ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وردبینی لە ناو و مامەڵەی 13 كاندید دەكات، كە دەیانەوێت كێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی قایمقامی قەزای شنگال بكەن.
لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵەوە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال كرایەوە و بڕیاربوو تا ناوەڕاستی هەمان مانگ سیڤی وەربگرن، بەڵام رێككنەكەوتنی حزبەكان و كەمی ژمارەی كاندید، وایكرد وادەی وەرگرتنی كاندید تا 15ـی ئایار بەردەوامبێت.
محەمەد عەبدوڵا جبوری، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت دوای ئەوەی وادەی وەرگرتنی سیڤی بۆ پۆستی قایمقامی شنگال کۆتاییهات، بڕیارە لیژنەیەک وردبینی لە ناوی بەربژێرەکانی ئەو پۆستەدا بكات.
"13 کەس خۆیان بۆ ئەم پۆستە بەربژێر کردووە" بەوتەی جبوری، كە رونیكردەوە دوای پرۆسەی وردبینی بۆ كاندیدەكان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وادەی دانیشتنێکی تایبەت دادەنێت بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی قایمقامی شنگال بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن.
بەپێی یاسای كاری پارێزگاكانی عیراق، بەهۆی نەبوونی ئەنجومەنی قەزاكانەوە، دیاریكردن و هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە، لەوچوارچێوەیەشدا، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەكی بۆ پێكهێنانەوەی ئیدارەی شنگال پێكهێناوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت "پۆستی قایمقامی شنگال و یەكلاییكردنەوەی زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری باش بۆ ناوچەکە، بەڵام دیاریكردنی کەسێک بۆ ئەم پۆستە دەبێت بە تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی پارێزگا بێت".
قەزای شنگال نزیكەی حەوت ساڵە دوو ئیدارەی خۆجێیی هەیە؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكەدان و ئەویتر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بون. جگه لهو دوو ئیدارهیه؛ بهڕێوهبهرایهتی خۆسهری دیموكراتی، كه لایهنهكانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) خاوهندارێتی دهكهن وهك پرۆژهیهك بۆ بهڕێوهبردنی شنگال، له قهزاكهدا دهسهڵاتی ههیه.