رێكخراوێكی جیهانی داوای پێكەوەژیان لە میدیا دەكات: واز لە ململانێكان بهێنن و هانی ئاشتی بدەن

كەركوك ناو

ڕێکخراوێکی جیهانیی تایبەت بە دیالۆگ، داوا دەکات میدیا بە بەرپرسیارێتییەوە كاربكات لە پێناو بەهێزكردنی پێکەوەژیان و بەرەنگاربونەوەی وتاری رق و کینە، ئەوەش لەڕێی وازهێنان لە روماڵ و گەڕان تەنیا بەدوای ململانێکاندا لەسەر حسابی ئاشتی.

ئەو داواكارییە لە چوارچێوەی توێژینەوەیەكدا دێت كە ناوەندی جیهانیی شا عەبدوڵا بۆ دیالۆگی نێوان پەیڕەوانی ئایینەکان (کایسید) ناوەڕاستی حوزەیرانی 2026 بڵاویكردۆتەوە بە ناونیشانی "میدیا لەپێناو ئاشتیدا: بنیاتنانی پردی ئاشتی لەڕێگەی دیالۆگی نێوان پەیڕەوانی ئایینەکان"، کە تێیدا داواكارە میدیا بەشداری بکەن لە داڕشتنی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا.

دەرەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەو چیرۆكە هەواڵانەی دەربارەی ململانێ میدیا لە رەهەندێكی ئایینیی بەرتەسكدا كورتی دەكاتەوە، یان وروژاندنی لەسەر حسابی چیرۆکەکانی پێکەوەژیان، هۆكارن بۆ قوڵکردنەوەی پەرتبوون و لاوازكردنی هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی. هاوكات هۆشداری داوە لە هەڵکشانی وتاری رق و کینە لەرێی پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكانەوە و رۆڵی لە فراوانکردنی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکاندا.

وەسیم حەداد، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی کایسید لە ناوچەی عەرەبی دەڵێت، رۆژنامەنووسان بەپێی ئەو دیدگا نوێیەی خراوەتەڕوو دەبنە هاوبەش لە بنیاتنانی ئاشتیدا نەك تەنیا سەرقاڵی چاودێری و روماڵی ململانێکان بن، جەختیشیکردەوە کە بەهاکانی دیالۆگ دەبێت لەڕێگەی چیرۆکی ورد و سەرچاوەی راستگۆوە و پیشەییەوە بگەن بە خەڵك.

هەروەها، مایا سوکەر، لێپرسراوی بەرنامەکان لە هەمان رێكخراو داوای داڕشتنی یاسا و ڕێسای نوێی میدیایی كرد، كە تیایدا بەهاكانی هاوڵاتیبون بپارێزن، بە لەبەرچاوگرتنی رۆژنامەگەریی هەستیار بەرانبەر بە ململانێکان و كردنەوەی خولی راهێنان بۆ رۆژنامەنوسان و میدیاكاران.

توێژینەوەكە سێ رۆڵی سەرەکی بۆ میدیا دیاریكردووە لەپێناو پشتگیریکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی؛ کە بریتین لە ئاسانكاری بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان بە ئامانجی گواستنەوەی هەر بیرۆکەیەكی پێکەوەژیان بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕۆژانە لەڕێی گێڕانەوەی چیرۆک و ناوەڕۆکی ئەلیكترۆنییەوە، دروستکردنی پردی پەیوەندی و رەخساندنی کەشی دیالۆگی بەرپرسیارانە و روبەڕوبونەوەی وتاری توندڕەوی، تا دەگاتە تیشکخستنە سەر دەستپێشخەرییەکانی پەیوەست بە ئاشتەوایی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT