لانیكەم 100 رۆژنامەنوس و كارمەندی راگەیاندن لە ململانێی نێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا بێ كاربون و نێردراونەتە ماڵەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی "رێكخستنی میدیا"ی حزبەكەدا، كە بەهۆیەوە بەشێك لە دەزگاكانی نزیك لە یەكێك هاوسەرۆكەكان داخراون و ستراتیژی كاركردنی بەشێكیشیان لە بەرژەوەندی یەكێك لە هاوسەرۆكان گۆڕدراوە.
پریشكی ئەو ناكۆكیانە كە بەر رۆژنامەنوسان كەوتووە، لەكاتێكدایە هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە پشكی هەمان حزب، بەڵێنیانداوە ئەو رۆژنامەنوسانە نان‌بڕاو نەكرێن و بگەڕێنرێنەوە سەر كارەكانیان، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە.
هاوسەرۆكانی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، لە 8ى ته‌مموزی ئەمساڵەوە ناكۆكی قوڵ كەوتە نێوانیان و لە ململانێی سەپاندنی هەژموندان، تا لە 5ی تشرینی دووەمدا بە "دەركردن"ی لاهور جەنگی و سێ ئەندامی سەركردایەتی ئەو ناكۆكییە پێی نایە قۆناغێكی هەستیارەوە و كێشەكانیان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لەوەشدا ئایندەی ئەو 100 رۆژنامەنوسە نادیارە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، رۆژنامەنوسان یەكێكن لەو توێژانەی پریشكی ئەو ململانێیەیان بەركەوتووە و بێكاربون، هەروەها پێشێلكاریی هەبووە لە بەردەوامیدان بە كارەكانیان و دوو دەزگا و پلاتفۆرمی راگەیاندن بەتەواوی داخراون، لەوانە تۆڕی هەواڵی ژیان و پلاتفۆرمی چاو. بەشێكیشیان ستراتیژی كاركردنەكەیان گۆڕدراون و ستافەكەیان نزیكەی بۆ نیوە كەمكراونەتەوە.
تۆڕی هەواڵی ژیان، گەورەترین دەزگای راگەیاندن بووە كە لەو ململانێیەدا زیانی بەركەوتووە و 74 رۆژنامەنوس دوای داخستنی دەزگاكە بێكاربون.
كاروخ نامیق، به‌ڕێوه‌به‌رى تۆڕى هه‌واڵى ژیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئه‌و رۆژه‌ى هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر که‌ناڵى (ئای پڵه‌س)، هەواڵمان پێگەیشت كە دێنە سەر كەناڵەكەی ئێمەش، بۆیە بڕیارماندا چۆڵی بكەین لەبەر پاراستنی ژیانی رۆژنامەنوسەكانمان".
كەناڵی (ئای پڵەس IPLUS) كە لەلایەن لاهور جەنگییەوە پاڵپشتی دارایی دەكرا، لە 13ی تەمموزدا لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە سلێمانی دەستیبەسەردا گیرا بەرلەوەی پەخش دەستپێبكەن، ئەوەش بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی.
لەو مامەڵەیەدا "سوكایەتی بە بەشێك لە كارمەندەكان كرا، مۆبایلەكانیان لێسەندرا و بۆ ماویەك دەستبەسەركران"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكیان لەكاتی دەستبەسەركردنی كەناڵەكە. دواتر بافڵ تاڵەبانی، بڕیاریدا كارمەندەكان دەوامی خۆیان بكەن و لە ئێستادا مانگانە موچەكانیان پێدەدات.
تۆڕی هەواڵی ژیان، پاڵپشتی میدیایی لە نوسینگەی لاهور جەنگی-یەوە پێدەگەیشت، نوسینگەكەی لە دەروازە سیتی بوو لە سلێمانی و 74 كارمەندی هەبوو. دەزگاكە تۆڕێکى میدیایى دیجیتاڵى به‌رفراوان بوو، به زمانه‌کانى کوردى (سۆرانى-بادینى)، ئینگلیزى و عه‌ره‌بى روماڵی ده‌کرد.
"ئێمە زۆر پیشەییانە كاری رۆژنامەوانییمان دەكرد، هه‌واڵه‌کانى هاوسه‌رۆک بافڵ تاڵه‌بانیشمان بڵاودەکردەوە و هاوسەنگ بوین لە نێوان هاوسەرۆكاندا"، كاروخ زیاتر وتی "بڕیاربوو موچەی حوزەیران لە 15 تەمموزدا وەربگرین، بەڵام بەهۆی روداوەكانی ناو یەكێتییەوە دواكەوت، دوای روداوی 8ی تەمموز قسەمان لەگەڵ برادەرانی نزیك لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی كرد، ئەوان وتیان موچه‌تان له ئیداره‌ى گشتى یه‌کێتییه... بۆیە قسەمان لەگەڵ نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی كرد و لەگەڵیان كۆبوینەوە، ئەوە بوو ئەوان وتیان دەزگاكەتان داناخرێت و بەردەوام دەبن، بەڵام بە سیاسەت و ستراتیژی نوێوە".
دوای ئەو دانیشتنە، موچەی مانگی حوزەیران بە ستافەكە درا، "چوینەوە سەر كار، بەڵام دواتر لە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانییەوە پێیان ڕاگەیاندین كە دەزگاكە دادەخەین"، بەوتەی كاروخ.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هێزە ئەمنییەكان بەشێكی كەلوپەلەكانی تۆڕی هەواڵی ژیانیان بردووە و رادەستی دەزگای تری راگەیاندنیان كردووە، وەك سەرچاوەیەك لە كەناڵەكە جەختیكردەوە و ئامادەنەبوو لەبەر كاردانەوەی دەزگا ئەمنییەكان ناوی خۆی بڵاوبكاتەوە.
هاوكات لانیكەم 10 كارمەندی پلاتفۆرمی چاو، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك چالاكبون هەر بەهۆی ئەو روداوانەدا بێكاربون، ئەوانیش پاڵپشتی داراییان لە نوسینگەی لاهور جەنگی وەردەگرت و لە ئێستادا كارەكانی ئەوانیش راگیراوە و پەیجەكەیان داخراوە.
كاروخ وتی "ئه‌و که‌سانه‌ى له نوسینگه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى بون به‌ڵێنیاندا که تۆڕى هه‌واڵى ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت و داوایان کرد بۆ ئەوەش سەرلەنوێ سیڤی-یان بۆ بنێرینەوە، ئەوەبوو 50 سیڤیمان بۆ ناردن، بەڵام ئەوە دوو مانگە هیچ وەڵامێكیان نییە".
رۆژنامەنوسێكی تۆڕی هەواڵی ژیان، كە بەباشی نەزانی ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "زۆرینەمان ئەوە تاكە سەرچاوەی بژێویمان بوو، زۆرمان كرێچین و خاوەن ماڵ و منداڵێن، داواكارین بەڕاشكاوی یان پێمان بڵێن بەدوای كاری تردا بگەڕێن، یان رێمان بدەن دەست بەكاربكەینەوە و پاڵپشتی دراییمان بكەن".
بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007 پەسەندكراوە پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی دەزگاكان، پابەندی هەموو ئەو مافانەبن كە لەیاسا بەركارەكان و گرێبەستی پەسەندكراو لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانەوە بۆ رۆژنامەنوسان دیاریكراون.
بەڵام كێشەیەكی بەردەم ئەو رۆژنامەنوسانەی كە بێكاربون بەهۆی ململانێیەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتییەوە ئەوەیە، بەبێ گرێبەست كاریان كردووە، وەك رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان جەختی لێكردەوە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "وەك سەنتەری میترۆ گفتوگۆمان لەگەڵ بەشێك لەو رۆژنامەنوسانە كردووە، هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى له تۆڕى هه‌واڵى ژیان و چه‌ند ده‌زگایه‌کى تردابون گرێبه‌ستیان نه‌بووه، به‌داخه‌وه ده‌بوو ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه ئه‌وه‌نده هۆشیاری یاساییان هه‌بوایه که به‌بێ گرێبه‌ست کارنه‌که‌ن".
لە 16ی تەمموزی 2021دا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى ھه‌ندێک که‌ناڵ و په‌یجى دیاریکراو داخراون، کارمه‌نده‌کانیان نه نان‌بڕاو دەکرێن و نه دوچارى ده‌رکردن ده‌بنەوە". ئەوەش دوای سەردانی وەفدێكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ هات بۆ لای قوباد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت.
تۆڕی هه‌واڵى ژیان لە 18ى تشرینى یه‌که‌مدا، لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان و عیراق، سه‌نته‌رى میترۆ، کۆمیته‌ى جیهانیى بۆ پارێزگاریى له رۆژنامه‌نووسان CPJ هەروەها باڵیۆزخانه و کونسوڵخانه‌ى وڵاتان له عیراق و هه‌رێم و رێکخراوه‌کانى بوارى مافه‌کانى مرۆڤ نێردراوە، تیایدا هاتووە "چه‌ند ده‌زگایه‌کى میدیایى نزیک له لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى داخراون، له‌نێویاندا (تۆڕى هه‌واڵى ژیان)، ئێمە 74 کارمه‌ند و رۆژنامه‌نوس له‌م ده‌زگایه‌دا کارمان ده‌کرد ئێستا بێكارین، ده‌رکه‌وت به‌ڵێنه‌که‌ى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، ته‌نها دروشم بوو، چونکه له‌ڕاستییدا نه‌ک هه‌ر نان‌بڕاو کراین، به‌ڵکو میدیاکه‌مان داخراوە، که پێشێلکاریى زه‌قى یاساى رۆژنامه‌گه‌رییه".
لە یاسای رۆژنامەگەریدا هیچ بڕگەیەكی تیا نییە تایبەت بێت بە راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن و ئەو كارەش بە پێچەوانەی یاسا ناودەبرێت.
"ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بوین به قوربانى سه‌ره‌کى کێشە و ناکۆکییه‌کانى نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆکى یه‌کێتی"، بەپێی راگەیەنراوەكەی تۆڕی هەواڵی ژیان.
ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بوین به قوربانى سه‌ره‌کى کێشە و ناکۆکییه‌کانى نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆکى یه‌کێتی
هاوكات هەریەكە لە دەزگا و پلاتفۆرمەكانی ئاژانس، پۆلەتیك پرێس، میللەت، كۆباس كە بەنزیك لە لاهور جەنگی هەژماردەكران و لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە موچەكانیان پێدرا، نزیكەی نیوەی كارمەندەكانیان دەكراون و سیاسەتی كاركردنی كەناڵەكەش گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.
بۆ نمونە پلاتفۆرمی كۆباس، بەر لە روداوەكانی 8ی تەمموزدا، لە زۆرینەی بابەتەكانیدا لایەنگری لاهور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دەكرد، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی بابەتەكان لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڵاودەكرێنەوە.
بەپێی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری، ئەگەر گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەزگاكەدا رویدا، یان بارودۆخی گرێبەستەكەی گۆڕانكاریی بەسەرداهات، ئەوە رۆژنامەنوس بۆی هەیە گرێبەستەكەی هەڵبوەشێنێتەوە.
کاروخ نامیق كە ئێستاش لە هەوڵدایە ماف بۆ رۆژنامەنوسانی تۆڕی هەواڵی ژیان بگەڕێنێتەوە. وتی "رۆژنامەنوسەكان ئێستا بێكارن و قوباد تاڵه‌بانى-یش به‌ڵێنیدا که نان‌بڕاو ناکرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌ڵێنه‌که‌ى جێبه‌جێنه‌کردووە".
سەرچاوەیەك نزیك لە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا مانگێكی تر وەڵامی ئەو رۆژنامەنوسانە دەدەنەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی رێكخستنەوەی راگەیاندنی یەكێتین"، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر ئاشكرابكات لەوەی وەڵامەكە چۆن دەبێت، هەروەها ئامادەنەبوو قسە لەسەر موچەی ئەم چەند مانگەیان بكات كە راگیراوە.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، قوباد تاڵەبانی، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی راسپاردووە، چارەسەر بۆ كێشەی ئەو رۆژنامەنوسانە بدۆزنەوە. بەڵام هێشتا رون نییە چ میكانیزمێك بەكاردەهێنرێت.
لە هەرێمی كوردستان و لە 20 ساڵی رابردودا، هەزار و 259 دەزگای راگەیاندن لە كەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی، رادیۆ، رۆژنامە، ماڵپەڕ و گۆڤار لە وەزارەتی رۆشنبیری و سەندكای رۆژنامەنوسانی كوردستان تۆماركراون و 8000 هەزار رۆژنامەنوسیش لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان تۆماركراون، پێشبینی دەكرێت لانیكەم هەزار رۆژنامەنوس لە دەرەوەی ئەندامێتی سەندیكا كاری رۆژنامەوانی بكەن.
ئه‌نوه‌ر بازگر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان، لەبارەی كێشەی ئەو رۆژنامەنوسانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "یه‌کێتى وه‌ک حزبێکى سیاسى مافى خۆیه‌تى چاکسازى له مه‌کته‌بى راگه‌یاندنیدا بکات و گوتارەكەی یه‌کبخات... ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌شی که پێشتر له‌و ده‌زگایانه‌دا ئیشیان ده‌کرد که سه‌ر به مه‌کته‌بى راگه‌یاندنى یه‌کێتى نه‌بون داوایان داوه‌ته سه‌ندیکا و ئێمه‌ش داوامان کردووه مامه‌ڵه‌ی گونجاویان له‌گه‌ڵدا بکرێت".
"داوامان لە یەكێتی كردووە به‌پێى ئیمکانیاتى خۆى له ده‌زگاکانى دیکه‌دا جێیان بکه‌نه‌وه له‌ژێر وتارى ئێستاى یه‌کێتیدا".
داوامان لە یەكێتی كردووە به‌پێى ئیمکانیاتى خۆى له ده‌زگاکانى دیکه‌دا جێیان بکه‌نه‌وه
هاوكات ره‌حمان غه‌ریب، وتی "ئه‌و پرسه دوو به‌شه، به‌شێکیان ئه‌وه‌یه که یه‌کێتىی نیشتیمانىی کوردستان ئه‌و مافه‌ى هه‌یه که گۆڕانکارى بکات له هه‌یکه‌لى راگه‌یاندنه‌کانیدا و موڵکییه‌تى بۆ حزب بێت، به‌ڵام ئه‌و مافه‌ى نییه ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى گرێبه‌ستیان هه‌یه ده‌ریانبکات".