یاسای ژمارە 21؛ مۆتەكەی سەر ئازادی رۆژنامەوانی
دژی کورد بەکاردەهات و ئێستا کورد دژی خۆی پیادەی دەکات

خێزانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسەکان لە ڕۆژی دادگایکردنی 16ی شوباتی 2021، دانیشتوون لە دەرەوەی سەرۆکایەتی داداگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر. © 2021 NRT Digital Media

سیروان حسێن

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵێکدا زیاتر لە 50 چالاكوان، رۆژنامەنوس، مامۆستا و کەسی دیكەیان بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی  2003روبەڕوی دادگا كردۆتەوە و تائێستا پێنج كەس بەو یاسایە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. یاسای ژمارە 21 هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.

ئەوەی سەختییەكانی ژیان و هەر بارودۆخێكی دیكە نەیتوانی بیكات، بەهۆی یاسای ژمارە 21ـەوە بەسەر ماڵی شێروان تەهادا هات، نزیكەی ساڵێكە لە هاوسەرەكەی دورە، كە پێشتر قەت هێندە لە یەكتری دانەبڕاون.

منداڵەكانی شێروان تەها (34 ساڵ)، یەكێك لە زیندانیكراوەكانی بادینان، جەژنی قوربانی ئەمساڵ، سێیەم جەژن دوور لە سۆزی و باوەشی باوكیان بەڕێدەكەن.

ئەو بە پێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بە "پلانگێڕی و هەوڵدان بۆ كاری تێكدەرانە و سیخوڕی" تۆمەتباركراوە، ئەو یاسایەش ئازادكردن بە كەفالەت نایگرێتەوە و بەوهۆیەوە شێروان تەها لە خێزان و منداڵەكانی دابڕاوە.

شێروان تەها لە ئەیلولی 2020 دەستگیركراوە، یەكەم دانیشتنی دادگایی لە 12ی تەمموزی ئەمساڵ بووە و دواخراوە 6ی ئەیلولی داهاتوو.

شێروان تەها دەرچوی بەشی زمانی ئینگلیزی زانكۆی سەڵاحەدینە، هەر لە زانكۆش جوان حسێنی-ی ناسیووە و  بە یەكەوە لە بەریتانیا ماستەریان خوێندەوە،  دوو منداڵیان هەیە؛ كوڕێكی چوار ساڵان و كچێكی سێ ساڵان.

شێروان تەها مامۆستای ئامادەیی و چالاكوانی پەروەردەییە، گەنجێكی رەخنەگرە، بەشداری چەندین چالاكی پەروەردەیی لە زانكۆ و خوێندنگەكاندا كردووە، پێشتر مامۆستای وانەبێژ بووە لە زانكۆ.

لێكچونی یاسای ژمارە 21 و یاساكەی سەددام

یاسای ژمارە 21 لە 27ی ئەیلولی 2003، لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستاندا بەسەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیس دەركراوە و ئامانج لێی لەكارخستنی چەند ماددەیەكی یاسای سزادانی عیراقی بووە.

ئەو یاسایە لە شەش ماددە پێكهاتووە، لە ماددەی یەكەمیدا جێگرەوەیەك بۆ ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی دانراوە و هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ‌ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

یاساكە لە ژمارە 45ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان لە 28ی تشرینی یەكەمی 2003دا بڵاوكراوەتەوە و لەوكاتەوە تائێستا بەركارە.

ماددەی یەكەمی یاساكە هەمان ناوەڕۆكی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ـیە بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە لە جۆری سزاكە و دەستەواژەكاندا.

بەپێی ماددەی 156 كە لە عیراق هێشتا بەركارە، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێنرێت ئەگەر بە ئەنقەست سەربەخۆیی وڵات یان یەكپارچەیی یاخود سەلامەتی خاكەكەی بخاتە مەترسییەوە یان ببێتە هۆی ئەو كارە.

rojnamanus-2
له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌:شڤان سه‌عید، گۆهدار محه‌مه‌د، هاریوان عیسا، شێروان ئه‌مین شێروانی و ئه‌یاز كه‌ره‌م كە لە شوباتی ئەمساڵ بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 هەریەكێكیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا

ئاسۆس هەردی، رۆژنامەنوس بە (كەركوك ناو)ی وت "شەرمەزارییەكی ئێجگار گەورەیە بۆ دەسەڵات كە رۆڵەكانی خۆی بە یاسایەك دادگایی بكات كە كاتی بەعس بۆ دژی ئەوان دەركراوە".

"وا دایبنێ دەستگیركراوەكان رۆژنامەنوسیش نین، بەڵام هەر عەیبەیەكی گەورەیە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین خەڵك بەو یاسایە دادگایی بكرێت".

ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی، كە ئێستا یاسای ژمارە 21 لە هەرێمی كوردستان جێگەی گرتۆتەوە؛ ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەبڕیاری ژمارە 458 لە 21ی نیسانی 1984دا بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندویەتی كە دژی حكومەتی ئەوكات بون.

ئەوكات هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەشەڕدابون دژی حكومەتی عیراقی بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، بە واژۆی سەدام حسێن، سەرۆكی ئەنجومەنەكە و سەرۆك كۆماری ئەوكاتی (1979-2003) عیراق دەركراوە، تیایدا هاتووە "حوكمەكانی ماددەی 156 لە یاسای سزادان بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێنرێت كە دەسەلمێت پەیوەندی هەیە بە حزب یان كۆمەڵەیەكەوە ئامانجیان لە هەڵسوكەوتەكانیاندا یان پرۆگرامی نوسراویاندا گۆڕینی رژێمی حوكمە لەڕێگەی هێزی چەكدار یان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەر لایەنێكی بیانیدا".

ئەو بڕیارە لە ژمارە 2992ی 7ی ئایاری 1984ی رۆژنامەی وەقایعی عیراقدا بڵاوكراوەتەوە.

"ماددەی 156ی یاسای سزادان دژی هەرێمی كوردستان بوو، بۆیە دەبوو پەلەبكرێت لە دەركردنی یاسای ژمارە 21، كە ئەو ماددەیە و ژمارەیەك ماددەی تری یاسای سزادانی راگرت" بەوتەی نیعمەت عەبدوڵا، ئەندامی خولی یەكەمی كوردستان، ئەو خولەی یاسای ژمارە 21ی دەركرد.

نعیمەت بە (كەركوك ناو)ی وت ئەوكات "هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لە پەرلەمان دەركران، بە تەوافوقی نێوان پارتی و یەكێتی بوون".

 

پەلكێشكردنی رۆژنامەنوس و چالاكوانان بۆ دادگا

بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 دادگای تاونەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌  رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد.

وەك لە نوسراوەكانی دادگادا هاتووە، رۆژنامەنوس و چالاكوانەكانی بادینان تۆمەتبارن بە "كردنە ئامانجی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان، تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری و كردەوەی تێكدەرانە دژی دامودەزگا حكومیی و دادوەرییەكان لە هەرێم" لەگەڵ "كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر كارمەندانی ئەمنی و زیندانەكان" و هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)دا.

تۆمەتباران و كەسوكاریان و پارێزەرانیشیان تەواوی تۆمەتەكان رەتدەكەنەوە.

هیچ كاتێك بیرمان لەوە نەكردۆتەوە رۆژێك لە رۆژان ماددەی یەكەمی ئەو یاسایە دژ بە رۆژنامەنوسان بەكاربهێنرێت

بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەسەڵات بۆیە سكاڵاكەی بەیاسای ژمارە 21 تۆماركرد تا سزا بدرێن، چونكە بە یاسای رۆژنامەگەری تەنیا سزای دارایی دەدرێن و دەستگیرکردنی تێدا نییە".

ئەو لەبارەی ناوەڕۆكی یاسای ژمارە 21ـەوە كە هاوشێوەی ماددەی 156ـە، وتی "ئەو یاسایە بەعس بۆ سەركوتكردنی پێشمەرگە دەریكرد، كەچی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕوی خەڵكی خۆی دەكاتەوە، بۆیە ئەو یاسایە بۆتە ماڵوێرانی بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین لە كوردستان".

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020دا تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵدا، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون؛ لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.

زۆرینەی دەستگیركراوەكان بەماددەی 2ی یاسای ژمارە 21 تۆمەتباركراون.

ئەندامەكەی خولی یەكەمی پەرلەمان وتی "ئەو یاسایە و ماددەی یەكەمی بەتایبەت دژی هیچ شۆڕشگێڕێك دەرنەكراوە، هیچ كاتێكیش بیرمان لەوە نەكردۆتەوە رۆژێك لە رۆژان ئەو مادەیە دژ بە رۆژنامەنوسان بەكاربهێنرێت، یان لە پێشتردا دژ بە نەوشیروان مستەفا بەكار بهێنرێت و بەو ماددەیە بدرێنە دادگا".

لە كۆتایی 2015دا، دادگای هەولێر بەپێی هەمان یاسا نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەی گۆڕان-ی روبەڕوی دادگا كردەوە.

پێشتریش كەمال سەید قادر، نوسەر و رەخنەگر بەپێی هەمان ماددە دەستگیركرا و بەهۆی هەبونی رەگەزنامەی نەمسایی ئازادكرا و لە ساڵی 2015یشدا عیسا بارزانی، رەخنەگر و كەسایەتی دیاری ناوچەی بارزان بووە نێچیری هەمان ماددە.  

نیعمەت عەبدوڵا دەڵێت "بارودۆخەكە وای لێهاتووە دەسەڵات دژی هەر كەسێك ئەو یاسایە بەكاردەهێنێت، بەڵام ئەو بەكارهێنانە لەژێر پەردەی یاسادا دەکرێت، بە جۆرێك كەیسی ئەو كەسانە وا لێدەكەن كە یاسایەكەیان لەسەر جێبەجێبكرێت، گرفتەكە لە یاسایەكەدا نییە، بەڵكو لە رێكخستنی دۆسیەكان یان ئەو تۆمەتانەیە روبەڕوی دەستگیركراوەكان كراونەتەوە".

ئەو پێیوایە پێویستە رۆژنامەنوسان بەپێی یاسای كاری رۆژنامەگەری دادگایی بكرێن نەك ئەو یاسایە.

نیگەرانین لە بێهیوابونی كەسوكاری زیندانیان بەرانبەر بە دادگاكا 

بەپێی ياساى رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 هەر رێكارێكی یاسایی دژی رۆژنامەنوسان بگیرێتەبەر پێویستە پێشتر سەندیكای رۆژنامەنوسانی کوردستانی لێ ئاگاداربكرێتەوە.

ئازاد حەمەدەمین، تەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەڵێت ئەگەر سەلمێنرا هەر كەسێك رۆژنامەنوسە و كاری رۆژنامەنوسی دەكات و دۆسیەكەی لەسەر بابەتی رۆژنامەنوسییە نابێت بە یاسای 21ی ساڵی 2003 دادگایی بكرێت.

بەوتەی ناوبراو بۆ (كەركوك ناو) مەترسی لەسەر پیشەی رۆژنامەنووسی هەیە، چونكە حزبە سیاسییەكان كایەی رۆژنامەگەرییان كردووە بە كەرەستەی كاری سیاسی بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییەكانیان، "شاڵاوێك خەڵك هاتووەتە ناو میدیا و دەیانەوێت خۆیان بكەنە پاڵەوان، لەسەر دۆسییەكان هێشتا دادگا و سەندیكای رۆژنامەنووسان قسەیان نەكردووە ئەوان قسە دەكەن".

ئەو جەختیكردەوە "ئامادەنین بە كەسێك بڵێین رۆژنامەنوس كە پیشەی رۆژنامەنوسی نەكات".

بەشێك لە دەستگیركراوەكانی بادینان تا كاتی دەستگیركردنیان كاری رۆژنامەوانییان كردووە، ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەكانیاندا خراونەتەڕوو پشت بە ئاڵۆگۆڕی زانیاری و نامە و وێنەی ناو مەسنجەری تایبەت یان گروپ چاتیان دەبەستێت، كە بەوتەی خۆیان گروپەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆكە و زانیاری رۆژنامەوانی بووە.

ئاسۆس هەردی پێیوایە "شەرمەزارییەكی گەورەیە" دەستگیركراوەكان وەك رۆژنامەنوس سەیر نەكرێن، "كەس بۆی نییە بڕیاربدات فڵان رۆژنامەنوسە یان نا، ئەوە كارەكانیەتی دەیسەلمێنێت".

 

ناڕەزایی و گومانی دەستتێوەردان

سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان ناڕەزایی بەرفراوانی لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دژی پەسەندكردنی سزای رۆژنامەنوس و لێكەوتەوە، بە تایبەت لەلایەن نوێنەرایەتی وڵاتانەوە لە هەولێر، بەهۆی ناوهێنانی هەردوو كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە دۆسیەكانیاندا.

رۆژنامەنوس و چالاكوانەكان تۆمەتباركرابون بە كۆبونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو دوو كونسوڵخانەیە و وەرگرتنی هاریکاریی دارایی.

دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، لە 20ی حوزەیرانی 2021 و دوای دوەم وربینی بۆ دۆسیەی رۆژنامەنوس و چالاكوانەكانی بادینان،  سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەر یەكێكیان وەك خۆی پەسەندكرد، بەڵام ناوی كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیای لە دۆسیەكاندا دەرهێنا.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی دروستكەری ئاشتی كریستیانی (CPT) –رێكخراوێكی ئەمریكییە بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ- بە (كەركوك ناو)ی وت "نیگەرانین لە بێهیوابونی كەسوكاری زیندانیان بەرانبەر بە دادگاكان، هیوادارین هەمان ئەزموون دووبارە نەبێتەوە و دادگاكان سەربەخۆبن و سەربەخۆییان بۆ بگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر دادگاكان سەربەخۆ نەبن ئەوا بارودۆخی ئەمنی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی سەقامگیر نابێت".

كامەران لە چەند دانیشتنێكی دادگایی دەستگیركراوانی بادیناندا ئامادەبووە و دەڵێت كەسوكاری زیندانییەكان و خودی زیندانییەكانیش بەشێكیان ئامادەنەبون پارێزەر بەرگرییان لێبكات چونكە پێیانوایە ئەوان پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە، لەوەشدا نمونەی قسەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستانی هێنایەوە دەربارەی دۆسیەی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە حوكمدراوەكە.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران بەر لە دادگایی کردنەکان و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا دەربارەی چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیركراوەكانی بادینان وتی، "نە چالاكوانن، نە رۆژنامەنوس، هەندێك لەوانە سیخوڕ بون.. هەندێكیشیان تێكدەر و چەكدار بون".

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئامەد سلێمان كەمال، كوڕی یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان دوای بەڕێوەچونی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی باوكی لەهەولێر/ 13ی تەمموزی 2021/ دیپلۆماتیك مەگەزین

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT) ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان 76 كەسن و بەشێكیان وادەی دادگاییكردنیان نادیارە.

5ی تەمموزی 2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ژمارەیەك دەستگیركراوی بادینان بوو بەڵام دانیشتنەكە دواخرا؛ تۆمەتبارەکان عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد بون.

هاوکات، لە 12ی هەمان مانگدا، دانیشتنی دادگایی ژمارەیەك دەستگیركراوی دیكە لەوانە، مەسعود شنگالی، شیروان تەها، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب بەڕێوەچوو.

بڕیارە لە 29ی تەمموزیش دادگایی ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری بەڕێوەبچێت.

دیندار زیباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا پێشتر وتی هەر كەسێك لە دەرەوەی چوارچێوەی كاری رۆژنامەنوسی تۆمەتباربكرێت بە بەیاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

دەستگیركراوەكانی بادینان رۆژنامەنوس، چالاكوان، مامۆستای زانكۆ، بەڕێوەبەری خوێندنگە، ئەندازیار و مامۆستا بنەڕەتییان تێدایە، بە ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 تۆمەتباركراون.

"پێویستە لە سەرەتادا دادوەرەكان ئەوە قبوڵ نەكەن دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان بكرێت و بڕیاری سەربەخۆییانە لەسەر دۆسیەكان بدەن" كامەران عوسمان وادەڵێت.

 

گۆڕانكاری لە یاسای ژمارە 21دا

هەڵمەتی دەستگیركردنی رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دوابەدوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020 لە قەزای زاخۆ دژی چەند دۆسیەیەك لەوانە خراپی گوزەرانی خەڵك، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەكە بارگرژی لێكەوتەوە.

لەكاتێكدا بەپێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2010، خۆپیشاندان مافێكی دەستورییە و بەپێی یاسا پیادە دەكرێت، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە دەسەڵاتی كارگێڕی، بەڵام لەكاتی سەرپێچیکردنی یاساكەدا سزای تا مانگێك زیندانی یان غەرامەی 50 هەزار دینار یاخود هەردوكیان دانراوە.

ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە رۆژنامەنوس و چالاكانی بادینان وتی پرۆسەی دادگاییەكە "پەیامێكیشە بۆ بادینان بە ئامانجی كپكردنی دەنگە ناڕازییەكان و ئەوانەی رۆڵیان لە خۆپیشاندانەكەی ئابی 2020 هەبووە، بابەتەكەش تەواو سیاسییە نەك یاسایی".

لە ساڵی 2019یشدا، ژمارەیەك هاوڵاتی لە شیلادزێ، دوای بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێكدا دژی سەربازگەكانی توركیا، بە یاسای ژمارە 21 دەستگیركران.

بەشدار حەسەن دەڵێت "بەردەوامی ئەو دۆخە بۆ داهاتوو زۆر مەترسیدارە، رەنگە دوای ئەوان نۆرەی ئەو رۆژنامەنوسانە بێت كە رووماڵی زیندانیكردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانەكانیشیان كردووە"، بەپێویستیشی زانی یاسای ژمارە 21 لەرێی پەرلەمانەوە هەڵبوەشێنرێتەوە.

مانەوەی ئەو یاسایە بەمجۆرەی ئێستا هەیە مانای بوونی مەترسییە بەسەر هەموومانەوە

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هەمواركردنەوە یان پێشكەشكردنی هەر پرۆژەیاسایەك بۆ جێگرتنەوەی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 پێویستی بە واژۆی 11 پەرلەمانتار هەیە تا بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئامادەی زۆربەی دانیشتنەكانی دادگا بووە بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكم بۆ رەتكردنەوە و شوێنگرتنەوەی ئەو یاساییە، ئەمەش نەك تەنیا بۆ رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان دەیكەم، بەڵكو بۆ داهاتووی مناڵەكانی خۆیشم دەیكەم".

ئەو پێیوایە "مانەوەی ئەو یاسایە بەمجۆرەی ئێستا هەیە مانای بوونی مەترسییە بەسەر هەموومانەوە، ناكرێت هەر كەسێك قسەیەكی جیاواز بكات بە سیخوڕ بدرێتە دادگا بێ ئەوەی پێناسەی سیخوڕ بكرێت، بێ ئەوەی پێناسەی ئاسایشی نەتەوەیی بكرێت".

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا راپۆرتێكیان بەناونیشانی (ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عیراق)  بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەكەن "بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندایە"، چونكە "رەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون، هەندێکیشیان لەم دواییانەدا بەپێی یاساکانى پەیوەست بە ئاسایشى نەتەوەییەوە سزادراون".

ئاسۆس هەردی بە نیگەرانییەوە دەڵێت بارودۆخەكە وایلێهاتووە "بە بڕیاری سیاسی حزبێك یان سەركردەیەكی حزبێك، بڕیاری دادگا دەردەچێت"، پێیوایە چاوەڕێی هیچ گۆڕانكارییەك لە كوردستان ناكرێت، ئەمەش قسەی ناو راپۆرتی هەموو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لۆكاڵییەكانە کە باشترین بەڵگەیە لە كوردستان "شتێك نەماوە ناوی دادگا بێت كە مافی خەڵك وەربگرێت".

"دیكتاتۆرەكان زۆر لە یەكتری دەچن، ئەوان رۆژنامەنوسانێكیان دەوێت كە وەزیفەی گواستنەوەی قسەی ئەوان بێت، میدیایەكیان ناوێت لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا نەبێت، هاوشێوەی بەعس و دیكتاتۆرەكانی تر كە چارەنوسی هەموویان دیارە بەچی گەیشتووە" ئاسۆس هەردی وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT