بەردەوام رۆژنامەنوس قوربانییەكەیە
دەیان پێشێلكاریی لە خۆپیشاندانەكانی خوێندكاراندا

نەوزاد ئەحمەد (56ساڵ) وێنەگری كەناڵی ئاسمانی پەیام، لەناو خۆپیشاندەرانی خوێندكاراندا وێنەدەگرێت. فۆتۆ: ئیبراهیم فەتاح

مەعاز فەرحان

"سەرەتا باجەكەیان لێسەندین، ئینجا كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكان و مۆبایلەكانمانن"، بەرهەم له‌تیف، په‌یامنێری ده‌زگای رۆژنیوز، كە لەخۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی سلێمانیدا بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لە ئاسایشی سلێمانی زیندانیكرا، وتی "گوێیان بەوە نەدا رۆژنامەنوسین یان نا، دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد خراینە كونجی زیندانەوە".

خۆپیشاندانی خوێندكارانی ئەمدواییەی سلێمانی و هەولێر، كە لە هەفتەی كۆتایی تشرینی دووەمەوە دەستپێكردووە و تائێستا بەردەوامی هەیە، جارێكی تر لێشاوێك پێشێلكاریی هێزە ئەمنییەكانی دژ بە خۆپیشاندەران بەدواداهات، كە پریشكی ئەو پێشیلكارییانەش بەشێكی بەر رۆژنامەنوسان كەوت، لە رێگریكردن لە روماڵ، دەستگیركردن و لێسەندنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكان و لێدان.

بەرهەم لەتیف، یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لەگەڵ كامێرامانەكەی (بڕوا ئەسعەد) لە زینداندا هێڵدرانەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهێزەكەمان وت: ئێمە رۆژنامەنوسین هیچمان نەكردووە بۆ دەستگیرمان دەكەن، ته‌نیا وتیان وەرن لەگەڵماندا".

به‌رهه‌م له‌تیف و كامێرامانەكەی لە 24ی تشرینی دووەمی 2021 له‌ سه‌ره‌تای جاده‌ی مه‌وله‌وی له ‌نزیك سلێمانی پاڵاس لەلایەن هێزەكانی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی دەستگیركران و دواتر رادەستی هێزەكانی ئاسایش كران.

"ئاسایشی رزگاری ئێمەیان گواستەوە بۆ ئوتێل سلێمانی پاڵاس، لە پرسگەی ئوتێلەكەدا نیو سەعات ئێمەیان هێشتەوە، جێكی كامێراو مۆبایلەكانیان كردین".

به‌رهه‌م و هاوكارە‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ش به‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی ئاسایش ده‌ڵێن “شتێكمان نەكردووە هاندان بێت و وێنەی هێزە ئەمنییەكانمان نەگرتووە، ئەوانیش وتیان ئەمە تەنیا رێكارێكە و هیچ نییە، ئازاد دەكرێن".

barham.lattif
بەرهەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد، لە دەزگای رۆژنیوز

بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە رۆژانی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەدا 81 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە.

لە نێویاندا 56 حاڵەتی بەركەوتنی گازی فرمێسكڕێژ، 18 حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ، نۆ حاڵەتی پەلاماردان لەلایەن هاوڵاتیان و هێزی ئەمنی، شەش حاڵەتی دەستگیركردن.

هەروەها شەش حاڵەتی دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، چوار حاڵەتی شكاندنی كه‌لوپه‌ل و پچڕاندنی كێبڵ، لەگەڵ هەشت حاڵەتی لێدان لەلایەن هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان و سێ حاڵەتی هه‌ڕەشەكردن.

لەگەڵ چەند حاڵەتێكی جنێودان، سوكایەتی و برینداربون بە بەرد و دەیان حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ.

نەوزاد ئەحمەد (56ساڵ) وێنەگری كەناڵی ئاسمانی پەیام، یەكێكی تر بوو لەو میدیاكارانەی پێشێلكاریی بەرامبەر كرا لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت كاتێك بەشیوەی راستەوخۆ دیمه‌نی خۆپیشاندانەكانی بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی دەگواستەوە، "لەسەر قادرمەكانی سەرای سلێمانی، چوار كەس هاتن بۆم، سیانیان پەلاماریاندام و كامێراكەیان لێسەندم هەر ئەوەندە فریاكەوتن ئامێری لایڤەكەم لێكردەوە".

چوار كەس هاتن بۆم، سیانیان پەلاماریاندام و كامێراكەیان لێسەندم

نەوزاد ئەحمەد وتی"كامێراكەیان برد و نەمدەزانی كێن، مۆبایلەكەم دەركرد رەسمیان بگرم، لەوكاتەدا بینیانم و هاتن بۆم وتیان ئەو مۆبایلەمان بەرێ‌، وتم هی شەخسیە یەكێكیان دەستی برد بۆ گیرفانم هەوڵیدا گیرفانم بدڕێنێت ناچار مۆبایلەكەم پێدا".

"چووم بۆ لای بەرپرسی هێزەكە، دیاربوو ئەویش بەر گازی فرمێسكڕێژ كەوتبوو و لیمۆی پێبوو، پێم وت من راگەیاندنكارم و ناسنامەی سەندیكام هەیە و كامێراكەم بدەنەوە، وتی لاچۆ لێرە ناتدەمەوە".

نەوزاد، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ كەناڵەكەیی و رۆژی دواتر پێیدەڵێن كەلوپەلەكانی لای هێزەكانی ئاسایشی قالاوەیە.

ئەو وتی "رۆژی دواتر چومە ئاسایشی قالاوە، كۆد و پاسۆردی مۆبایلەكەمیان شكاندبوو، ئێستا سیمكارتەكەم سوتاندووە، پاسۆردی فەیسبوك و فایبەر و وەتسئەپ و تیلیگرامم هەموویان وەرگرتووە له‌به‌رئه‌وه‌ هیچیان به‌كارناهێنم".

slemani.xop
سلێمانی/ كانونی یەكەمی 2021/ دیمەنێك لە خۆپیشاندانی خوێندكاران. فۆتۆ/ بڕیار نامیق

كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كه‌ پشێوی دروستبوو، له‌مجۆره‌ كاتانه‌شدا ره‌شبگیری ده‌ستێپده‌كات و یاسا نامێنێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خۆپیشاندانه‌كان بۆ رۆژنامه‌نوسان خۆش نه‌بون".

"سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پشێوییه‌ چوار رۆژنامه‌نوس گیران و شه‌وێك له‌ زیندان مانه‌وه‌ و كه‌لوپه‌له‌كانیشمان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌. له‌ به‌ندینخانه‌ هیچ توندوتیژییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ نه‌كراوه‌، له‌خۆیان و ده‌زگاكانیشم پرسین". ئەوەش لەكاتێكدایە به‌پێی ئاماری سەنتەری میترۆ شه‌ش رۆژنامه‌نوس و راگه‌یاندكار ده‌ستگیركرابون.

كاروان ئه‌نوه‌ر داوایكرد رۆژنامەنوسان جلی تایبه‌ت له‌به‌ربكەن لەكاتی روماڵدا، بۆ ئەوەی بناسرێنەوە و وتی "هەندێك كات كەمتەرخەمن... 600 هێلەگمان بە لۆگۆی پرێسەوە دابه‌شكردووه‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌به‌ری ناكه‌ن".

بەڵام رۆژنامەنوسان دەڵێن لە هەندێك حاڵەتدا هێزە ئەمنییەكان بە مەبەست رۆژنامەنوسان دەستگیردەكەن و رێگرییان لێدەكەن بۆ ئەوەی روماڵ نەكەن و تەنانەت وەكو تاوانبار لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكەن.

بۆ نمونە به‌رهه‌م له‌تیف و كامێرامانه‌كه‌ی هەرچەندە باج و لۆگۆی كەناڵەكەیان پێبووە و كەناڵەكەیان تۆماركراوە، بەڵام هەر دەستگیریان كردون. ئەو وتی "له‌ ئاسایشی گشتی سلێمانی، دوو سەعات و نیو رایانگرتین و پشكنینیان دەكرد بۆ كۆدی ئاسایش".

"دوای ئەوەی سەیری كۆدەكانیان كرد، منیان گواستەوە بۆ ئاسایشی كوردسات و كامێرامانەكەشمان (بڕوا ئەسعەد) گوازرایەوە بۆ كانی گۆمە، شەو لەوێ‌ ماینەوە، چواردە كەس لە ژورێكی سێ‌ بەچواردا بوین، یەكێكیان دەرچووی زانكۆ و دوانیان خوێندكاری زانكۆ بون و ئەوانی دیكە هاوڵاتی بون، لەسەر حسابی خۆمان بۆ ئێوارە یەكی دوو لەفەیان بۆ هێناین".

بۆ رۆژی دواتر، به‌رهه‌م له‌تیف ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ دادگای ئاسایش لەناو دادگای سلێمانی، "چاومان بە دادوەر كەوت، ئیفادیان لێوەرگرتین كە بۆچی لەوێ بوین، ئیفادەكە بەو شێوەیە بوو كە ئێمە جارێكی دیكە بەشداری خۆپیشاندان و كاری گێرەشێوێنی ناكەین، وتمان بەم سیاغە بێت ئیمزای ناكەین، گۆڕیان بەو شێوەیە كە ئێمە پێچەوانەی یاساكانی كاری رۆژنامەنوسی كار ناكەین كە بكەوێتە خزمەتی پشێوی".

كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی 25ی مانگ، دادوەر بڕیاریدا چوار رۆژنامەنوس و میدیاكار پێكەوە ئازاد بكات، بەڵام بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار.

"دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی لەناوشار، پێنج كاتژمێری تر لەوێ‌ رایانگرتین و خراینە ناو زیندانەوە، دواتر ئازادكراین". بەرهەم وایوت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT