پارێزەر و كەسوكاری رۆژنامەنوس گوهدار زێباری بڵاویانكردەوە كە بڕیاردراوە ناوبراو بۆ جاری سێیەم دادگاییبكرێتەوە و ئازادناكرێت، ئەوەش دوای هەشت رۆژ دێت لە تەواوكردنی حوكمەكەی لە زیندان.
گوهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنوسی تر لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانهكانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حومكدران و تۆمەتباركران بە "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی"، بەر لەوەی حوكمەكەی لە ئاداری 2023 تەواوبكات، گوهدار بە كەیسێكی نوێ بە پێنج مانگ زیندانی سزادرا، گوایا لەكاتی دەستگیركردنی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕاوە.
رێڤینک یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، بە (كەركوك ناو)ی وت "داوایەكی نوێ لەسەر گۆهدار زێباری کراوەتەوە ئەویش لەسەر هەڵگرتنی چەکە، داواكە رەوانەی دادگایەکی تایبەت کراوە"، رێڤێنگ زانیاری لەسەر ئەو لایەنە لانەبوو كە داواكەی جوڵاندووە، تەنیا وتی "هێشتا رۆژی دادگاییكردنی دیارینەكراوە، ئەوەی هەیە گوهدار بۆ جاری سێیەم لەسەر یەك بە سێ كەیسی جیاواز دادگایی دەكرێت".
زێدان برای گوهدار زێباری بە (كەركوك ناو)ی وت "تۆمەتەكان بێ بنەمان، ئەمە ستەمێکی گەورەیە، بەڵام لەکۆتاییدا راستی هەر سەردەکەوێت".
كردنەوەی ئەو دۆسییەیە لەكاتێكدایە بڕیاربوو چوارشەممەی رابردوو 16ی ئاب ناوبراو لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ئازادبكرێت، بەڵام گواسترایەوە بۆ ئاسایشی هەمان شار.
كەیسە نوێیەكە
كەیسە نوێیەكە بریتییە لە "هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت"، ئەوەش لەوكاتەی ناوبراو لە تشرینی یەکەمی 2020دا دەستگیركراوە.
زێدان وتی "لەوكاتەی لە ماڵ خوشكێكم دەستگیركراوە گوایا دەستیان بەسەر چەكێكدا گرتووە، كە پێی دەڵێن (جفت)، یان تاپڕ... ئەو تاپڕە لە راستیدا هی گوهدار نییە و هی باپیرمانە، لە ماڵی ئێمە نەبووە و لە ماڵی خوشكێكمان بووە"، زیاتر وتی "لەم كەیسەدا پێشتر دادوەر بە 100 هەزار دینار غەرامەی كردووە".
بەشدار حەسەن، پارێزەرێكی تری گوهدار، پێشتر لەبارەی ئەوەی كەسوكاری دەڵێن لەسەر ئەو كەیسە حوكمدراوە، وتی "ئێمەش ئەوەمان بیستووە، بەڵام هیچ نوسراوێكی فەرمیمان نەبینیوە گوایە لەسەر ئەو كەیسە دادوەر غەرامەی كردبێت".
پێشبینییەكان بۆ كەیسی گوهدار زێباری
لە پرسی كەیسی سێیەمی گوهدار زێباریدا، كە تایبەتە بە "هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت"، شارەزایانی یاسایی و پارێزەرانی كەیسەكە گفتوگۆی دوو دەقی یاسایی دەكەن، ماددەی 15ی یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2022 دەرچووە، لەگەڵ ماددەی 21 لە یاسای چەك ژمارە 16ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی ماددەی 15ی یاسای ساڵی 2022 هەركەسێك بەبێ مۆڵەت، چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بە بەندكردن بۆ ماوەیەك سزادەدرێت كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵئەوەشدا بە پێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لە دوو ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج میلۆن دینار زیاتر نەبێت".
چەكی ئاگرین بەپێی یاساكە، "دەمانچە و تفەنگی ئالی رێژنەكار" دەگرێتەوە، بەڵام چەكی تفاق (عتاد) گولـلە و فیشەكی بەكارهاتوو لە چەكی ئاگرین و هەر پارچەیەك لە پارچەكانی دەگرێتەوە.
بەڵام بەپێی ماددەی 21 لە یاسای چەك ژمارە 16ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان، هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە و هاتووە "ئەوەی چەكی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت یان لە ژێر دەستی دابێت، ئەوە بە غەرامەكردن لە هەزار دینار (سویسری) تا دوو هەزار سزادەدرێت، یان بە بەندكردن كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت".
بەڵام لە هەمان ماددە-دا هاتووە "ئەگەر سەلمێنرا بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ئیرهاب و تێكدانی ئاسایشی گشتی و پشتگیریكردنی هەر یاخیبونێك دژی حكومەتی هەرێم بكا، سزاكەی زیندانیكردنی هەتاهەتایی".
تۆمەتەكانی سەر گوهدار زێباری لەم كەیسە نوێیەدا، بەر لە دەركردنی یاسای چەكی ساڵی 2022 بووە.
لەوحاڵەتەدا لەتیف مستەفا، شارەزای بواری یاسا و دادوەری خانەنشین، دەڵێت "بەپێی ماددەی دوو لە یاسای سزادانی ژمارە 111 ساڵی 1969 یاسای باشترین بۆ تۆمەتبارمان هەیە. واتە ئەگەر یاسایەکی نوێ دەرچوو لە بەرژەوەندی تۆمەتبار بوو، ئەوە ئەو یاسا نوێیەی بەسەردا پیادەدەکریت کە لە بەرژەوەندی تۆمەتباردایە".
كام یاسایە لە بەرژەوەندی گوهدار زێبارییە؟
بە بڕوای لەتیف مستەفا، كە خوێندنەوەیەكی بۆ هەردوو یاساكە كردووە، یاسا نوییەكە زیاتر لە بەرژەوەندی گوهدار زێباریدایە، چونكە وەك ئەو دەڵێت "لە ماددەی 21ی یاسای چەكی ساڵی 1993دا هاتووە هەرکەسیک بەبێ مۆڵەت چەکی ئاگرین هەڵبگرێت سزادەدریت بە حەپسکردن كە لە یەک ساڵ کەمتر نەبیت"، بەڵام ئەو رونیكردەوە "لە یاساكەدا لایەنی باڵا دیارینەكراوە و جێیهێشتووە بۆ دادوەر، یاساناسانیش دەزانن کە لە حاڵەتێكدا لایەنی باڵای سزای حەپس دیارینەکرا، ئەوا دادوەر دەتوانێت تا لایەنی هەر زۆری حەبسکردن بڕوات واتە تا پینج ساڵ...".
لەتیف زیاتر وتی "بەپێی ئەم یاسایە تاوانەكە قابیلی ئەوەی هەیە تۆمەتبار كاتێك چووە بەردەم دادوەر بە كەفالەت ئازادبكرێت".
جەختیشیكردەوە "لە دوای راپەرینەوە – ساڵی 1991- هیچ تۆمەتبارێک بە تەنیا لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت رانەگیراوە".
سەبارەت بە یاسا نوێیەكە، وتی "لەم یاسایەدا سزاکە کەمتر كراوەتەوە، بە حەپسكردن لە نێوان ساڵێك بۆ سێ ساڵ، بەو پێیەش حوكمی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دەكەوێتە ژێر حوكمەكانی ماددەی 110 لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکانی ساڵی 1971ی هەمواركراوە و لەسەر دادوەر پێویستە ئازادی بكات".
لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەركەوت تاپڕ بووە و چەك نەبووە، وەك ئەوەی كەسوكاری دەڵێن، لەتیف مستەفا وتی "لە یاسا نوێیەكەدا باسی تاپڕ نەكراوە، كەواتە یاساكە تاپڕ ناگرێتەوە و هەڵگرتنی مۆڵەتی ناوێت و كارێكی ئاساییە و تاوان نییە"، بەڵام وتی "یاسای کۆن لە ماددەی یەكدا لە پێناسی چەکی ئاگریندا ناوی تاپڕیش هاتووە، كەواتە یاساكە دەیگرێتەوە".
لەپاڵ ئەو خوێندنەوانەشدا لەتیف مستەفا وتی "دادگایی تاوانەكانی سلێمانی/ 2، بە سیفەتی تەممیز پێشتر بڕیاریداوە كە چەکی تاپڕ ناچیتە ژێر چوارچێوەی یاساکە".
لە ئێستادا گوهدار لە ئاسایش زیندانە سەرەڕای تەواوكردنی دوو حوكم، زێدانی برای وتی "بەرلەوەی حوكمەكەی تەواوبكات پێی وتم ئەگەر ئازادنەكرێم، ماندەگرم، مانگرتنی راگەیاندووە و بەپێی زانیارییەكانمان تەندروستی باش نییە".