ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەدەست قەیرانی دوو بەرەی دژ بە یەكەوە خەریكە پەكیدەكەوێت، هەرلایەكیان بەبێ سازش و بەمەرجی پێداگری لەسەر داواكارییەكانی خۆی، دەیانەوێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
ئەو قەیرانەی نەینەوا كە نزیكەی مانگێكە بەردەوامە، دوای ئەوەهات ئەنجومەنی پارێزگا بە ئامادەبونی زیاتر لە نیوەی ئەندامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لەوكاتەشەوە فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە كە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ناڕازین و ئەندامێتییان لە ئەنجومەن هەڵپەساردووە.
ئەنجومەنی پارێزگا بۆتە دوو بەرە؛ هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل كە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی هەڵبژارد، خاوەنی 16 كورسییە لە كۆی 29 كورسی، لایەنی سەرەكی پێكهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانن، فراكسیۆنی یەكێتیی، ئەندامی سونە و سێ كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش لە خۆدەگرێت.
لە بەرانبەردا بەرەی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە هەیە؛ كە هەموویان سونەن و پێكەوە خاوەنی 13 كورسین.
محەمەد هەریس، ئەندامی ئەنجومەن لە هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەلە، ئەو بەرەیەی پۆستەكانی یەكلاكردەوە و سورن لەسەر بڕیارەكەیان، دەربارەی دوایین هەڵوێستی هاوپەیمانییەكەیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا (25ـی تەمموز) جەختیكردەوە "بڕیارەكە یاسایی بوو، دانانی جێگرەوە بوو بۆ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، كە بە هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەن وادەی پۆستەكانیان كۆتاییهات وەك ئەنجومەنی دەوڵەتیش لەوبارەیەوە رونكردنەوەی خۆی داوە".
لەو كۆنگرەیەدا كە (كەركوك ناو) روماڵی كرد، هەریس داوایكرد كوتلەكانی دیكە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن و بایكۆت بشكێنن، "لە پێناو تەواوكردنی كاروباری پرۆژەكان و خزمەتگوزاری، چونكە سستی هەیە لە پرۆژەكاندا"، وتیشی ئامادەن بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە تەوافوق، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان بدات.
ئەنجومەنی دەوڵەت -دەستەیەكی سەربەخۆیە، ئەركێكی رونكردنەوە و شیكردنەوەی دەقە یاساییەكانە-، لە وەڵامی پرسیارێكی دەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان دەربارەی یاسای كاری پارێزگاكانی عیراق، جەختیكردەوە كە ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی گۆڕین و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی هەیە، بەهۆی نەبونی ئەنجومەنی قەزاكانەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر دەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان داوای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد پەلە نەكات لە گۆڕینی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان تا ئەنجومەنی دەوڵەت وەڵامی دەداتەوە.
سەعدون شەمەری، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا (هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، 25ـی تەمموز رونیكردەوە كە نوسراوەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت تەنیا باسی رێكاری گشتی و دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای كردووە، نەك پەسەندكردنی گۆڕینی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی نەینەوا.
ڤیدیۆ: موسڵ/ 25ـی تەموزی 2024/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەردوو بەرە دژەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەجیا
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، پێویستە دەرگای كاندیدبون بۆ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان بكرێتەوە، سیڤی وەربگیرێت و بەپێی رێكاری یاسایی و دەستوری هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت، بە جۆرێك ماف و دەرفەت بە یەكسانی بدرێت بە هەموان نەك تەنیا لایەن و گروپێك.
سەعدون شەمەری جەختیكردەوە لە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەر و چالاككردنەوەی ئەنجومەن بۆ خزمەتی خەڵك، "بەڵام سورین لەسەر وەرگرتنەوەی مافەكانمان، ماف دەسەنرێت، نادرێت".
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا موهەنەد نەجم جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە ئاماژەی بەوەدا پێشوازی لە داواكاریی گفتوگۆ دەكەن، بەڵام "بە مەرجی گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف"، دەربارەی بەردەوامی بایكۆتی ئەندامانیان، وتی "نابینە شایەتحاڵی ساختەكاری لە نەینەوا".
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكاندا، بەرەی ناڕازی هیچ پۆستێكیان بەرنەكەتووە، لە كاتێكدا پارتی پێشتر چەندین پۆستی بەدەستەوە بووە لە نەینەوا.
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "سورین لەسەر داواكاری خۆمان كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دانیشتنەكەی 2ـی تەمموزی ئەنجومەنە بە یەكجاری و نابێت كاری پێبكرێت، چونكە نایاسایی و نادەستوری بون". پارتی سكاڵای بردۆتە دادگای فیدراڵی و چاوەڕێی ئەنجامەكەی دەكات.
كیكی پەنجەی تۆمەت بۆ هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل درێژ دەكات، "دەستەی سەرۆكایەتی خۆیان بە تەوافوق بوون بە سەرۆك و جێگر بەڵام ئێستا دەیانەوێت شتەکان بە زۆرینە تێپەڕێنن،.. بۆیە دەبێت لاببرێن"، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت كۆبوونەوەی نێوان هەردوو بەرەكە هەبووە و هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتۆتەوە، "چونكە ئەوان لەسەر پێشێلكارییەكانی خۆیان سورن".
دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن، وەك یەك پاكێج لەگەڵ پارێزگار و جێگرەكانیدا بە رێككەوتنی نێوان هەموو كوتلەكان لە نێویاندا نەینەوا موەحەدە، چەند مانگێك لەمەوبەر هەڵبژێردران.
محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان -كە لەگەڵ هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانیان كرد- لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە جەختیكردەوە "بڕیارەكانی ئەنجومەن (هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان) هەر دەبێت جێبەجێبكرێن، چونكە سەرپێچی یاسایی تێدا نییە و نوسراوەكەی ئەنجومەنی دەوڵەتیش پشتگیرییە بۆ بڕیارەكانمان"، پێشیوایە كۆتایی بە چەقبەستوویی نەینەوا دێت.
بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، دەستبەكاربونی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان دوای هەڵبژاردنیان، پێویستی بە بڕیاری پارێزگار هەیە بەڵام تائێستا دەرنەكراوە.