چمک نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی 10 ساڵەی بڵاوكرده‌وه‌

كه‌ركوك ناو

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە فەرمیی بەڵگەنامەی ڕاسپاردەکانی سێیەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بڵاوکردەوە کە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی ١٠ ساڵەیە  (٢٠٢٦–٢٠٣٦).

ئامانج له‌و نەخشەڕێگەیە كه‌ چمك بڵاویكردۆته‌وه‌، "دەستنیشانکردنی کۆسپەکانی بەردەم کاری رۆژنامەگەریی و دانانی چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ حوکمڕانیی دیموکراتی، سەروەریی کولتووریی و چاکسازیی پێکهاتەیی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستانی عێراق-دا"، وه‌ك له‌ راگه‌یه‌نراوێكیاندا هاتووه‌.

ئەو بەڵگەنامە ستراتیژییە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و بەرئەنجامی توێژینەوە مەیدانیی و کۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییەکەی لەندەن-ە کە لە رۆژانی (٨ و ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦) لە زانکۆی سۆواس بە ئامادەبوونی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەکادیمیای بەریتانیی و نوێنەرانی دیپلۆماسیی و حکوومیی بەڕێوەچوو.

نەخشەڕێگەکە بە وردیی تیشک دەخاتە سەر شەش کۆڵەکەی سەرەکی بۆ چاکسازیی، لەوانە:

١. دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی یاسایی و درووستکردنی تۆماری ناوەندیی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی میدیاکان (UBO).

٢. بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەوانان بەبێ مۆڵەتی حکوومیی و پۆلێنکردنی بڕوانامەبەندیی ئارەزوومەندانە.

٣. پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەوانان، قەدەغەکردنی سیخوڕی دیجیتاڵیی و سەپاندنی ڕێکارەکانی Anti-SLAPP.

٤. ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری دیجیتاڵیی و خستنەئەستۆی بەرپرسیارییەتی یاسایی بۆ تۆڕە بازرگانیی و حزبییەکان.

٥. داڕشتنی ڕێنمایی تەکنیکی ژیریی دەستکرد (AI) بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی ڕەسەنایەتیی ناوەڕۆک (C2PA).

٦. داڕشتنی ژێرخانی تەکنەلۆژیای گشتی، پاراستنی ئاسایشی سیبەری میدیا سەربەخۆکان و جێگیرکردنی پەروەردەی میدیایی بەردەوام لە قوتابخانەکاندا (K-12).

لەو بارەیەوە، پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس، ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک و سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم نەخشەڕێگەیە نەخشەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە لەرێگەی زانیاریی و داتای زانستییەوە کە تێیدا پێشنیازی دەرکردنی "یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن" لەرێگەی پەرلەمانەوە کراوە بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە ئیدارییە دژبەیەکەکان بهێنرێت.

خوێنەران، توێژەران و نێوەندەکانی بڕیار دەتوانن لە ڕێگەی بەستەرەکانی خوارەوە بە هەردوو زمانی کوردیی و ئینگلیزیی دەقی تەواوی نەخشەڕێگا ستراتیژییەکە (٢٠٢٦–٢٠٣٦) دابگرن و ڕێگەچارەکان ببینن:

دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی کوردی

https://chmk.org/.../the-3rd-chmk-media-reform-forum.../

دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی ئینگلیزی (English Version)

https://forum.chmk.org/chmk-media-reform-forum.../

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT