ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەموو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی هەڵبژارد، لە نێویاندا قایمقامی قەزای شنگال، بەبێ ئامادەبونی دوو كوتلەی سەرەكی.
لە دانیشتنەكەی ئەنجومەن، كە ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی تەمموز بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 ئەندامانەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی نەینەوا ئەنجامدا، لەكاتێكدا هەریەك لە هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە و پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتیان كرد.
پەیامنێری (كەركوك ناو) كە روماڵی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی كرد، ئاماژەی بەوەدا زۆرینەی پۆستەكان، بە زۆرینەی دەنگ یان كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو یەكلاكراونەتەوە.
لە نێو پۆستەكاندا حەوت قایمقام هەڵبژێردران و بریتی بون لە سەیدۆ خەیری، قایمقامی شنگال و سەردار سیامەند، قایمقامی مەخمور و خەلیل هابش، قایمقامی تەلەعفەر و رەعد ناسر، قایمقامی تلكێف و عەلی ساڵح، قایمقامی حەزەر و سامر یوسف، قایمقامی حەمدانییە و شەعلان عەبدولرەزاق، قایمقامی بەعاج.
هەروەها 13 پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە هەڵبژێردران كە پێكهاتوون لە فواد ئەحمەد بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك، فواز مەشعان بۆ رەبیعە، عەلی محەمەد بۆ شۆرە، عامر مستەفا بۆ نەمرود، غالب عەلی بۆ قەراج، ئوسامە شاهر بۆ گەیارە، تارق درك بۆ تەل، فەلاح قەنبەر بۆ بەرتڵە، داود جوندی بۆ شمال (سنونێ)، ساعد زەینلعابدین بۆ عەیازییە، عوێد خەلیل بۆ زومار، یاسر عەساق بۆ وانكێ و زیاد تەها بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل.
محەمەد هەریس، سەرۆكی هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە (كەركوك ناو)ـی وت كۆبونەوە بە ئامادەبونی رێژەی یاسایی ئەندامان بووە و بۆ قایمقامی شنگال-ـیش، لە نێو پێنج كاندیددا یەكێكیان بە دەنگدان هەڵبژێردراوە.
هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل، لە ژمارەیەك كوتلە و لایەن پێكهاتوون، لە نێویاندا زۆرینە نزیكی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانن، بەڵام هەمویان شیعە نین، بەڵكو ئەندامی ئەنجومەنی لە سوننە و سەربەخۆ و پێكهاتەكانیش تێدایە، هاوپەیمانییەكە لە كۆی 29 ئەندامی ئەنجومەن خاوەنی 16 ئەندامە، لە نێویاندا سێ كورسی كۆتای ئێزیدی، شەبەك و كریستیان.
عیدان شیڤان، ئەندامی كۆتای ئێزیدی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە نێو 13 كاندیدی پۆستی قایمقامی شنگال، تەنیا پێنج كاندید دوای وردبینی و هەڵسەنگاندن مانەوە، لەو پێنج ئەندامە ئەنجومەن سەیدۆ خەیری هەڵبژارد، ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە كێشەكانی ئەو پۆستە".
قەزای شنگال نزیكەی حەوت ساڵە دوو ئیدارەی خۆجێیی هەیە؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكەدان و ئەویتر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بون. جگه لهو دوو ئیدارهیه؛ بهڕێوهبهرایهتی خۆسهری دیموكراتی، كه لایهنهكانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) خاوهندارێتی دهكهن وهك پرۆژهیهك بۆ بهڕێوهبردنی شنگال، له قهزاكهدا دهسهڵاتی ههیه.
پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و لە ساڵی 2020ـدا، رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستاندا واژۆكرا، بە ئامانجی پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ، دوبارە ئاوەدانكردنەوەی قەزاكە و رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە لە كارنامەی حكومەتی عیراقی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی جێگیركراوە، بەڵام هیچ مادە و بڕگەیەكی جێبەجێنەكرا.
وەكو هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە و پارتی ئەندامێتیمان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵپەسارد
پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئێستا چوار كورسی ئەنجومەنی هەیە و پێشتر قایمقامی شنگال و چەندین پۆستی دیكەی لابوو، ئەمڕۆ بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی كرد و هیچ پۆستێكیشی لە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی نەینەوا پێنەدراوە.
ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانيشتەكەی ئەنجومەنی پارێزگا نایاسایی بوو، چونكە پێویستە پارێزگار بانگەواز بۆ پۆستەكان بكات و دواتر سێ بەربژێر بۆ هەر پۆستێك بنێرێتە ئەنجومەن، ئەوكات ئەنجومەن یەكێكیان هەڵبژێرێت".
هەروەها وتی حزبەكەی هیچ پۆستێكی وەرنەگرتووە، "بیرۆكەی هەنگاوەكە ئەوەنییە كێ پۆست وەربگرێت، گرنگ و هەنگاوی راست ئەوەیە پێچەوانەی رێكار و رێنمایی و یاسا نەبێت".
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، هەردوو هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پێكەوە خاوەنی 13 كورسی ئەنجومەنن لە كۆی 29 كورسی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایی خۆیان نیشاندا و بڕیاریاندا ئەندامێتییان لە ئەنجومەن هەڵپەسێرن.
نەینەوا موەحەدە، كە لیستی (نەینەوا لیئەهلیها پێنج كورسی هەیە) پێكهێنەری بوو، پێشتر چەندین كوتلەی دیكەی سونەی عەرەبی لە خۆدەگرت و ئێستا تەنیا 9 ئەندام ماونەتەوە.
موهەنەد جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانیشتنەكەی ئەنجومەن پێشێلكاری و پێچەوانەی رێكارە یاساییەكان بووە، بەبێ گەڕانەوە بووە بۆ ئێمە و كوتلەی پارتی، بێ ئەوەی هیچ دانوستانێكی پێشوەختە لەسەر پۆستەكان بكەن، بۆیە لەگەڵ پارتی ئەندامێتیمان لە ئەنجومەن هەڵپەسارد".
پێشتر و لە سەرەتاكانی پێكهێنانی ئیدارەی نەینەوا، هەموو كوتلە و هاوپەیمانییەكانی ناو ئەنجومەن، پێكەوە پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی و پارێزگار و دوو جێگرەكەیان یەكلاكردەوە.
محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانیشتنەكە بەبێ ئامادەبونی ئەندامانی پارتی بوو كە بایكۆتیان كرد و بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆبونەوەكە پۆستی قایمقام یەكلاكرایەوە"، یەكێتیی كە دوو ئەندامی هەیە و بەشداری دانیشتنەكەی كرد، پۆستی قایمقامی مەخمور و بەڕێوەبەری ناحیەكانی سنونێ و وانكێ-ـی بەركەوت.
بەپێی یاسای كاری پارێزگاكانی عیراق، پۆستەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن ئەنجومەنی قەزاكانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەنجومەنی قەزاكانەوە، دیاریكردن و هەڵبژاردنی كاندیدی ئەو پۆستانە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە.
بەڵام ناڕازییەكانی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، پێیانوایە دەبوو پاڵپشت بە ماددەیەكی دیكەی هەمان یاسا پۆستەكان یەكلابكرێنەوە، كە هاتووە پێویستە پارێزگار سێ كاندید بۆ هەر پۆستێكی باڵا بۆ ئەنجومەن بەرزدەكاتەوە و ئەندامانی ئەنجومەن یەكێكیان هەڵبژێرن. بەبێ ئەوەی لە ماددەكە "دەستەواژەی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە" هەبێت.
عەمار عەزیز، بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم بەدواداچونەدا كردووە