆ: بۆ كەركوك ناو نێردراوە

لەگەڵ ئەوەشدا، بەیاننامەكە ئیدانەی "وتاری رق و هەڵمەتی میدیایی توندڕەوانە دژی ئێزیدییەكان" دەكات. جگە لە پێشوازیكردن لە هەوڵەكانی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەكان و یەكێتیی زانایانی ئایینی و هەر لایەنێكی دیكە.

عه‌لی ئه‌لیاس، بابه‌شێخی ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان كە بەرزترین پلەی ئایینییە ئەو پێكهاتەیە، دڵنیایی بە موسڵمانان دا كە وتەكانی قاسم شەشۆ، بە "ئەنقەست نەبووە"و جەختیكردەوە "یەكێك لە پیرۆزییەكانمان ئەوەیە رێز لە پیرۆزیی ئایینی تر بگرین"، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات دوابەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، كە پێنجشەممە 8ـی ئاب لە هەولێر بەڕێوەچوو.

پێشتریش شەشۆ رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا دەڵێت "لێدوانەكەم هیچ سوكایەتییەكی تیانەبوو بۆ پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد)، چونكە ئایینی ئێزیدی سوكایەتیكردنی بە پێغەمبەران و پیاوچاكانی هەموو ئایین و بیروباوەڕەكان قەدەغە كردووە".

هەروەها پێش دەرچونی فەرمانی دەستگیركردنی، قاسم شەشۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەندێك كەس بە تایبەت كورد قسەكانی منیان بەلاڕێدا بردووە، پەیام و مەبەستی من تەنیا بۆ گروپێكی توندڕەو بووە".

قسەكانی شەشۆ كە ناڕەزایی لێكەوتەوە، لە ساڵیادی تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر هێرشی "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ناسراو بە (داعش) بۆ سەر شنگال و ئێزیدییەكان هات، لەو هێرشەی 3ـی ئابی 2014 بۆ قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفێنران لە نێویاندا ژن و منداڵ، جگە لە كوژرانی هەزار و 293 ئێزیدی، خاپوربونی 68 مەزارگە و تائێستاش زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونەتەوە و هەزاران خێزانیش روبەڕوی ئاوارەیی و كۆچی وڵاتان بونەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT