پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دهۆک و هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی سزادران

وێنەی ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی دهۆك و هەولێر. فۆتۆ: رۆژنیوز

کەرکوک ناو

دادگای تاوانه‌كانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دهۆک و هەولێر دەرکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخۆڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارنی بەدواداهات.

ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات لە دووەم رۆژی دانیشتنی دادگادا بە دەنگی زۆرینەی دادوەران، بە "سیخوڕیكردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ كودەتا"، تاوانباركران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوكم بدرێن.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسییەی شێروان شێروانی – یەکێک لە دەستگیرکراوەکان- لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای بڕیاری دادگا، وتی "هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لە دادگا نەخرایەڕوو، هەروەها دانپێدانانی هیچ کەسێکیان نەخرایە بەردەم دادوەر لە بارەی تۆمەتی جاسوسیی و کودەتا وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن، ئەوەی هەیە تەنیا هەندێک چاتی شەخسی فەیسبوک و گروپ چاتی نێوان رۆژنامەنوسان و چالاکوانانەكانە...".

"لێرەوە دەمەوێت بڵێم ئەم بڕیارەی دادگا بۆ لەمەودوا وادەکات خەڵک نەتوانێت سۆسیال میدیا بەکاربهێنێت، ئەوە زۆر زۆر مەترسیدارە". جەختیشیکردەوە کە ئەوان لە ماوەی کەمتر لە 30 رۆژدا بڕیاری دادگا تەمیز دەکەنەوە.

دەمەوێت بڵێم ئەم بڕیارەی دادگا بۆ لەمەودوا وادەکات خەڵک نەتوانێت سۆسیال میدیا بەکاربهێنێت

بڕیارەکەی دادگا لەسەر راپۆرتی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەستگیركراواندا كردووە.

بڕیارەكەی دادگا بەپێی یاسای ژمارە 21ی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئەو یاسایە لە ساڵی 2003 دەرچووە، كە تایبەتە بە لەكارخستنی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراق و لەجێی ئەو، ئەم بڕەگەیە جێگیركراوە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك بێت، لەكارێدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی، یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

شایەن عەسکەری، یەکێک لەو  پەرلەمانتارانەی هەرێمی کوردستان کە لە دانیشتنەکەی دادگادا ئامادەبوو، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی "رۆژنامەنوسان و چالاکوانان عادەتن گروپ چاتیان هەیە و زانیاریی لە نێویان خۆیاندا ئاڵۆگۆڕ دەکەن، بەهیچ شێوەیەک چاتی نێوان دوو کەس یان گروپ چاتێک بەڵگە نییە تا سزای شەش ساڵ زیندانیان بۆ دەربکرێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەفتەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستگیرکراوانەوە، وتی "ئەوانەی کە گیراون نە چالاکوانن نە رۆژنامەنوسن، پێویستە رۆژنامەنوسان خۆیان لەو کەسانە جیابکەنەوە کە بەرگی رۆژنامەنوسیان پۆشیوە و سیخوڕی دەکەن بۆ وڵاتان... هەندێکیشیان تێکدەر و چەکداربون و هەوڵی کوشتن و رفاندنی خەڵک و تەقاندنەوەی باڵەخانەیانداوە".

بەڵام پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، لەبەردەم بینای دادگا، وتی "ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە یەک چەکدار نەگیراوە، یەک کەس دانیبەتاواندا نەناوە، یەک شایەتحاڵ لە دادگا نەبووە، یەک چەک و فیشەک دەستی بەسەردانەگیراوە، ئەی كوا بەڵگە لەسەر ئەو پێنج كەسە... پێموایە پێشوەختە ئەم بڕیارە دراوە".

ئەم بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە یەک چەکدار نەگیراوە، یەک کەس دانیبەتاواندا نەناوە، یەک شایەتحاڵ لە دادگا نەبووە، یەک چەک و فیشەک دەستی بەسەردانەگیراوە

هەروەها نیاز عەبدوڵا، چالاکوانی مەدەنی لەبەردەم دادگا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئێمە دەمانزانی دەستتێوەردان هەیە، بەڵام تەسەورمان نەدەکرد بەوشێوەیە بێویژدانانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەمانە پێنج مانگە دەستبەسەرن تەنیا یەکجار رێگەدراوە کەسوکاریان بیانبینن... چۆن کەسێک دەستگیردەکەیت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەیت بەبێ ئەوەی پارێزەرەکەی ئامادەبێت، ئەمە دادپەروەری تیانەبوو، تەنانەت پارێزەرەکانیان پەڕاوی کەسی دەستگیرکراویان پێنەدراوە و نەبینیوە".

dhokkk
دهۆك/ ئایاری 2020" خۆپیشاندانێكی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی دواخستنی موچە

پەرلەمانتارانی ئامادەبوی دانیشتنەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەردەم دادگادا بەڵێنیاندا راپۆرتێک لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکەن.

شێروان شێروانی كە یەكێك بوو لەوانەی بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا، دوای چوار رۆژ لە دەستگیركردنی، لە تشرینی یەكەمی 2020دا، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند تۆمەتێکی دایە پاڵیی و وتی "پارەی لە لایەنی دەرەکی وەرگرتووە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

بەڵام پەرلەمانتاران و چالاكوانانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی دادگا، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی "لە دانیشتنەكەی دادگادا یەك بەڵگە لەبارەی ئەو پرسەوە نەبوو، ئەوەی هەبووە تەنیا گروپ چاتی نێوان رۆژنامەنوسان و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی نێوانیان بووە".

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020 تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون. لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT