سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
دادگا سزای پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان پەسەند دەكات

له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌: شێروان ئه‌مین شێروانی، گۆهدار محه‌مه‌د، ئه‌یاز كه‌ره‌م، هاریوان عیسا و شڤان سه‌عید

سیروان حسێن

سزای شەش ساڵ زیندانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەپێی دوایین بڕیاری دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، سەرباری ناڕەزایی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

دەستەی سزایی دوو سەر بە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، لە 20ی حوزەیرانی 2021 جارێكیتر وردبینی بۆ دۆسیەی سزادراوانی بادینان كردووە و بە زۆرینەی دەنگ سزای شەش ساڵ زیندانی وەك خۆی پەسەندكردووە.

ئەو دانیشتنەی دادگا لەسەر داواكاری سزادراوان بووە بۆ راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوە.

دادگای پێداچونەوە پێشتر و لە كۆتایی نیسانی ئەمساڵدا تانەی سزادراوانی رەتكردەوە و حوكمەكانیانی پەسەندكرد.

ئەوكات ناڕەزایی بەرفراوان لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دژی پەسەندكردنی سزای رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دروستبوو، بە تایبەت لەلایەن نوێنەرایەتی وڵاتانەوە لە هەولێر، بەهۆی ناوهێنانی هەردوو كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە دۆسیەكانیاندا.

رۆژنامەنوس و چالاكوانەكان تۆمەتباركرابون بە كۆبونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو دوو كونسوڵخانەیە و وەرگرتنی هاوكاری دارایی.

dadga
خێزانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسەکان لە ڕۆژی دادگایکردنی 16ی شوباتی 2021، دانیشتوون لە دەرەوەی سەرۆکایەتی داداگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر. © 2021 NRT Digital Media

لە نوسراوەكەی دادگای پێداچونەوەدا كە 20ی حوزەیران دەركراوە و وێنەی لای (كەركوك ناو) هەیە، بڕیاردراوە بە لابردنی تۆمەتی هاوكاریكردنی كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە دۆسیەی تۆمەتبارەكاندا.

هەروەها دادگا ستایشی كونسوڵخانەی وڵاتان دەكات و بە پاڵپشتی بۆ هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری ناویان دەهێنێت.

لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانه‌كانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌  رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی  (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد، کە نۆ مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی رۆنامه‌نوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارانی بەدواداهات.

وەك لە نوسراوەكانی دادگادا هاتووە، رۆژنامەنوس و چالاكوانەكانی بادینان تۆمەتبارن بە "كردنە ئامانجی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان، تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری و كردەوەی تێكدەرانە دژی دامودەزگا حكومیی و دادوەرییەكان لە هەرێم" لەگەڵ "كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر كارمەندانی ئەمنی و زیندانەكان" و هەماهەنگیكردن لەگەڵ پەكەكەدا.

تۆمەتباران و كەسوكاریان و پارێزەرانیشیان تەواوی تۆمەتەكان رەتدەكەنەوە.

حوكمی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان بەپێی یاسای ژمارە 21ی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئەو یاسایە لە ساڵی 2003 دەرچووە، كە تایبەتە بە لەكارخستنی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراق و لەجێی ئەو، ئەم بڕگەیە جێگیركراوە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك بێت، لەكارێدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی، یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT