دادگای كەتنی هەولێر سزای یەك ملیۆن پێبژاردنی بۆ رۆژنامەنوس ئەیوب وەرتی دەركرد، لەسەر بەكارهێنانی گرتە ڤیدیۆیەك و بڵاوكردنەوەی لە راپۆرتێكدا كە تایبەت بووە بە "دەستدرێژی سێكسی" پزیشكێك بۆ سەر دوو خوشك.
تیمی پارێزەرانی ئەیوب وەرتی، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئادار، دادگای کەتنی هەولێر سزای رۆژنامەنوس (ئەیوب وەرتی)دا، ئەوەش بە پێبژاردن بە بڕی یەک ملیۆن دینارى عیراقی.
ئەو راپۆرتەی ئەیوب وەرتی، لە 9ی نیسانی 2022 لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن بڵاوكراوەتەوە، ئەوكات ئەیوب وەرتی پەیامنێری ئەو كەناڵە بوو لە شاری هەولێر.
راپۆرتەكە بەناونیشانی "چیرۆکى ئەو دوو خوشکەى قوربانى دەستى پزیشکێکى جوانکارین"، كە تیمی (كەركوك ناو) بنیویەتی تیادا باس لەوە دەكات كە ئەو پزیشكە "دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر دوو خوشك، دوای ئەوەی جوانكاریی لوتیان لای كردووە".
لە بەشێكی راپۆرتە ڤیدیۆییەكەدا نۆرینگەیەكی پزیشكێك دەردەكەوێت و هەمان پزیشك لەسەر بەكارهێنانی گرتەی نۆرینگەكەیان سكاڵای لە دژی ئەیوب وەرتی تۆماركرد و وتویەتی "راپۆرتەكە هیچ پەیوەندی بە نۆرینگەكەی ئێمەوە نییە و ناومان زڕێنراوە".
لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا هەریەكە لە نوێنەری یۆنامی و سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بەشدارییان كرد.
بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی ئەیوب وەرتی، جەختیكردەوە "لە هەفتەی ئایندە وەک تیمی پارێزەران ئەم بڕیارە تەمییز دەکەینەوە، چونکە پێمانوایە بڕیارەکە سەرپێچی یاسایە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكات بە چ یاسایەك بڕیارەكە دەرچووە.
رۆژنامەنوس ئەیوب وەرتی، لە 18ی تەمموزی 2022 لەسەر سكاڵای ئەو پزیشكە لە پۆلیسی بەختیاری لە هەولێر بۆ نزیكەی 10 كاتژمێر دەستبەسەركرا. دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادكرا.
ئەوكات ئەیوب وەرتی بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بەپێی ماددەی 434 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستبەسەركرا، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس دەبێت تەنیا بەپێی ئەو یاسایە (یاسای رۆژنامەگەری) دادگایی بكرێت كە دەستبەسەركردنی تێدا نییە.
ماددەی 434 لە یاسای سزادانی عیراقی، پەیوەندیدارە بە ناوزڕاندن و سزاکەشی لە مانگێک بۆ ساڵێک زیندانیكردنە. لەگەڵ پێبژاردن بە پارە.