بەرەی بایكۆت دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی نەینەوا رەتدەكەنەوە

دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و وێنەی لایەنگرێكی پارتی بە ئاڵای حزبەكەیەوە فۆتۆی دەستكرایكراو بە فۆتۆشۆپ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە دەستپێشخەرییەكی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایان رەتكردەوە، بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی پارێزگاكە، پارتی دەڵێت سەرۆكی ئەنجومەن خۆی هۆكاری قەیرانەكەیە.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، كە 29 ئەندامن، لە 2ی تەمموزەوە بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەشبوون، لەوكاتەوە ئەنجومەن ناتوانێت دانیشتنە ئاساییەكانی بكات، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كە بەهۆیەوە ناڕەزایی نیوەی ئەندامانی بەدواداهات، لەوانەش پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە.

ئەحمەد حاسود، سەرۆكی ئەنجومەن هەفتەی رابردوو دەستپێشخەریی كۆبونەوەی هەموو لایەنە براوەكانی ئەنجومەنی كرد، بۆ چارەسەری قەیرانەكە.

محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەستپێشخەرییەكە بۆ ئەوەیە، ئەوەی مافی لە كۆبونەوەكەی 2ی تەمموز خوراوە مافەكەی بۆ بگەڕێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو پۆستە ئیدارییانەی لەو دانیشتنەدا بڕیاریان لەسەر دراوە دەستبەكاربن".

"دەستپێشخەرییەكە بۆ ئەو مەبەستە بوو هەموو لایەنە براوەكان بەپێی كورسییەكانیان پۆستیان پێبدرێت، بەڵام دیسان برادەرانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە رەتیانكردەوە بەشداربن"، محەمەد جاسم وایوت.

دەستپێشخەرییەكە بۆ ئەو مەبەستە بوو هەموو لایەنە براوەكان بەپێی كورسییەكانیان پۆستیان پێبدرێت

ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "خودی سەرۆكی ئەنجومەن بەشێكی سەرەكی كێشەكانە، هیچ بڕیارێكی لەدەستی خۆیدا نییە، تا ئێستا سەركردایەتی ئەو لە بەغدا هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ لایەنەكان نەكردووە تا كێشەكان چارەسەر بكرێن".

زیاتر وتی "هەركات رێككەوتنێكی ستراتیژی لەسەر ئاستی باڵا كرا و ئێمە بە تەواوی دڵنیابوین و گرەنتی ئەوەمان وەرگرت كە توشی هیچ كێشەیەكی تر نابین و روداوەكەی 2ی تەمموز دوبارەنابێتەوە، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن".

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك بەركەوتەی هەڵبژاردن كە خاوەنی چوار كورسییە، یەك قایمقام و پێنج بەڕێوەبەری ناحیەی بۆ دانراوە، لە كۆی 10 قەزا و 21 ناحییە لە پارێزگای نەینەوا.

پارتی لەو دانیشتەنەدا كە خۆیان بایكۆتیان كرد، هەردوو قایمقامی شنگال و مەخموری لەدەستدا، تەنیا قایمقامی شێخانیان پێدرا.

لە دانیشتنەكەی 2ی تەمموز، 16 ئەندامی ئەنجومەن لەكۆی 29 ئەندام ئامادەبون و تیایدا پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی نەینەوا ئەنجامدرا، ئەوەش لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بایكۆتیان كرد. كە پێكەوە خاوەنی 13 كورسی ئەنجومەنن.

محەمەد جاسم بە (كەركوك ناو)ی وت "شەش پۆستی ئیداریی بۆ پارتی دانراوە، لەوە زیاتر چی بكرێت!".

وتیشی "هەموو لایەك هەوڵدەدات كێشەكان چارەسەربكرێن، بەڵام پارتی رازی نییە، ئەوان دەیانەوێت ئەم دۆخە چەقبوەستەی هەیە بەردەوام بێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT