"وەرە بۆ ئاسایش" خەریكە دەبێتە قسەیەكی باو بەلای بەشێك لە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستانەوە، كاتێك بەهۆی كاری رۆژنامەوانییەوە و بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەكان دەكرێن، ئەوەش بەپێچەوانەی بڕگە و ماددەكانی یاسای رۆژنامەگەری.
وەحید سندی، پەیامنێری كەناڵی ئێن ئاڕتی لە زاخۆ، جارێك بە "وەرە بۆ ئاسایش" و جارێكیتر لە شوێنی روماڵ، لە دوو رۆژی جیاواز بۆ لێكۆڵینەوە پەلكێشی دەزگای ئاسایش كراوە.
جاری یەكەم لە 7ـی ئاب بوو، كاتێك روماڵی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی كردووە بەسەر ژمارەیەك ماڵی نیشتەجێی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەلایەن نەوەی نوێ-ـەوە.
"تا كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەو رۆژە روماڵمان كرد.. دیارە ئاسایش نەیزانیبوو روماڵمان كردووە، بۆیە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەو رۆژە تەلەفۆنیان كرد و وتیان وەرە بۆ ئاسایش، بە تەنیا رۆیشتم بۆ ئاسایش، بە زمانێكی رەق قسەیان كرد و پرسیاریان كرد بۆ روماڵی دابەشكردنی ئاو-ـمان كردوە" بەوتەی سندی بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت لە وەڵامی پرسیارەكەی ئاسایشدا، وتویەتی تەنیا كاری رۆژنامەوانی دەكەن و دابەشكردنی ئاو پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، "هەڕەشەیان كرد، وتیان ئەگەر ئێمە لەوێ كەلوپەلی ئێوەمان ببردایە چیتان دەكرد؟، وتیشیان جارێكیتر دیكە روماڵ نەكەن".
ئەو رۆژە وەحید بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك لە ئاسایش دەهێڵرێتەوە و دواتر رێگەی پێدەدرێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.
وەحید سندی دوای دوو رۆژ لە لێكۆڵینەوەی ئاسایش، جارێكیتر روماڵی دابەشكردنی ئاو لە زاخۆ دەكات، "9ـی ئاب بوو، .. لە سەنتەری زاخۆ و پێش ئەوەی بگەینە شوێنی دابەشكردنی ئاو، ئاسایش هاتنە پێشمان و رێگەیان نەدا روماڵ بكەین، وتیان لەگەڵماندا وەرن بۆ ئاسایش".
كەلوپەلی رۆژنامەوانی لە وەحید و كامێرامانەكەی وەردەگرن لەكاتی بەڕێكردنیان بۆ ئاسایش.
پێش ئەوەی دەستگیرمان بكەن، وتمان ئەگەر رێگە بە روماڵ نادەن كێشە نییە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە
"پێش ئەوەی دەستگیرمان بكەن، وتمان ئەگەر رێگە بە روماڵ نادەن كێشە نییە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام وتیان دەبێت لەگەڵماندا بێن".
لە هیچ بڕگەیەكی یاسای رۆژنامەگەریدا رێگە بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس نەدراوە، هەروەها هاتووە كە نابێت لێكۆڵێنەوە لە رۆژنامەنوس بكرێت تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت، لەكاتی گرتنەبەری رێكاری یاساییشدا ئەگەر پەیوەندی بە پیشەكەیەوە هەبوو پێویستە سەندیكای رۆژنامەنوسان ئاگاربكرێتەوە.
وەحید دەبرێتە ئاسایش و یەكەم پرسیار كە لێیدەكرێت ئەوەیە؛ بۆچی روماڵی كردووە لەكاتێكدا پێشتر ئاگاداركراوەتەوە كە روماڵ نەكات، "وتمان سەر بە دەزگایەکین، ئەوان چی بە ئێمە بڵێن ئەوە دەکەین، چونمان بۆ ئەو روماڵە بەدەست ئێمە نییە.. وتمان هیچ شتێكی هەڵەمان نەكردووە" پەیامنێرەكەی ئێن ئاڕتی، وای وت.
(كەركوك ناو) هەوڵیدا پەیوەندی بە ئاسایشی زاخۆوە بكات بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بون.
دوای كاتژمێر مانەوە لە ئاسایش، وەحید سندی و كامێرامانەكەی ئازاد دەكرێن، دوای رۆژێكیش، لە 10ـی ئاب دەچنەوە بۆ ئاسایش و بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایل و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانان.
وەحید پێشتر لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای میدیاییدا كاریكردووە و لە ساڵی 2021ـەوە لەگەڵ ئێن ئاڕتی بەردەوامە.
لە ساڵی رابردودا 73 پێشێلكاری لە هەرێمی كوردستان دژ بە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن تۆماركراون، لە نێویاندا 19 حاڵەتی دەستگیركردن و 20 حاڵەتی رێگەنەدان بە روماڵ، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.
هەروەها بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە ساڵی رابردودا 431 پێشێلكاری بەرانبەر بە 301 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراون، لە نێویاندا 195 رێگری لە روماڵ هەبون، لەگەڵ 68 حاڵەتی زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، جگە لە 64 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا.