قەیرانەكەی نەینەوا دەچێتە دادگا
بەرەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا سورن لەسەر گۆڕانكارییەكان و ئەوانیتر رێگری دەكەن

نەینەوا/ 2ـی تەمموزی 2024/ دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی 20 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كەركوك ناو – نەینەوا

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئامادەنین پاشەكشێ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بكەن، ئەوەش بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل و وەكو تەحەدایەك بۆ ناڕازییەكان و دەستەی هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان.

ئەو پێداگرییەی زیاتر لە نیوەی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا، هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵی پەرلەمانتاران و دوو كوتلەی دیكەی دژ، لەڕێی ناڕەزایی و پەنابردنە بەر دادگا، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەن لە 2ـی تەمموز، كە تیایدا حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیەی نەینەوا هەڵبژێردران.

دانیشتنەكەی ئەنجومەن، بە بەشداری 16 ئەندام لە هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بەڕێوەچوو لە كۆی 29 ئەندام، لە بەرانبەردا بەرەی ناڕازیی كە هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە و پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتییان دەكەن، بە 13 كورسییەوە بایكۆتیان كرد.

ئەحمەد حاسود، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "زیاتر لە دوو مانگ چاوەڕێی لایەنەكانی دیكەمان كرد بۆ دانانی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان بەڵام هیچ هەنگاوێكی جددیمان لەوان نەبینی".

نەینەوا موستەقبەل، كە لایەنی سەرەكی پێكهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانن، ئەندامی سونە و كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش لە خۆدەگرێت، پێكدێن لە؛ عەقدی وەتەنی بە سێ ئەندام، تەقەدوم دوو ئەندام، یەكێتیی دوو ئەندام، حەدبا دوو ئەندام، هەویەی وەتەنی دوو ئەندام، وەتەنی للتەجدید یەك ئەندام، سێ ئەندامی ئێزیدی و شەبەك و كریستیان، لەگەڵ ئەندامێكی كوتلەی نەینەوا لیئەهلیها كە جیابۆتەوە دوای ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای وەرگرت.

ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەستمانكردووە بە تۆماركردنی سكاڵا لە دادگایەكی ئیداری بەغدا دژی دانیشتنەکەی ئەنجومەن و تا ئەو دانیشتنە بە نایاسایی نەناسێنرێت، بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی دیكەی ئەنجومەن ناكەین".

پارتی بە چوار كورسی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە 9 كورسییەوە ئەندامێتییان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵپەساردووە.

ANJWMAN (5) copy
نوسراوی دەستەی هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان لەسەر هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی نەینەوا لەگەڵ وەڵامی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا

موهەنەد نەجم جبوری، سەرۆكی نەینەوا موەحەدە لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردەوە "ناگەڕێینەوە بۆ ئەنجومەن تا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن لانەبرێن".

دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن، وەك یەك پاكێج لەگەڵ پارێزگار و جێگرەكانیدا بە رێككەوتنی نێوان هەموو كوتلەكان لە نێویاندا نەینەوا موەحەدە، چەند مانگێك لەمەوبەر هەڵبژێردران.

هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە پێكهێنەری سەرەكی كوتلەكەی موهەنەد جبورییە (نەینەوا لیئەهلیها)، كە پێنج كورسی هەبوو و ئێستا چوار كورسی ماوەتەوە، لەگەڵ دوو كورسی سیادە، دوو كورسی حەسمی وەتەنی و یەك كورسی كوتلەی عەزم.

تەنیا رۆژێك دوای دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی نەینەوا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی، دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان، كە سەر بە حكومەتی فیدراڵییە، لە نوسراوێكدا رێكارەكانی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای راگرت و جەختیكردەوە، پێویستە چاوەڕوانبن لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوەدا.

نوسراوەكەی دەستەی هەماهەنگیی، چوارشەممە 3ـی تەمموز بڵاوكرایەوە و تیایدا هاتووە؛ پێشتریش ئەنجومەن ئاگاداركراوەتەوە لە لابردن و گۆڕین و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی یەكە ئیدارییەكاندا پەلە نەكەن و چاوەڕوان بن، تا تەواو روندەبێتەوە ئایا لە دەسەڵاتی ئەنجومەندایە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر یان نا. جگە لەوەش رەخنەی لە رێكارەكانی لابردن و پڕكردنەوەی پۆستەكان گرتووە، كە دەبێت هەر لێپرسراوێك بە چەند قۆناغێكی لێپرسینەوە و بەڵگەی لادانی هەبێت تا دەگات بە پڕكردنەوەی شوێنەكەی، ناشبێت بە كۆ پۆستەكان بە یەكجار و لە یەك دانیشتن یەكلابكرێنەوە، وەك ئەنجومەن كردویەتی.

ئەوەی کراوە پلان نییە و دژی هیچ حزبێک نییە، بەڵكو ئەنجومەن کارێکی یاسایی خۆی كردووە

عیدان شیڤان، ئەندامی کۆتای ئێزیدی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "دانیشتنەکە یاسایی بوو، ئەوەی کراوە پلان نییە و دژی هیچ حزبێک نییە، ئەنجومەن کارێکی یاسایی خۆی كردووە، پێش دانیشتنەكەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا كراوە".

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەرزوو نوسراوەكەی دەستەی هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكانی رەتكردەوە و رونیكردەوە، ئەنجومەن دەسەڵاتی دەستوری و یاسایی خۆی بەكارهێناوە بە ئاڕاستەی چاكسازی ئیداری، هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانیش پاڵپشت بە حوكمەكانی دەستور و یاسا بوون.

وەڵامەكەی ئەنجومەن 4ـی تەمموز بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بە چەند بڕگەیەكی دەستور و یاسای بەركار كراوە، تیایدا هاتووە؛ بەپێی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە نەبونی ئەنجومەنی قەزاكاندا دەسەڵاتەكانیان دەگوازرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان.

بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی قەزاكاندا كە ئێستا لە عیراق بونی نییە.

سەعدون شەمەری، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا (هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەوەی رویداوە "كودەتایە" بۆ سەر یاسای كاری پارێزگاكان ژمارە 21ـی ساڵی 2008، بۆیە لەبەرانبەردا هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرنەبەر.

parti-2
نەینەوا/ 3ـی تەمموزی 2024/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی پەرلەمانتارانی پارتی دژی پرۆسەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان فۆتۆ: كەركوك ناو 

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكاندا، بەرەی ناڕازی هیچ پۆستێكیان بەرنەكەتووە، لە كاتێكدا پارتی پێشتر چەندین پۆستی بەدەستەوە بووە لە نەینەوا.

غەزوان داودی، كە هێشتا خۆی وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك دەناسێنێت (لە پشكی پارتی)، دەڵێت بە فەرمانی پارێزگاری نەینەوا لەو پۆستەدا دەستبەكاربووە و هەر بە فەرمانی ئەویش دەڕوات، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیم پۆستەکەم رادەستی کەسێکی تر بکەم.. ئەوەی کراوە تەسفیەی حسابات بوو، جێگای قبوڵکردن نییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە".

بەپێی یاسا دەستبەكاربونی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە، دوای هەڵبژاردنیان، پێویستی بە بڕیاری پارێزگار هەیە. پارێزگاری نەینەوا بە نزیك لە كوتلەی نەینەوا موەحەدە هەژماردەكرێت بەڵام پێشتر بە كۆدەنگی هەموو كوتلەكانی ئەنجومەن هەڵبژێردراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا وتی "تەنیا ئامانجیان ئەوەبوو پۆستەکان لە دەستی پارتی دەربهێنن، ئێمەش بێدەنگ نابین و هەڵویستمان دەبێت".

پەرلەمانتارانی پارتی لە پشكی نەینەوا، جەختیانكردەوە لە گرتنەبەری رێگای یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی دانیشتی ئەنجومەنی پارێزگا، بەوپێیەی پێشێلكاری یاسای كاری پارێزگاكانی تێدا كراوە لە لابردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و پڕكردنەوەی پۆستەكاندا، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە 3ـی تەمموز لە موسڵ بەڕێوەچوو.

 

عەمار عەزیز، بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا كردووە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT