هەفتەی دوو جار و نزیكەی حەوت كاتژمێر لە نۆرەیەكی دوردرێژدا وەستاوە، بەبێ ئەوەی مامەڵەی گەڕانەوە و كۆتاییهاتنی ژیانی ئاوارەیی تەواو بكات، حەیدەر موراد لە تاو قەرەباڵغی بەردەم فەرمانگەی كۆچ خەریكە كۆڵ دەدات.
فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، بەهۆی ئەو قەرەباڵغییە زۆرە و دروستبونی ناڕەزاییەوە، لە 10ـی تەمموزەوە كارەكانی راگرتووە و بە دوای چارەسەرێكی دیكەدا دەگەڕێن.
حەیدەر موراد، كە ساڵانێكە لە شنگالەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە و پێیوایە ئێستا كاتی گەڕانەوەیەتی بۆ زێدی خۆی، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دووجار بەیانی زوو چووم بۆ فەرمانگەكە و هەر نەمتوانی نوسراوی داخستنی كەیسی ئاوارەییەكەم وەربگرم، هەرچەندە 6 بۆ 7 سەعات لەبەر هەتاو مامەوە".
تەنیا لە ماوەی یەك رۆژدا، فەرمانگەی كۆچ مامەڵەی 637 خێزانی بۆ گەڕانەوە تەواو كردووە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كە 9ـی تەمموز، بە رۆژێك پێش راگرتنی كارەكانی فەرمانگەكەی لە دهۆك بڵاویكردەوە.
ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە 10ـی تەمموزە بڕیاری راگرتنی كارەكانی راییكردنی مامەڵەی ئاوارە بۆ گەڕانەوە راگیراوە، ئەوەش كاتییە، دوای دروستبونی قەرەباڵغی و ناڕەزایی"، هەروەها رونیكردەوە بە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت تا بڕیار و رێكاری نوێ بە ئامانجی كارئاسانی گەڕانەوەی ئاوارەكان بگرنەبەر.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا بوون و لەو ژمارەیە 16 كەمپی ئاوارە لە دهۆكە و نزیكەی 26 هەزار خێزانیان تێدایە، لەوانەش زۆرینە خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال و لە پێكهاتەی ئێزیدی-ـیین، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
"رێكارەكانی داخستنی کەیسی ئاوارەیی زۆرە و پێویستە ئەوان (فەرمانگەی كۆچ) زیاتر هاوکاری خەڵك بکەن" حەیدەر موراد، وای وت.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، هاوكاری دارایی گەڕانەوەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیادكردووە، جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان.
نورێ سلێمان، ژنێکی ئاوارەی ئێزیدییە و 10 ساڵە لە كەمپی (باجێد کەنداڵا)-ـی زاخۆ نیشتەجێیە، هێشتا مامەڵەی گەڕانەوەی نەكردووە، "دەزانین قەرەباڵغی زۆر لە فەرمانگەی كۆچ هەیە، بەڵام تەنیا ئەوە هۆكار نییە، جارێ نامانەوێت بگەڕێینەوە چونكە خانوەكەمان لە ناوچەی سیبا شێخ خدری شنگال وێرانەیە و بە كەڵكی نیشتەجێبون نەماوە".
بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، بەشێك لە ئاوارەكان بە پاساوی نەبونی سەقامگیری ئەمنیی، كەمی خزمەتگوزاری و نەبونی هەلیكار نایانەوێت بگەڕێنەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی حكومەتی عیراقی كە بڕیارە لە كۆتایی تەمموزی 2024ـدا بە یەكجاری كۆتایی بە ئەركەكانی لە كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بهێنێت، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
وەزارەتی كۆچ لە زۆربەی بەیاننامەكانیدا، ئاماژە بە رێگری لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا دەكات، بۆ ئەوەش پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا، رێگەنادەن فەرمانبەرانی كۆچ بۆ راییكردنی مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارە بچنە ناو كەمپ.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وتی "وەزارەتی كۆچ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گفتوگۆ دەكەن تا ستافی ئێمە بچنە ناو كەمپ بۆ راییكردنی مامەڵەی گەڕانەوە، بەوەش قەرەباڵغی بەردەم فەرمانگەكە كەمدەبێتەوە" ئەسكەندەر محەمەد دەڵێت، راییكردنی مامەڵەی هەر هاوڵاتییەك لانیكەم پێویستی بە 15 خولەك كات هەیە.
لە هەموو عیراق، تەنیا لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر كەمپی ئاوارە ماوە، لە سلێمانی چوار كەمپی ئاوارەیی هەبوون و دوایینیان كەمپی ئاشتی بوو لە ناحیەی عەربەت، كە 11ـی تەمموزی ئەمساڵ وەزارەت دایخست.
پیر دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهیچ شێوەیەك رێگرییمان لە تیمەکانی وەزارەتی کۆچ نەکردووە تا لە ناو كەمپەكاندا كاری خۆیان بكەن، بە پێچەوانەوە زۆر هاوكار بوین"، دەشڵێت هەر خێزانێكی ئاوارە پێش ئەوەی بچێتە فەرمانگەی كۆچ لەلایەن ئەوانەوە نوسراوی فەرمی ئیدارەی كەمپی پێدەدرێت تا مامەڵەكانی راییبكات.
ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن، لە نەبونی هاوكاری دارایی و پێداویستی ژیانی رۆژانەوە تا كەمی ئاوی خواردنەوە و نەمانی خزمەتگوزارییەكانی وەكو تەندروستی، بەهۆی كۆتاییهاتنی كاركردنی زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكاندا.
"لیژنەیەك لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان پێكدەهێنرێت بۆ چارەسەری كێشەی قەرەباڵغی و گرفتی راییكردنی مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەڵام هێشتا هیچ كۆبوونەوەیەك نەكراوە و نازانین بڕیار و رێكارەكان چی دەبن" بەوتەی پیر دیان جەعفەر.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە جارێك جەختیكردەوە لەگەڵ داخستنی كەمپەكاندا نین و دەیانەوێت ئاوارەكان "ئارەزومەندانە و دوای ئاوەدانیی و سەقامگیری" ناوچەكانیان بگەڕێنەوە، لە بەرانبەردا وەزارەتی كۆچ هانای بۆ دادگای فیدراڵی بردووە تا بڕیاری داخستنی كەمپەكان لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێبكرێت و 11ـی ئاب وەك وادەی دادبینییەكە دیاریكراوە.
فەیسەڵ خەڵەف، 10 ساڵە ئاوارەی كەمپە و لە هەوڵی گەڕانەوەدایە، بەڵام ناوی لە تۆمارەكانی وەزارەتی كۆچ نییە و ترسی هەیە لە هاوكارییەكانی گەڕانەوە بێبەش بێت، "سێ جار سەردانی فەرمانگەی كۆچم كرد و دەڵێن ناوی تۆ لە سیستمی وەزارەت نییە و ناتوانیت مینحە وەربگریت".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار خێزان هاوشێوەی فەیسەڵ ناویان لە سیستمی وەزارەتدا نەبووە و تۆماركراوە، بەوتەی ئەسكەندەر محەمەد، هەوڵدەدەن چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن و هەمووان لە مینحەی گەڕانەوە سودمەندبن، تەنیا لە دوو مانگدا زیاتر لە پێنج هەزار خێزان مامەڵەی گەڕانەوەیان كردووە و زیاتر لە نیوەیان بڕی چوار ملیۆن دینارەكەیان وەرگرتووە و ئەوانیی دیكەش پێیاندەدرێت.
لە هەموو عیراق، شەش ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی شەڕی چەكدارانی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە (2014-2017) ئاوارەبون، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی لە ئاوارەییدا دەژین، بە ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی دوای گەڕانەوە لە ناوچەكانی خۆشیاندا شوێنی مانەوەی هەمیشەییان نەماوە.