كەس بە لای پۆستی قایمقامدا ناچێت
لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی شنگال رێكنەكەوتوون

نەینەوا/ زستانی 2024/ شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی قەزای شنگال فۆتۆ: لەیس حسێن

عەمار عەزیز – نەینەوا

پێكهێنانی ئیدارەی نوێی شنگال، چاوەڕێی دەستی حزبەكانە كە هێشتا نەگەیشتوون بە رێككەوتن و بەوهۆیەوە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ناچاری وادەی وەرگرتنی كاندیدی پۆستی قایمقام درێژدەكاتەوە.

لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵەوە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال كرایەوە و بڕیاربوو تا ناوەڕاستی هەمان مانگ سیڤی وەربگرن، بەڵام  رێككنەكەوتنی حزبەكان و بونی تەنیا دوو كاندید، وایكردوە وادەی وەرگرتنی كاندید تا 15ـی ئایار بەردەوامبێت.

عیدان شیفان، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشكی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەنجومەن بەجددی ئیش لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ئیدارەی قەزاكە دەكات و ماوەی وەرگرتنی كاندید تا ناوەڕاستی ئایار درێژكراوەتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆ و دانیشتنی نێوان لایەنەكان بۆ رێككەوتن، تا ڕادەیەكیش نزیكن لە رێككەوتن، بەڵام هێشتا هیچ شتێكی فەرمی نییە".

بەپێی یاسای كاری پارێزگاكانی عیراق، بەهۆی نەبوونی ئەنجومەنی قەزاكانەوە، دیاریكردن و هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە، لەوچوارچێوەیەشدا، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەكی بۆ پێكهێنانەوەی ئیدارەی شنگال پێكهێناوە.

محەمەد جاسم، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەنجومەنی پارێزگا مافی ئەوەی هەیە پۆستی قایمقامی شنگال پڕبكاتەوە، بۆ ئەوەش دەرگای خۆكاندیدكردنی كردۆتەوە و تائێستا دوو كەس سیڤی-ـییان پێشكەشكردووە".

nainawa 2.2024.. (2)
نەینەوا/ 2024/ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا قسە دەكات فۆتۆ: ئەحمەد بله

كەمی كاندید بۆ ئەو پۆستە بەهۆی رێكنەكەوتنی حزبەكانەوەیە كە پێویستە پێشتر بگەنە ئەنجام و پاشان لە ئەنجومەنی پارێزگا بخرێتە دەنگدانەوە.

"هەموو كەسێك دەزانێت پۆستی قایمقام بەپێی ژمارەی دەنگەكان بەر كێ‌ دەكەوێت، بەڵام ئەگەر بەرێككەوتنیش دابنرێت بۆ ئێمە كێشە نییە، ئەوەی زۆر گرنگە كە كەسێك دابنرێت خەڵكی شنگال لێی ڕازی بن، گرنگ نییە لە چ حزب و لایەنێكە" ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی ئێزیدی، وای وت.

پۆستی قایمقامی شنگال پێشتر بەدەست لایەنی كوردییەوە بوو، كە لە خولی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا شەش كورسییان هەیە (چوار پارتی و دوو یەكێتی) لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەن، كورسییەكانی دیكە، جگە لە ئێزیدی، شەبەك و كریستیان یەكی كورسییەكی بە كۆتا، ئەوانیتر بەسەر لایەنە عەرەبییە سونیی و شیعییەكاندا دابەشبوون.

ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "پۆستەكانی شنگال بە رێككەوتنی سیاسی دادەنرێن، هیچ رێككەوتنێكیش بەبێ‌ پارتی لە شنگال ناكرێت، پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەمێكە دەستیكردووە بە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ دانانی ئیدارەیەكی تازە لە شنگال".

ئەو جەختیكردەوە "پرسی شنگال سیاسییە و لەگەڵ حكومەتی عیراق یەكلایی دەكرێتەوە".

shngal-1-2
نەینەوا/ 2020/ خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی ئێزیدییەكان دژی رێككه‌وتنی شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەوەش لە كاتێكدایە چەندین سیناریۆی جیاواز بۆ پێكهێنانی ئیدارەی شنگال باسدەكرێت، یەكێك لەوانە، پێدانی پۆستی قایمقامی شنگالە بە كاندیدی نزیك لە حەشدی شەعبی (ئێزیدی بێت) و دیاریكردنی بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ لە پشكی یەكێتیی.

محەمەد جاسم وتی "قسەیەك هەبوو، پۆستی قایمقام بۆ كۆتای ئێزیدی بێت و بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بۆ یەكێتیی، بەڵام هێشتا رێككەوتن نەكراوە، هەرچەندە ئێمە مافی خۆمانە پۆستێكی باڵا وەربگرین لە ئاستی بەڕێوەبەری ناحیە"، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی دەڵێت تائێستا تەنیا قسە و دانیشتن هەیە نەك رێككەوتنی رەسمی.

قەزای شنگال نزیكەی حەوت ساڵە دوو ئیدارەی خۆجێیی هەیە؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكەدان و ئەویتر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بون. جگه‌ له‌و دوو ئیداره‌یه‌؛ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتی، كه‌ لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال، له‌ قه‌زاكه‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌.

عیدان شیفان دەڵێت وەكو كۆتای ئێزیدی، لەگەڵ هیچ لایەنێكدا گفتوگۆ و دانوستانیان دەربارەی پۆستی قایمقام نەكردووە، بەڵام هەوڵدەدەن بە گیانێكی پێكەوەیی و بەبێ جیاوازی كاربكەن لە شنگال، لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت بە زوویی چارەسەری كێشەكانی ئەو قەزایە بكەن و ئیدارەی نوێ پێكبهێنن.

پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و لە ساڵی 2020ـدا، رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستاندا واژۆكرا، بە ئامانجی پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ، دوبارە ئاوەدانكردنەوەی قەزاكە و رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە  لە كارنامەی حكومەتی عیراقی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی جێگیركراوە، بەڵام هیچ مادە و بڕگەیەكی جێبەجێنەكراوە.

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستاندا بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق، ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە زیاتر لە 334 هەزار كەسن و زۆرینه‌ ئێزیدین. شنگال لە 3ـی ئابی 2014ـدا داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015ـدا كۆنتڕۆڵكرایەوه، بەوهۆیەوە هەزاران ئێزیدی روبەڕوی رفاندن، كوشتن، كۆچ و ئاوارەیی بوونەوە، شارەكەش بوو بە وێرانە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT