پۆلیس لە هەولێر پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی سێ دامەزراوەی میدیایی دەكات، جیاكارییان بەرامبەر دەكەن، "دەستیان لێ بەرزدەكەنەوە و جنێویان پێدەدەن"، ئەوەش لە روماڵی روداوی سوتانی بازاڕی داون تاون لە هەولێر. بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی بەرگریكردن لە مافی رۆژنامەنوسان جیاكاریی پشكی شێری لە پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوساندا هەیە.
ئێوارەی 19ی ئەیلول چەند دوکانێکی بازاڕی داون تاون لە هەولێر سوتان و ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسانیش بۆ روماڵكردنی روداوەكە گەیشتنە شوێنەكە. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و (كەركوك ناو)بینیویەتی، چەند پۆلیسێک رێگریی لە رۆژنامەنوسان دەكەن روماڵی ئاگركەوتنەوەكە بكەن.
نەبەز رەشاد، پەیامنێری وێستگەنیوز و یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی لەوێ ئامادەبووە، وتی "بینیمان پۆلیسەكان رێگە بە هەندێك لە رۆژنامەنوسان دەدەن روماڵ بكەن، و رێگریی لە چەند رۆژنامەنوسێكی تر دەكەن، بۆ نمونە هەندێك لە رۆژنامەنوسان بۆ وێنە و ڤیدیۆ دەچونە ئەودیو شریتی سەلامەتییەوە كە بەرگری شارستانی داینابوو، بەڵام نەیاندەهێشت ئێمە بچین".
وتیشی "لەسەر ئەو جیاكارییە بڕیار محەمەد پەیامنێری پۆلەتیک پرێس بە پۆلیسەکانی وت بۆچی ئەو جیاکارییە دەکەن، لەوكاتەدا پۆلیسێك جنێوی بە بڕیار محەمەد دا، هەروەها سوکایەتی بە منیش كرد و تا دەستبەرزکردنەوە و هەوڵی لێدان".
پۆلیسێك جنێوی پێداین، هەروەها سوکایەتی پێكردین و دەستی لێ بەرزكردینەوە
دیار حسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، كە ئەویش لە شوێنی روداوەكە بوو، وتی "پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە بە ئێمەیان وت چونە ژورەوە قەدەغەیە، بەڵام دواتر بینیمان چەند کەناڵێک لە ژورەوە روماڵیان دەكرد"، زیاتر وتی "كاتێك بینیمان شریتی سەلامەتی تەنیا بۆ هەندێك لە رۆژنامەنوسانە، داوامان لێكردن رێگەمان بدەن بچینە ژورەوە و نابێت جیاکاریی لە نێوان کەناڵەکانی راگەیاندندا بکرێت، بەڵام دوو کارمەندی پۆلیس هەوڵیاندا پەلاماری نەبەز رەشاد بدەن، ئێمەش پێمانوتن ئەمە نا عەدالەتییە و نابێت ئەو جیاکارییە بکەن".
ساتی رێگریكردن لە نەبەز رەشاد و چەند رۆژنامەنوسێكی تر. ڤیدیۆ: پەیجی سەنتەری میترۆ
دیار حوسێن زیاتر وتی "پۆلیسەکان پێیانوتین ئێوە كەی رۆژنامەنوسن... نازانن كاری میدیایی بكەن، دواتر جنێویان پێداین و هەڕەشەیان كرد".
ئەو رۆژنامەنوسانەی، شریتی سەلامەتییان تێپەڕاندبوو و روماڵیان دەكرد، بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان یان نزیك بون لەو حزبەوە.
بەپێی راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەکۆی 62 پێشێلکاری جۆراوجۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، زۆرترین پێشێلکاری جیاکاریی بووە کە 20 حاڵەت بووە.
هاوكات بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی 2021، لەكۆی 353 پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، 189 پێشێلکارییان جیاكاریی بون. ئەوەش زیاترە لەسەدا 50ی كۆی پێشێلكارییەكان.
هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان – بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان دەكەن- بە (کەرکوک ناو)ـی وت "هەستدەكەین پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن، لەنێویاندا جیاكاریی، کاتی ئەوەیە گفتوگۆ لەنێوان کەناڵەکانی میدیا و دەسەڵات دەستپێبکات و چیتر رۆژنامەنوسان نەبنە قوربانی".
ئەو لەبارەی پێشێلكارییەكەی بەردەم بازاڕی داون تاون-ی هەولێر، وتی "بە لێپرسراوانی پۆلیسی هەولێرم وتووە كە رێگری بکەن لە دوبارەبونەوەی ئەو دیاردانە، ئەوەیشی بەرانبەر ئەو رۆژنامەنوسانە رویداوە جێی نیگەرانییە".
بە لێپرسراوانی پۆلیسی هەولێرم وتووە كە رێگری بکەن لە دوبارەبونەوەی ئەو دیاردانە
بەڕای هۆزان قادر، جیاکاریی لەنێوان دەزگاکانی میدیا دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان کە خۆی یاسایەکەی دەرکردووە کە رێزی لێناگرێت و جیاکاری دەکات لەنێوان دەزگاکاندا.
"لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو جیاکارییە بە زەقی دیارە و پەڕیوەتەوە بۆ وەزارەتەکانیش... کاتێک جیاکاریی لە ئاستی حکومەت و پەرلەماندا دەکرێت ئەوا دام و دەزگاکانی تریش چاو لەئەوان دەکەن".
بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە" و لە بڕگەی دوەمی ماددەی دووەمیشدا هاتووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ بەدەستبێنێ بەپێی یاسا". ئەوەش بەبێ باسكردنی جیاوازی لە نێوان دەزگا راگەیاندنەكاندا و یاساكە مافی روماڵ بە هەموو رۆژنامەنوسان دەدات.
نەزاكەت حسێن، سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، دەڵێت لەسەر ئەو جیاکارییەی بازاڕی داون تاون-ی هەولێر، هیچ رۆژنامەنوسێک سەندیكای ئاگادارنەكردۆتەوە. وتیشی "بونی جیاکاریی لە نێوان دەزگاکان رەهەندی یاسایی و سیاسی هەیە و پەیوەندی بە ململانێ سیاسییەكانیشەوە هەیە".
بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای سەندیكای رۆژنامەنوسان، ئەركی سەندیكایە دەستكەوتنی دەنگوباس و زانیارییەكان بۆ رۆژنامەنوسان ئاسان بكات.
نەزاكەت وتی "زۆرینەی دەگاکانی راگەیاندن لە کوردستان، دەزگای سیاسیین، بۆیە کاتێکیش میدیا دەبێتە بەشێک لە سیاسەت ئەوا دەچێتە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە، ئەمە یەکێکە لە خاڵەکانی جیاکاری. جگە لەمە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی وێب تیڤی كە بەشێکیان تۆمارنەکراون و ئەوەتا لە پەرلەمانیش رێگەیان پێ نادرێت، ئەمە وایکردووە فەوزایەک لە ژینگە میدیاییەکە دروستبکات کە هەر کەسێک پەیجێک دەکاتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا مامەڵەنەکردنی تەندروست لەگەڵ زانیارییەکاندا کە زۆرجار بۆ ململانێ سیاسی زانیارییەکان بەکاردەهێنرێت".
زۆرینەی دەگاکانی راگەیاندن لە کوردستان، دەزگای سیاسیین، بۆیە کاتێکیش میدیا دەبێتە بەشێک لە سیاسەت ئەوا دەچێتە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە، ئەمە یەکێکە لە خاڵەکانی جیاکاری
ئاماژەی بەوەشدا كە "جێبەجێنەکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری یەکێکە لەهۆکارەکانی جیاکاری، بۆیە لەناو ئەو ژینگە میدیاییە فەوزاییەی هەیە جیاکاریش دەکرێت و ململانێی سیاسییش بە زانیارییەکانەوە دەکرێت".
بەپێی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، كە پەرلەمان لە ساڵی 2013دا پەسەندیكردووە، هەر كەسێك چ سروشتی بێت یان مەعنەوی، مافی ئاگاداربون و بەدەستهێنانی زانیاری و ئەو دۆكیۆمێنتانەی هەیە كە لە دامودەزگاكان داوای دەكات.
سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی بازاڕی داون تاون، وتی "هەر رۆژنامەنوسێك ئەگەر پێشیلكاریی بەرامبەر كراوە، ئەوا دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات و دۆسییەكەی بچێتە بەردەم دادوەر، دواتر دادگا بڕیاری لەسەر دەدات".
بەڵام ئەو رۆژنامەنوسانەی پێشیلكارییانەی بەرامبەر كراوە، ئامادەنین سكاڵا تۆماربكەن، بۆ نمونە نەبەز رەشاد وتی "چونكە ئەزمونی پێشتر ئەوەی پێوتوم كە هەر سكاڵایەك لەبەرامبەر هێزە ئەمنییەكان تۆماربكرێت لەسەر پێشێلكاری، ئەو دۆسییەیە ناچێتە پێشەوە و دادەخرێت، جگەلەوەش ترسمان هەیە ئەو سكاڵا تۆماركردنە ببێتەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەكان تۆڵەت لێبكەنەوە و لە داهاتودا بۆ روماڵی تر هەماهەنگت نەبن رێگریت لێبكەن و زانیاریت پێنەدەن".