وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، وادەی داخستنی كەمپەكانی "تا كۆتایی ئەمساڵ" درێژكردۆتەوە، تا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكبكەون و دەرفەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان هەبێت.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاربوو تا كۆتایی مانگی تەمموز هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی لە هەرێمی كوردستان دابخرێن، بەڵام ئەو وادەیە تێپەڕی و بڕیارەكە جێبەجێنەكرا.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاربوو حكومەت هەموو كەمپەكان دابخات، بەڵام بڕیارەكە درێژكراوەتەوە بۆ ساڵی تازە، بەوپێیەی هێشتا هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق لە قۆناغی دانوستانن دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان".
وەزارەتی كۆچی عیراق، حكومەتی هەرێم بە ڕێگری لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا تۆمەتباردەكات و لە بەرانبەردا حكومەتی هەرێم، جەختیكردۆتەوە لەگەڵ وادەی داخستنی كەمپەكاندا نین و دەیانەوێت ئاوارەكان "ئارەزومەندانە و دوای ئاوەدانیی و سەقامگیری" ناوچەكانیان بگەڕێنەوە.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق هەیە و لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان لەسەر ئەو دۆسیەیە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاری داخستنی كەمپەكان هەڵنەوەشێنراوەتەوە، تەنیا وادەكە گۆڕاوە و درێژكراوەتەوە تا كۆتایی ئەمساڵ، بەڵام مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارە راگیراوە بەهۆی گفتوگۆكانی بەغدا لەسەر ئەو دۆسیەیە كە دەبێت لەبارەی رێكارەكانەوە بڕیاربدەن".
مانگی رابردوو، راییكردنی مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارە لە دهۆك راگیرا، بەهۆی قەرەباڵغی زۆر لەبەردەم فەرمانگەی كۆچ و چەند گرفتێكی دیكە.
بەغدا هاوكاری دارایی گەڕانەوەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیادكردووە، جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان.
"بەفەرمی داوامانكردووە مینحەی گەڕانەوە لە چوار ملیۆن دینارەوە زیاد بكرێت بۆ بڕێك كە جێی ڕازیبوونی ئاوارەكان بێت و بتوانن بەو پارەیە پێداویستییەكانی خۆیان دابینبكەن" بەوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ سەر بە حكومەتی هەرێم.
پیر دەیان جەعفەر دەڵێت هەوڵدەدەن ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپیش لە وەرگرتنی پارەی گەڕانەوە سودمەندبن، بەوپێیەی ئێستا بڕیارەكە تەنیا بۆ ئاوارەی كەمپە، "دانوستانی هەردوو حكومەت ئەرێنی و باش بەڕێوەدەچێت و بڕیاری دڵخۆشكەر بۆ ئاوارەكان دەدرێن".
لە هەموو عیراق، تەنیا لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر كەمپی ئاوارە ماوە، لە سلێمانی چوار كەمپی ئاوارەیی هەبوون و دوایینیان كەمپی ئاشتی بوو لە ناحیەی عەربەت، كە 11ـی تەمموزی ئەمساڵ وەزارەت دایخست.
ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "چاوەڕێی حكومەتی عیراق دەكەین تا میكانیزمی نوێ دابنێت و دەست بە راییكردنی مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بكەینەوە".
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەبوون؛ كە بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا و لەو ژمارەیە 23 كەمپ دەكەونە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرەتای ئەمساڵ بڵاویكردەوە.