لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك بنكەی تەندروستی داخراون و ئەوانی دیكەش ناتوانن خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، بەهۆی نەمانی هاوكاری و پشتیوانیی رێكخراوەكانەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە كۆی 15 بنكەی تەندروستی ناو كەمپەكانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك، سێ بنكەیان بە یەكجاری دەرگایان بەڕوی هاوڵاتیاندا داخستووە.
"ئێمە زۆر ئێش و ئازار بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە دەبینن، خەڵک هەیە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و بە ناچاری دەبێت بچێتە ناوەندی شاری زاخۆ چارەسەر وەربگرێت" بەوتەی زێد حەیدەر، ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی بێرسیڤ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ (كەركوك ناو).
لەو هەردوو كەمپی بێرسیڤی یەك و دوو نزیكەی 10 هەزار ئاوارە هەن، كە زۆرینە خەڵكی نەینەوا و بە دیاریكراوی شنگال-ـن.
زێد دەڵێت پێش داخستنی بنكەی تەندروستی كەمپەكە، خزمەتگوزارییەكانی "زۆرباش" بوون، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە و ئەگەر هەر ئاوارەیەك ئۆتۆمبێلی نەبێت، بە زەحمەت دەستی بە چارەسەر دەگات.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، هۆكاری كەمی خزمەتگوزاری یان داخستنی بنكەكانی تەندروستی لە كەمپ، بەهۆی نەمان یان كەمبونەوەی هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەكانەوەیە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی حكومەتی عیراقی كە بڕیارە لە كۆتایی تەمموزی 2024ـدا بە یەكجاری كۆتایی بە ئەركەكانی لە كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بهێنێت، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران چەند داوایەكی جیاوازی لە دادگای فیدراڵی لێكەوتۆتەوە، وەزیری كۆچ داوادەكات هەرێمی كوردستان پابەندبكرێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و داخستنی كەمپەكانی ئاوارەیی، لە بەرانبەردا سكاڵایەكی پێچەوانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی كەمپەكان دەكات، هەردوو داواكەش لە مانگی حوزەیراندا یەكلاییدەكرێنەوە.
پیر دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستا ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە ئاوارەکان دەکەن، بەڵام ئەوانەی كە هی حكومەت نەبوون و كاركردنیان كۆتایی هاتووە، هیچ پلانێك نییە دەستپێبكەنەوە چونكە حکومەتی عێراق دەیەوێت ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە".
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، هاوكاری دارایی گەڕانەوەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیادكردووە، جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا دەژین و لەو ژمارەیە 16 كەمپی ئاوارە لە دهۆكە و نزیكەی 26 هەزار خێزانیان تێدایە، لەوانەش زۆرینە خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال و لە پێكهاتەی ئێزیدی-ـیین، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن، لە نەبونی هاوكاری دارایی و پێداویستی ژیانی رۆژانەوە تا كەمی ئاوی خواردنەوە، بەهۆی كۆتاییهاتنی كاركردنی زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، ئاوارەكان بە پاساوی نەبونی سەقامگیری ئەمنیی، كەمی خزمەتگوزاری و نەبونی هەلیكار نایانەوێت بگەڕێنەوە.