دەزگایی میدیایی بوار، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە بێسەروشوێنن، دوای ئەوەی لە هەولێرەوە بۆ كارێكی رۆژنامەوانی بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتون.
لە راگەیەنراوەكەدا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەم، ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەکەی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانە، كونسوڵگەریی و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان و عیراق و رێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسانیان كردووە، تیایدا جەختدەكەنەوە لەوەی پێشنیوەڕۆی یەكشەممە 9ی تشرینی یەكەم، هەریەكە لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنوسەری دەزگای میدیای بوار و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە، بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتون، "لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابوین لەگەڵیان و بڕیاربوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر. بەڵام بەداخەوە لەوكاتەوە (كاتژمێر شەشی ئێوارە) تاوەكو بڵاوكردنەوەی ئەم راگەیاندراوە، ژمارە مۆبایلەكانیان داخراوە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن كە هەرچەندە "ناوە ناوە هێڵی ئینتەرنێتیان دەكرێتەوە و دادەخرێتەوە، سەرباری ئەوەی هیچ وەڵامێكیان نییە".
دەزگاكە ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەوەی جێگەی گومانی ئێمەیە لە دەزگای میدیایی بوار، كاتژمێر (9:24) خولەكی شەو لە رێگەی ئەكاونتی ئیبراهیم عەلی، ئەكاونتێكی تر كە ناوی لای ئێمە پارێزراوە كراوەتە ئەدمین لە دەزگای میدیایی بوار لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك".
دەزگای میدیایی بوار كە بارەگاكەی لە شاری هەولێرە، لە راگەیەنراوەكەیدا هەرسێ سەرۆكایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانن تاوەكو سۆراخی ئەو دوو هاوكارەیان دەزانن و هاتووە "سەلامەتیان لە ئەستۆی دامەزراوەكاندایە".
لەگەڵئاماژەدان بەوەی لەگەڵ تەواوی باڵیۆزخانە، كونسوڵخانەی وڵاتان لە عیراق و كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ سۆراخی هاوكارانمان.