ئەحمەد عەلی، ئەو راگەیاندنكارەی كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی كە 9ی نیسان لە شاخی پیرەمەگرون كەوتە خوارەوە و گیانیلەدەستدا، بە تەنیا لەگەڵ گروپێكی شاخەوانیدا سەرقاڵی ئامادەكردن و تۆماركردنی بەرنامەیەكی سەركێشی بووە و بەبێ ئەوەی هیچ وێنەگر و تیمێكی تری لەگەڵدا بێت، لەوكاتەشی كەوتۆتە خوارەوە كەس پێی نەزانیوە.
ئەحمەد لە 8ی نیسان لەگەڵ گروپێكی شاخەوانی-دا دەچێتە چیای پیرەمەگرون و شەو لەوێ دەمێننەوە، بەپێی گێڕانەوەكان كاتژمێر 5ی بەیانی 9ی نیسان لەخەو هەستاوە و ئیتر سۆراغی نەماوە.
مەروان عەلی، برای ئەحمەد، دەڵێت ئەوان چەند پرسیارێكیان لەسەر روداوی گیانلەدەستدانی براكەیان بۆ دروستبووە و دەیانەوێت دوای كۆتاییهاتنی پرسەی براكەیان، بەدوایدابچن.
"دەمانەوێت بچینە شوێنی روداوەكە، دوایی سەردانی كەناڵەكەی دەكەین و ئەو گروپە شاخەوانەش دەبینین كە ئەحمەد لەگەڵیاندا بووە"، مەروان زیاتر وتی "دەمانەوێت بزانین ئایا هیچ کەمتەرخەمییەک هەبووە كە بوبێتەهۆی ئەم روداوە و گیانلەدەستدانی براكەمان".
دەمانەوێت بزانین ئایا هیچ کەمتەرخەمییەک هەبووە كە بوبێتەهۆی ئەم روداوە و گیانلەدەستدانی براكەمان"
وتیشی كە كەناڵەكەی هیچ تیمێكیان لەگەڵ ئەحمەد-دا نەناردووە و ئەو بە تەنیا بووە بۆ ئامادەكردن و تۆماركردنی بەرنامەكەی.
بەپێی وتەی مەروان كە زانیارییەكانی لە گروپە شاخەوانییەكە وەرگرتووە، دەوروبەری کاتژمێر 5ی بەیانی ئەحمەد هەستاوە و ویستویەتی دیمەنی جیاواز بۆ بەرنامەكەی تۆماربكات. لەو سەروبەندەدا گروپەكە بون بە دوو بەشەوە.
"هەر گروپە و وایانزانیوە ئەحمەد لەگەڵ گروپەكەی تردایە، ئەوەش كاتێكی زۆری پێچووە تا زانیویانە ئەحمەد كەوتۆتە خوارەوە"، مەروان وایوت.
روداوەكە لە نزیك گوندی زێوی بووە لە چیای پیرەمەگرون، تا نزیك نیوەڕۆ لەڕێی فڕۆكەوە تەرمەكەی گەیەنرایەوە سلێمانی.
ئەحمەد عەلی (45ساڵ)، لە دایكبوی قەزای كەلارە، دەرچووی بەشی تەكنیكی میدیایە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زیاتر لە 15 ساڵە سەرقاڵی كاری راگەیاندنە و شەش ساڵە لە كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی كارەكات، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.
لوتكەی چیای پیرەمەگرون 2624 مەتر لە ئاستی دەریاو 1494 مەتر لە ئاستی ناوچەکەوە بەرزە و چیایەكی سەختە، دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای شاری سلێمانی.
بەپێی بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، ئەحمەد، هەموو پێداویستییەكانی سەلامەتی شاخەوانی هەبووە، بەڵام دڵنیا نییە لەوەی ئەو رۆژە و بۆ ئەو بەرنامەیە بەكاریهێناوە یاخود نا.
چیا حسێن، بەڕێوەبەری كەناڵەكە زیاتر وتی "كاتێك چووە بۆ تۆماركردنی بەرنامە سەركێشییەكە تەنیا خۆی بووە و هیچ تیمێكی كەناڵەكەی لەگەڵدا نەبووە... ئەو کامێرامانێكی لێهاتوو و خاوەن ئەزمون بوو، كارە زۆر تایبەتەكانمان بە ئەحمەد دەدا".
ئەو بەرنامەیەی ئەحمەد دەستپێكردبوو، پێشتر لەلایەن ستافێكی ترەوە ئامادەكراوە.
چیا وتی "لەبەرئەوەی خۆی زۆر خولیای شاخەوانی هەبوو، داوایکرد هەر خۆی بەرنامەكە بكات، هەرخۆشی کامێرامان و ئامادەکار بێت، ئێمەش قبوڵمانكرد، 11 بەرنامەی تۆماركردووە".
لەبەرئەوەی خۆی زۆر خولیای شاخەوانی هەبوو، داوایکرد هەر خۆی بەرنامەكە بكات، هەرخۆشی کامێرامان و ئامادەکار بێت، ئێمەش قبوڵمانكرد
سەندیكا و رێكخراوەكانی بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان بەردەوام جەختدەكەنەوە لەوەی پێویستە رۆژنامەنوسان لەكاتی ئەركەكانیاندا كەلوپەل و پێداویستی رۆژنامەوانییان پێبێت و بەكاریبهێنن، تا گیانیان پارێزراوبێت.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان، "گیانلەدەستدانی ئەحمەد زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە کە دەبێت رۆژنامەنوس سەلامەتی خۆی بخاتە پێش کارەکەی، چونکە رۆژنامەنوس ئەرکی گواستنەوەی هەوڵە نەک خۆی ببێتە هەواڵ".
"سەلامەتی پیشە ئەو پرسەیە کە ئێمە بەردەوام دەیڵێینەوە کە دەبێت رۆژنامەنوس لەکاتی رۆشتنی بۆ ناوچەیەکی لەم جۆرە یان شوێنێکی تایبەت، دەبێت بەپێی تایبەتمەندی ناوچەكە و جۆری روماڵ و کارەکەی کەلوپەلی سەلامەتی پێبێت، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە دەزگاكان ئەو تایبەتمەندییانەیان بۆ رۆژنامەنوسەكانیان دابیننەكردووە".
سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە سەردەمی شەڕی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، 2014 – 2017، خولی تایبەت بە چۆنیەتی روماڵی جەنگ بۆ رۆژنامەنوسان كردەوە و دەیان رۆژنامەنوس سودمەندبون.
"بەڵام لەم روداوەوە دەبێت بیر لەوەش بكەینەوە چۆن رۆژنامەنوسان لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا روماڵ بكەن... چونکە ئەوەی ئەحمەد کەیسە و نابێت بە ئاسایی وەربگیرێت"، كاروان وایوت.