دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە نادەستوری یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 50 رۆژنامەنوس، چالاكوان، مامۆستا و کەسی دیكەیان بەو یاسایە روبەڕوی دادگا كردەوە و ژمارەیەكیان سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا، لەنێویاندا شێروانی شێروانی كە هێشتا ئازادنەكراوە.
لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە 13ـی تشرینی یەكەمی 2026 دەرچووە، تیایدا هاتووە؛ یاسای ژمارە 21 پێچەوانەی حوکمی ماددەکانی (110 و 121/ دووەم)ـی دەستوری عیراقە.
یاسای ژمارە 21 لە 27ـی ئەیلولی 2003، لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستاندا بەسەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیس دەركراوە و ئامانج لێی لەكارخستنی چەند ماددەیەكی یاسای سزادانی عیراقی بووە.
ئەو یاسایە لە شەش ماددە پێكهاتووە، لە ماددەی یەكەمیدا جێگرەوەیەك بۆ ماددەی 156ـی یاسای سزادانی عیراقی دانراوە و هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
پێشتر (كەركوك ناو) بەدواداچونێكی لەسەر یاسای ژمارە 21 بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، كە چۆن دەستەواژە و ناوەڕۆكی ماددەی یەكەمی یاساكە وایكردووە دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆی بۆ پەلكێشكردنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بۆ دادگا بەكاریبهێنێت، لە بری ياساى رۆژنامەگەری و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان.
ماددەی یەكەمی یاساكە هەمان ناوەڕۆكی ماددەی 156ـی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـیە بە گۆڕانكارییەوە لە جۆری سزاكە و دەستەواژەكاندا. بەپێی ماددەی 156 كە لە عیراق بەركارە و كاتی خۆی بەعس دژی پێشمەرگە بەكاریدەهێنا، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێنرێت ئەگەر بە ئەنقەست سەربەخۆیی وڵات یان یەكپارچەیی یاخود سەلامەتی خاكەكەی بخاتە مەترسییەوە یان ببێتە هۆی ئەو كارە.
بەشێك لەوانەی بە یاسای ژمارە 21 روبەڕوی دادگا كراونەتەوە، تا كاتی دەستگیركردنیان كاری رۆژنامەوانییان كردووە، ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەكانیاندا خراونەتەڕوو پشت بە ئاڵۆگۆڕی زانیاری و نامە و وێنەی ناو مەسنجەری تایبەت یان گروپ چاتیان دەبەستێت، كە بەوتەی خۆیان گروپەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆكە و زانیاری رۆژنامەوانی بووە. هەروەها لە كاتێكدا بەپێی ژمارە 35ـی ساڵی 2007 هەر رێكارێكی یاسایی دژی رۆژنامەنوسان بگیرێتەبەر، پێویستە پێشتر سەندیكای رۆژنامەنوسانی کوردستانی لێ ئاگاداربكرێتەوە.