دوای نۆ ساڵ یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکیی دۆسیەی هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی ئازادکرا.
ئەمە مانشێتی سەرەکیی زۆربەی میدیاکان بون لەسەرەتای مانگی کانونی یەکەمی 2020، بێگومان تەنها مانشێتی هەواڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە دۆخێک لە هەرێمی کوردستان، کە کەس لەسەر هێرش و پەلاماردان و تەنانەت تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسانیش سزا نادرێت.
رۆژی (29)ی ئابی ساڵی 2011 لە نزیک ئۆفیسی کارەکەی، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کرایە سەر ئاسۆس هەردی نوسەر و رۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری دامەزراوەکە و سەرنوسەری رۆژنامە ئاوێنە، کە رۆژنامەیەکی ئەهلی سەربەخۆ بوو.
ئەو کەسانەی کە تۆمەتبار سەرەکیی هێرشکردنە سەر ئاسۆی هەردی بوون، ئەفسەرێکی پلەباڵای سەر بە هێزی پێشمەرگە و دو پاسەوانی بون، زیاتر لە نۆ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگا، ئامادە نەبون بچنە بەردەم دادگا، دواتر کەچونە بەردەم دادگا بەکافەلەت ئازادکران و دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری بێتاوان بونیان بۆ دەرچوو.
ئەوە نمونەی سەدان دۆسیەی ئەنجامدانی پێشلکارییە بەرامبەر رۆژنامەنوسان بەتایبەتی رۆژنامەنوسانی ئەهلی و سەربەخۆ، کە تائێستا کەس لەسەریان سزا نەدراوە و تەنانەت دادگای نەیتوانیوە دۆسیەکان یەکلایی بکاتەوە و ئەنجامدەرانی سزا بدات.
یەکەمین رۆژنامەی کوردی کە لە مێژودا بڵاوکراوەتەوە رۆژنامەی کوردستان بوو کە لە قاهیرە و لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە (22/4/1898) بڵاوکراوەتەوە، رۆژنامەیەکی ئەهلی بوە کە سەر بە هیچ لایەن و گروپ و حیزبێک نەبوە، بەوەش دەردەکەوێت سەرەتای سەرهەڵدانی رۆژنامەوانی کوردی سەربەخۆ و ئەهلی بوە.
هەرچەندە ساغکردنەوەی سەرەتا و یەکەم رۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ١٩٩١ ئەستەمە و کاری توێژەرانە و لێکۆڵەرانە، بەڵام د.هێرش رەسوڵ پسپۆڕی راگەیاندن و مامۆستای زانکۆ لە توێژینەوەیەکیدا لەسەر مێژوی رۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان ئەوە ساخ کردوەتەوە کە یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی لە باشوری کوردستان رۆژنامەی (ئەمڕۆ)یە کە لە (15/8/1994) لە هەولێر دەرچوە، دواتریش چەند هەوڵێکی دەرکردنی رۆژنامەی ئەهلی هەبوە لە سنورێکی دیاریکرا.
ئهم بۆچوونه یهک ناگرێیهتهوه لهگهڵ بۆچوونی ئاسۆس ههردی سهرنووسهر دوو رۆژنامهی دیاری ئههلی لهههرێمی کوردستان (هاوڵاتیو ئاوێنه) ئهو پێی وایه سهرهتای فیعلی میدیای ئههلی لهههرێمی کوردستان لهدوای راپهڕین بهرۆژنامهی هاوڵاتی دهست پێدهکاتو ههموو ئهوانهی پێشووتر ههبوون "کهسانێکی سهر بهحیزبه باڵادهستهکان تهمویلیان کردوون".
رۆژنامەی هاوڵاتی کە یەکەم ژمارەی لە (5.11.2000) بڵاوبوەوە، بە یەکەم رۆژنامەی ئەهلی سەربەخۆی بەربڵاوو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت و خاوەنی ئیمتیازەکەی تاریق فاتیح بوو (خاوەنی چاپخانەی رەنج) لە پێناسەی خۆیدا، خۆی بەیەکەم رۆژنامەی سەربەخۆ دادەنێت کە لە دوای دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە لە ساڵی (1968) دامەزرابێت، رۆژنامەکە تا (25/2/2015) بەردەوام بوو دواتر بەهۆی قەیرانی دارییەوە داخرا، دوای چەند ساڵێک وەستان لە (4/4/2018) وەک رۆژنامەیەکی هەفتانە دوبارە بڵاوکرایەوە، دوای بڵاوبونەوەی کۆرۆنا جارێکی دیکە رۆژنامەکە لەمانگی ئازاری 2020 راگیرایەوە.
دواتر ئاوێنه یەکەم ژمارەی لە (3/1/2006) بڵابوەوە کە سهر بهکۆمپانیای ئاوێنهیه بۆ چاپ و بڵاوکردنهوه. رۆژنامهی ئاوێنه پاش (12) ساڵ بهردهوام بونو بڵاوکردنهوهی (927) ژمارە راگیرا، رۆنامەکە سەر بە کۆمپانیای ئاوێنەیە کە کۆمپانیایهکی سنوورداره له بواری میدیاو بڵاوکردنهوهدا کاردهکات. موڵکی کۆمهڵێک وهربهرهێنه، که ئامانجو بنهما سهرهکییهکانی ئاوێنه کۆی کردوونهتهوه، لهپێش ههمووشیانهوه ئهو پرنسیپەی که “کهناڵهکانی راگهیاندن ناتوانن ئازاد بن، تا لهڕووی داراییو ئابوورییهوه ئازاد نهبن له دهسهڵاتو دامودهزگا رهسمییهکان“. لێرهشهوه پرۆژهیهکه بۆ هاندانی وهبهرهێنانی کهرتی تایبهت لهبواری میدیادا.
لەپاڵ ئاوێنەدا گۆڤارەکانی لڤین و شار و سپی و ژمارەیەک رۆژنامە و گۆڤاری دیکە چاپ و بڵاوکرانەوە، هاوشانی ئەوانیش رادیۆی نەوا لە سلێمانی و رادیۆی دەنگ لە کەلار هەبون، کە زۆرینەیان لەلایەن کەسایەتییەک یان کۆمپانیایەکی سنوردارەوە خاوەندارێتی دەکران، ئەو میدیایانە خۆیان بە میدیای ئەهلی و سەربەخۆ دادەنا و لە زۆربەی کۆبونەوەکاندا پێکەوە دادەنیشتن و خۆیان بە میدیای ئەهلی دەناساند.
قوربانی بەلێشاو
میدیای ئههلی لهههرێمی کوردستان بهدهیان پێشێلکاریی جۆراوجۆری بهرامبهر کراوه، تائێستا داتایهکی روون بهردهست نییه که پێشێلکارییهکانی دهرههق بهمیدیا ئههلی کۆکردبێتهوه، بهڵام لهههموو جۆره پێشێلکارییهکان پشکی گهوره بهر میدیای ئههلی کهوتووه، میدیاکارانی ئههلی (سۆرنی مامه حهمهو سهردهشت عوسمانو کاوه گهرمیانی) لهلیستی قوربانییهکانی خۆیان ههژمار دهکهن.
تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2008 زیندوترین نمونەی پێشێلکاریی و تاوانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان و قەڵەمی ئازاد، بەڵام دوای 12 ساڵ هیچ کەس لەسەر دۆسیەکەی سزا نەدراوە و تەنانەت تۆمەتبارانی دۆسیەکەش دیارنین.
سۆرانی تەمەن 21 ساڵ، رۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ بو، زیاتر بەدواداچونی بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردان و دزی و پێشێلکارییەکان دەکرد و لە رۆژنامەی هاوڵاتی و گۆڤاری لڤین نوسین و بابەتە رۆژنامەوانییەکانی بڵاودەکردەوە، بەوتەی هاوڕی و کەسوکارەکەی لەسەر نوسین لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کەرکوک تیرۆر کراوە.
دۆسیەی سۆرانی مامە حەمە ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، تاوانباران و ھۆکاری کوشتنی ھێشتا تەواو روون نییە و ساڵانەش لەلایەن رۆژنامەنووس و هاوڕێیانی و بە ئامادەبوونی خێزانەکەی یادی تیرۆرکردنی دەکرێتەو و داواکاریی سەرەکییش دەستگیرکردن و سزادانی بکوژانییەتی.
بەر لە دوو مانگ لە تیرۆرکردنی، سۆران ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو. کوشتنەکەشی بەدوای چەند وتارێکدا دێن کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردبوونەوە، بەتایەتی لەسەر خانمی یەکەمی کوردستان و راپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی حکوومی شاری کەرکووک لەگەڵ لەشفرۆشانی ئەو شارە.
لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەر و رۆژنامەنوس و هاوڕێی سۆران دەڵێت: "لەسەر دۆسیەی سۆرانی مامەحەمە، زانیاریی هەیە لەسەر ئەوەی بکوژەکان کێن و تەنانەت لەسەر چی نوسینێک کوژراوە، بەڵام بەڵگەی تەواو نییە و دوای زیاتر لە 12 ساڵ دۆسیەکە لەسەر رەفەکان تۆزی لەسەر نیشتوە و هیچ بەرەو پێشچونێکی نییە و وەکخۆ ماوەتەوە، هەرچەندە لە دادگا دۆسیەی هەیە و لە ئاسایشی کەرکوکیش بەدواداچون کراوە و زانیاریی کۆکراوەتەوە".
لەسەر دۆسیەی سۆرانی مامەحەمە، زانیاریی هەیە لەسەر ئەوەی بکوژەکان کێن و تەنانەت لەسەر چی نوسینێک کوژراوە، بەڵام بەڵگەی تەواو نییە و دوای زیاتر لە 12 ساڵ دۆسیەکە لەسەر رەفەکان تۆزی لەسەر نیشتووە
دۆسیەکەی سۆرانیش، چوە پاڵ ژمارەیەک دۆسیەی دیکەی تیرۆرکردن و لێدان و پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەنگی ئازاد لە هەرێمی کوردستان.
"ئەو پێشێلکارییانەی لەماوەی 10 ساڵی رابردودا رویداوە نزیک دەبێتەوە لە 2000 پێشێلکاری، بەڵام تائێستا یەک کەس لەسەر پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان سزا نەدراوە".
دوو هەزار پێشێلکاریی
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لەماوەی 10 ساڵدا 2008 تا 2018، نزیکەی 2000 پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران کراوە کە زۆرینەی ئەو پێشێلکارییانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکارانی دامەزراوە ئەهلی و سەربەخۆکانە، بەڵام هیچ کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە سزا نەدراوە.
ئەنوەر حسێن، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، دەڵێت: "ئەو پێشێلکارییانەی لەماوەی 10 ساڵی رابردودا رویداوە نزیک دەبێتەوە لە 2000 پێشێلکاری، بەڵام تائێستا یەک کەس لەسەر پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان سزا نەدراوە".
بەوتەی ئەنوەر حسێن، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کاری رۆژنامەنوسی بە پیشە نەناسێنراوە، حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگاکان رێز لە پیشەی رۆژنامەنوسان ناگرن، هەرچەندە یاسای باش هەیە لە هەرێمی کوردستان و تایبەت بە رۆژنامەنوسان، بەڵام یاساکان جێبەجێ ناکرن.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆچونێک دروست بوە، رۆژنامەنوس بە دوژمنی وەهمی دادەنرێت لەلایەن حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانەوە، لەکاتێکدایە رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان پیشەیەکی رێگەپێداروە، بەپێی یاسای رۆژنامەنوسان، پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوس، هاوشێوەی ئەنجامدانی پێشێلکارییە بەرامبەر فەرمانبەرێک لە وەزیفەی گشتیدا و سزای قورس بۆ ئەوە دانراوە.
جێگری نەقیبی رۆژنامەنوسان دەڵێت: "سەندیکا نۆ هەزار ئەندامی هەیە ناتوانێت 500 رۆژنامەنوس کۆبکاتەوە، رۆژنامەنوسان خۆیان نەبونەتە هێزی فشار لەسەر حکومەت و دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنیان".
سەندیکا نۆ هەزار ئەندامی هەیە ناتوانێت 500 رۆژنامەنوس کۆبکاتەوە، رۆژنامەنوسان خۆیان نەبونەتە هێزی فشار لەسەر حکومەت و دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنیان
تاکە دۆسیە کە تائێستا لەلایەن دادگاوە یەکلایی کرابێتەوە و کەسێک وەک تاوانبار لەلایەن دادگاوە ناسێنرابێت و سزای بەسەردا سەپێنرابێت، دۆسیەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییە.
شەوی پێنجی کانونی یەکەمی 2013، کاوە گەرمیانی سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ و پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی و لە باوەشی دایکیدا لە شاری کەلار تیرۆر کرا، دادگا کەسێکی وەک تۆمەتبار دەستگیرکرد و دوای چەند دانیشتنێکی دادگا، تۆمەتیاری سەرەکیی لەسەر دۆسیەکە بە لەسێدارەدان سزادرا، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوە سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
هەرچەندە ناوی کەسانی باڵا و بەرپرس لە دۆسیەکە دەهێنرا وەک پاڵنەری سەرەکیی تاوانەکە، بەڵام تاوانبارەکە ناوی هیچ کەسێکی دیکەی نەهێناوە و خۆی سزاکەی وەرگرت.
لەماوەی رابردودا، پەرلەمانی کوردستان یاسای لێبوردنی گشتی دەرکرد، هەوڵدرا کە تاوانباری سەرەکیی کوشتنی کاوە گەرمیانی بەر لێبوردنەکە بکەوێت و سزاکەی کەمبکرێتەوە.
ئازاد عوسمان رۆژنامەنوس و هاوڕێی کاوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی و رۆژنامەنوسان دادگایان ئاگادار کردەوە کە، بەپێی یاساکە بکوژی رۆژنامەنوسان لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، بۆیە بڕیارەکە راگیرا.
"رادیۆی دەنگ ساڵی 2011 تاڵان کرا، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر دۆسیەکە لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە".
ئازاد عوسمان خۆیشی یەکێکە لەو کەسانەی کە قوربانیی پێشێلکارییانە، لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا هێرشکرایە سەر رادیۆی دەنگ کە ئازاد بەڕێوبەریەتی، بەڵام تائێستا تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە ئاشکرا نەکراون.
دۆسیەی هێرشکردنە سەر رادیۆی دەنگ لەکەلار کە رادیۆیەکی ئەهلی و سەربەخۆیە و تاڵانکردنی ئامێرەکانی، تائێستا وەکخۆی ماوەتەوە و بەکراوەیی هێڵراوەتەوە.
بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت: "رادیۆی دەنگ ساڵی 2011 تاڵان کرا، دۆسیەکە تائێستا ماوەتەوە لەم ماوەیەدا نێردرایەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار بۆ دوبارە لێکۆڵینەوە و وتەی خۆمان دایەوە، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر دۆسیەکە لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی دەزانین ئەوانەی پەلاماری رادیۆیان دا هێزی ئەمنی و ئاسایش بون".
ئەو دادوەرەی کە سەرەتا دۆسیەکەی رادیۆی دەنگی پێدراوە، بەباشی دەزانێت سەرەڕای نەبونی بەڵگەی پێویست لەسەر دەستدرێژیکارەکان، دۆسیەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا ئەگەر زانیاری نوێ هەبو دوبارە کار لەسەر دۆسیەکە بکرێتەوە.
کوشتنی سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و شوکری ئامێدی، نمونەی زیندویی ئەو دۆسیانەن کە تائێستا نەک تۆمەتباری دۆسیەکان دەستگیرنەکراون، بەڵکو دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکان دۆسیەکەیان بە جۆرێکی دیکە بڵاوکردوەتەوە.
دۆسیەی سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووس و قوتابی دوا قۆناغی بەشی زمانی ئینگلیزیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین بوو، رۆژی چواری ئایاری 2010 لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو ڕفێندرا. دوای دو ڕۆژ لە دیارنەمانی، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە دەوروبەری مووسڵ دۆزرایەوە.
لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وابڵاوکرایەوە کە پەیوەندی لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستی لە موسڵ هەبوە، بەڵام دواتر کێشەی لەگەڵ گروپەکە بۆ دروست بوە و کوژراوە و لە موسڵ فڕێدراوە و کەسێکیش وەک تۆمەتباری سەرەکی لە میدیاکانەوە پیشاندرا.
ئەوە نەبوە جێی رەزامەندی و قەناعەتی هاوڕێ و کەسوکارەکەی و رۆژنامەنوسان، دۆسیەکە وەک تیرۆری رۆژنامەنوسێکی ئازاد لەسەر قەڵەمەکەی و نوسینەکانی دەناسرێت.
بەشدار عوسمانی برای ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکە دەڵێت "لەدانیشتنی ڕۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠١٣ لەدادگای تاوانەکانی هەولێر، ئەو تۆمەتبارەی بەکوشتنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تۆمەتبار کرا بوو لەقسەکانی پەشیمان بووەو ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە دابویانە پاڵ. تۆمەتبارەکە لەقسەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئەو نە سەردەشت عوسمانی بینیوەو نە ناسیویەتیو نە دەستیشی لەکوشتنیدا هەبووە."
بەپێی زانیاریەکان و هەواڵی گۆڤاری لڤین کە لە 14-5-2014 بڵاوکراوەتەوە ئەو پێش تیرۆری سەردەشت لە زیندادابووە. واتە تۆمەتبارەکە لەو کاتەدا لە زیندان بووە کە سەردەشت تیرۆر کراوە.
با دیکۆمێنت بکرێت
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە رۆژنامەنوسان لە ساڵانی (2011 بۆ 2019) بە گشتی (2241) پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆمارکردوە لە (کوشتن، لێدان و بریندارکردن، هەڕەشە، سوکایەتی، دەستبەسەرکردنی کەرەستەی رۆژنامەوانی، رێگریی لە کاری رۆژنامەوانی و دەستگەیشتن بە زانیاریی و چەندین پێشێلکاریی دیکە.
ساڵانە سەنتەری میترۆ لەگەڵ هاوبەشەکانیدا ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بڵاودەکاتەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان، بۆ ئەوەش فۆرمێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەو کەسانەوە پڕبکرێتەوە کە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، هەروەها هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردنی بەردەوامی هەیە بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان.
رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان، دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی بە هۆکاری بەشێکی زۆر لە یەکلایی نەبونەوەی دۆسیەی پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دادەنێت و دەڵێت: دادوەرەکان و شێوازی دامەزراندنی دادوەران و پەیوەستبونی دادگاکان بە حیزبەوە کاریگەری هەیە لەسەر دامەزراوەی دادوەریی، لەگەڵئەوەشدا رۆژنامەنوسان خۆشیان هۆکارن کە ناچن سکاڵا تۆمار بکەن.
سەنتەرکە فۆرمێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی رۆژنامەنوس سکاڵا تۆمار بکات لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەری دەکرێت، سەنتەرەکەش پارێزەری بەبێ بەرامبەر بۆ دادەنێت، بەڵام بەشێکی زۆری رۆژنامەنوسان باوەڕیان بەوە نییە دۆسیەکەیان لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە بۆیە ئامادەنین سکاڵا تۆمار بکەن.
"پێویستە رۆژنامەنوس لەسەر ئەو پێشێلکاریی و تاوانانەی بەرامبەری دەکرێت داوا تۆماربکات بۆ ئەوەی بە دیکۆمێنت بکرێت"
پێویستە رۆژنامەنوس لەسەر ئەو پێشێلکاریی و تاوانانەی بەرامبەری دەکرێت داوا تۆماربکات بۆ ئەوەی بە دیکۆمێنت بکرێت
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: "لە هەمو حاڵەتێک دەبێت داوا تۆماربکرێت، چونکە قۆناغێکی دیکە دێت کاتێک دۆسیەکان کەڵەکە دەبن، ئەوکاتە لێکۆڵەرەکان و توێژەران بەدواداچونی بۆ دەکەن و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن، بۆ ئەوەش پێویستە رۆژنامەنوس لەسەر ئەو پێشێلکاریی و تاوانانەی بەرامبەری دەکرێت داوا تۆماربکات بۆ ئەوەی بە دیکۆمێنت بکرێت".
بەپێی داتاکانی سەنتەری میترۆ، ساڵ بە ساڵ ژمارەی داواکارییە یاساییەکانی رۆژنامەنوسان لەسەر پێشێلکارییەکان کەمتر دەبێتەوە، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە داواکان بە کراوەیی دەهێڵرێتەوە، یان بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە دەزگاکان راگەیاندن ئامادەنین لەسەر رۆژنامەنوسەکانیان بێنە دەنگ.
لە ساڵی (2014) و هێرشەکانی داعش و دروستبون و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و خراپبونی دۆخی ئابوری، رۆژنامەی کاغەز بە گشتی و رۆژنامەی ئەهلی و سەربەخۆ و کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی گشتی روی لە پاشەکشە کردوە و زۆرینەی رۆژنامە و گۆڤارە دیارەکان داخران (هاوڵاتی، ئاوێنە، شار، سپی، لڤین...) بەشێوەیەکی گشتی میدیای سەربەخۆ و ئەهلییش لە پاشەکشەدایە و لەشوێنی ئەوان، میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا و وێب تیڤی پەرەی پێدراوە.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای رۆنامەنوسانی کوردستان تا ساڵی (2014) لە کۆی (900) رۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتیان وەرگرتوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە (850)یان داخراون، ئەوەش هۆکاری سیاسی و ئابوری هەیە.
"بەداخەوە لای خوێنەر میدیا ئەرزشێکی ئەوەتۆی نەماوە و میدیا ئێستا لەوپەڕی خراپیدایە و دەتوانین بڵێین کە لە قیرانێکی گەورەدایە و ئایندەی باش نابینم". ئەنوەر حسێن وای وت.
بەوتەی ئەنوەر حسێن جێگری نەقیبی رۆژنامەنوسان؛ لە رۆژنامە و گۆڤاری جدی و خاوەن قورسایی، ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندنی سێبەر و بەناو کلتوری و کۆمەڵگەیی هاتونەتە کایەوە کە کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵکە و خێزان و لەبیربردنەوەی کێشە جدییەکانی کۆمەڵگە و رۆڵی راستەقینەی میدیا هەیە.
پاروویهکی ئاسان
ئاسۆس ههردی سهرنووسهری پێشووتری ههردوو رۆژنامهی هاوڵاتیو ئاوێنه که دوو ئایکۆنی دیاری میدیای ئههلین، هۆکاری سهرهکی پهلاماردانی میدیای ئههلی بۆ دوو لایهن دهگهڕێنێتهوه:
یهکهم: میدیای ئههلی میدیایهکی بێ پشتو پهنایه کاتێک پێشێلکاری بهرامبهر دهکرێت هیچ دامهزراوهیهکی حکومیو هیچ هێزێکی دهسهڵاتدار نایپارێزێت، بهپێچهوانهی میدیای "سێبهر"هوه که ههم لهپهلاماری فیزیکیو ههم لهلێپێچینهوهی یاسایی پارێزراوه.
دووهم: میدیای ئههلی بهیهک دووری لهههموو لایهنهکانهوه وهستاوهو کاتێک زانیارییهکی دهست دهکهوێت دهست لهکهسیان ناپارێزێت، ههر بهم هۆیهوه ههموو هێزهکان ئهگهر لهنێو خۆیشیاندا ناکۆک بن لهوهدا کۆکن که میدیای ئههلی مهترسییه بۆ سهر ئهوان.
ئاسۆس ههردی دهڵێت "میدیای ئههلی بۆ ههموو لایهنهکان پاروویهکی ئاسانه، بۆیه کهسیان دهستی لێ ناپارێزن".
میدیای ئههلی بۆ ههموو لایهنهکان پاروویهکی ئاسانه، بۆیه کهسیان دهستی لێ ناپارێزن
لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی قەوارەیەکی فیدراڵی سەربەخۆیەوە، لە ساڵی (1992)ەوە خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانانە و تائێستا ژمارەیەک یاسای تایبەتی بە رۆژنامەنوسان دەرچواندوە (هەشت یاسا) و بەڵام هێشتا هەندێک دۆسیەی رۆژنامەنوسان بە یاسای تیرۆر و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی یەکلایی دەکرێنەوە و سزا دەدرێن. هاوشانی ئەوە دەسەڵاتی جێبەجێکار و دەسەڵاتی دادوەریی هەیە، بەڵام هەمو ئەو یاسایانە و هەر سێ دەسەڵاتەکەش تائێستا نەیانتوانیوە رۆنامەنوسان بپارێزن و حەسانەیەکیان پێبەخشن تا بتوانن ئازادانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و بەشداربن لەو پڕۆسە دیموکراسی و پەراوێزە ئازادییەی کە ئەو هەرێمە بەردەوام شانازیی پێوەدەکات و خۆی بە (عێراقەکەی تر) ناو دەبات.