کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر، رایدگەیەنێت كە تێگەیشتن لە بڕیارەکەی دادگا بۆ سزادانی شەش رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان "ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابونی بەڵگەیەکی رون بۆ تاوانکارییەک مایەی سزادان بێت".
ئەو هەڵوێستەی کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر لەبارەی سزادانی ئەو شەش رۆژنامەنوس و چالاكوانەوە لە توێتێكیدا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئایار بە هەردوو زمانی ئینگلیزیی و كوردی بڵاوكراوەتەوە و هاتووە "بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمیز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانەکە دەڕوانین"، بەو هۆیەوە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبون.
داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبون.
هەروەها هاتووە "گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەل رۆژنامەوانان و چالاکوانان بەشێکە لە کاری رۆژانەی دیپلۆماتکاران و هەروەها کاری رۆژانەی کونسوڵگەریی گشتییش"، زیاتر دەڵێت "بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا بێمانایە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی عیراقە".
دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئایار دەقی بڕیاری پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بڵاوكردوە.
پەسەندكردنی بڕیارەكە بۆ 28ی نیسان دەگەڕێتەوە، بەڵام وەك پارێزەرانی ئەو دۆسییەیە جەختیانكردەوە، ئەمڕۆ دەقی پەسەندكراوی بڕیارەكەیان بەدەستگەیشتووە.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر وتی كە ئەو بەڵگەیەی کە دادگای تەمیز پشتی پێبەستووە بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكە، لە بەشیكیدا هاتووە "ئەوانە سەردانی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانی و سەردانی کۆنسوڵخانەی ئەمریکایان کردووە و هاوکاریان لێوەرگرتون".
هەروەها وتی "بڕیارەکەی بە زۆرینە دەركراوە، لە پێنج ئەندام دووانیان واژۆیان نەکردووە و تەنیا سیانیان واژۆیان کردووە. رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەم ماوە کە تانەدانە لە بڕیارەکەی دادگا و ئەو هەوڵەی خۆشمان دەدەین، کە ماوەی سێ رۆژمان لەبەردەمە. چاوەڕوان دەکەم ئەنجامی هەبێت".
بڕیارەکەی بە زۆرینە دەركراوە، لە پێنج ئەندام دووانیان واژۆیان نەکردووە و تەنیا سیانیان واژۆیان کردووە
جەختیشیكردەوە "ئەگەر ئەنجامێکی نەبێت بڕیارەکە پلەی بنەبڕ وەردەگرێت و دواجار تەنیا ئەگەر جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنێکی تایبەتیان بۆ دەربکات کەوا ئەوەش دوا رێگەمانە و هیچ رێگەیەکی دیکە نییە".
لە بەشێكی تری بڕیارە پەسەندكراوەكەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم هاتووە "بە دانپێدانانی خۆیان پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی و نەناسراو بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان".
هەروەها هاتووە "پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكاو كونسوڵخانەی ئەڵمانیاو لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە".
لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانهکانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ ههریهک له رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) دهرکرد، کە هەشت مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ کودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکرابون. بڕیارەکە ناڕەزایی رۆنامهنوسان، پارێزەران، چالاکوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارانی بەدواداهات و ئەوکات لە دادگای پێداچونەوە تانەیان لە بڕیارەكەدا.