عهلی ئهلیاس، بابهشێخی ئێزیدییهكان له عیراق و جیهان، دڵنیاییدەداتە موسڵمانان كە وتەكانی قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەی شنگال بە "ئەنقەست نەبووە"و جەختیكردەوە "یەكێك لە پیرۆزییەكانمان ئەوەیە رێز لە پیرۆزیی ئایینی تر بگرین".
ئەو وتانەی بابەشیخ، كە بەپێی پێگهكەی بهرزترین پلهی ئایینی ئێزیدییه و به رابهری روحی ههژماردهكرێت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات دوابەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كورسدتان و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئاب لە هەولێر بەڕێوەچوو.
بابەشێخ وتی "لە ئایینی ئێزیدی-دا چەند پیرۆزییەك هەن، یەكێك لە پیرۆزییەكان ئەوەیە رێز لە پیرۆزیی ئایینەكانی تر بگرین... کەسێک کە ئاگری پێکەوتبێت زۆرجار قسەی سەقەتیش دەکات، ئەوەی قاسم شەشۆ باسیکردووە دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەئەنقەست نەبووە، ئایینی ئیسلاممان خوشدەوێت، هەر بۆیە ئەمڕۆ هاتوینەتە ئێرە".
ئایینی ئیسلاممان خوشدەوێت
پەیامێكیشی روبەڕوی ئەو كەسانە كردەوە كە دڵیان بە قسەكانی قاسم شەشۆ برینداربووە، وتی "جیاوازی لە نێوان ئایینەکاندا نییە، مرۆڤ دەبێت دڵی گەورە بێت و لێبوردەبێت، چونکە خواش حەزی لە لێبوردەییە و شتێکی پیرۆزە، دەمانەوێت ئێوەش ئەو قسانە لە ئێمە نەگرن".
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، لە ساڵیادی تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر هێرشی "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ناسراو بە (داعش) بۆ سەر شنگال و ئێزیدییەكان، وتارێكی لە مەزارگەی شەرەفەدین پێشكەشكرد و لە بەشێكیدا وتی "تا محەمەد و ئایینەكەی مابێت، هێرش و فەرمانەكان بۆ سەر ئێزیدییەكان بەردەوام دەبن"، ئەوەش ناڕەزایی و كاردانەوەی توندی لە سۆسیال میدیای بەدواداهات و دەیان داوای یاسایی لەسەر تۆماركرا.
عەبدوڵا مەلا سەعید، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كۆنگرەكەدا وتی "ئەوكاتەی داعش هێرشیكردە سەر ئێزیدییەكان لە ساڵی 2014دا وتمان داعش نوێنەرایەتی موسڵمانان ناكات، ئیدانەی ئەو بێڕێزییانەمان كرد كە داعش بەرامبەر بە ئێزیدی، كریستیان و پێكهاتەكانی تر كردی".
"ئێستاش تەئكیددەكەینەوە هەر هەنگاوێك زیان بە پێكەوەژەیان بگەیەنێت، بە تایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئێمە هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین و ئەو هەنگاوانە بۆ دوبارەنەبونی ئەو حاڵەتە بەكاربهێنین"، عەبدوڵا مەلا سەعید زیاتر وتی "ببێڕیزیی و سوكایەتی بەرامبەر بە هیچ ئایینێك قبوڵناكەین، بەتایبەت سوكایەتی و بێڕیزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام، هەروەها رێز لە هەموو ئایینەكانی تر دەنێین، بەتایبەت سیمبوڵ و كەسایەتییە ئایینییەكان".
ببێڕیزیی و سوكایەتی بەرامبەر بە هیچ ئایینێك قبوڵناكەین
داواشیكرد هەمووان هەوڵی دروستكردنی تەبایی و برایەتی بدەن، "نابێت كەسێك لە ناو ئایینیێك بێڕێزی دەكات، بە هەمان چاو تەماشای ئایینەكەی بكەین... كەسێك لەناو ئایینی ئێزیدی بێڕێزییەكی كردووە، بەڵام خودی ئایینەكە ئەو بێڕێزییەی نەكردووە".
قاسم شەشۆ، سێ رۆژ دوای وتارەكەیی و دوای ئەوەی سكاڵای لەسەر تۆماركرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێك كەس بە تایبەت كورد قسەكانی منیان بەلاڕێدا بردووە، پەیام و مەبەستی من تەنیا بۆ گروپێكی توندڕەو بووە"، زیاتر وتی "من باسی هەموو موسڵمانەكان ناكەم، سەدان ساڵە ئێمە لەگەڵ موسڵماندا مامەڵە دەكەین، چۆن بێڕێزییان پێدەكەم".