كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 23ی ئاب، راگەیەنراوێكی كورت لە دانیشتووانی گەڕەكی بەهاری نوێی هەولێر-وە گەیشتە گروپێكی رۆژنامەنوسان، من راگەیەنراوەكەم بینی و بڕیارمدا بەدەمیانەوە بچم و دەنگیان بگەیەنم.
كورتەی راگەیەنراوەكە ئەوەیە گردبونەوەیەك پەیوەست بە كێشەی ئاوی خواردنەوە دەكەن، ناوەڕۆكی كێشەكە ئەوە بوو کەسێکى دەستڕۆیشتوی گەڕەكەكە دەیویست لە كۆڵانێكی پشتەوەی گەڕەكەكە بە نایاسایی ئاو رابكێشێت، ئەوەش بەلای خەڵكەكەوە جێی قبوڵ نەبوو.
دەزگاكەم (دامەزراوەی میدیایی ئێستا)م بۆ روماڵ ئاگاداركردەوە، لەگەڵ گەیشتنم بۆ شوێنی روداوەكە، ئەزلاڤێكم كرد و گەڕامەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەم تا بۆ دەزگاكەمی بنێرم.
كاتێك ئەزلایڤەكەم كرد، هیچ هێزێكی ئەمنی لێ نەبوو، بەڵام هەر ئەوەندەم زانی نزیكەی 20 چەكدار گەیشتنە شوێنی روداوەكە و دوو چەكدار منیان لەناو ئۆتۆمبێلەكە دەرهێنا. هێزەكان جلوبەرگی پۆلیس و زێرەڤانییان لەبەربوو.
بەهەمان شێوە یاسر محەمەد، پەیامنێرى ئاژانسى وڵات-یان لەگەڵ مندا دەستبەسەر كرد.
مۆبایل و هەموو شتێكیان لێسەندم، وتیان هەر خۆتی وتم بەڵێ، بۆیە واموت تا كامێرامانەكەشم دەستگیرنەكەن.
من و یاسر-یان بۆ شوێنێك دور لە گەڕەكەكە گواستەوە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد. ئێمە دەمانوت رۆژنامەنوسین و ئەوان دەیانوت روماڵكردن لێرە یاسایی نییە. بەبێ ئەوەی هۆكارێكی نایاسایی بون رونبكەنەوە.
ئێمە دەمانوت رۆژنامەنوسین و ئەوان دەیانوت روماڵكردن لێرە یاسایی نییە
لەوكاتەدا پاسۆردی مۆبایلەكانیان لێسەندین و چونە ناو مۆبایلەكانمانەوە، وێنەكانیان دیلیت كرد و سەیری ئەو نامانەیان دەكرد كە لە گروپی رۆژنامەنوسانی هەولێر لە بارەی دەستگیركردنی ئێمە بڵاوكرابۆوە.
وتیان دوو بژاردەتان لەبەردەمدایە، یان دەبێت نامەیەک بنێرن بۆ گروپى رۆژنامەنوسانى هەولێر و بڵێن ئێمە دەستگیرنەکراوین وهیچ کێشەیەک مان نییە، یان مێکزەمین ئامادەیە و دەتانبەین.
ناچاریان كردین نامەیەكی دەنگی بنێرین بۆ گروپەكە. "برادەران سڵاوتان لێبێت... كاكە ئێمە نەگیراوین، ئەوە ئێمەیان بەڕێكرد، هەر لەوێ بوین، دیارە هەندێك كێشە لەو گەڕەكە هەبوو، ئێمە نەگیراوین". ئەمە پوختەی نامە دەنگییەكەیە.
دواتر چەكدارەكان، كامێراكانیان لێ وەرگرتین و میمۆرییەكانیان شكاند، ئینجا كامێرا و مۆبایلەكانیان پێداینەوە.
ئێمە زۆر بە هێمنی و جوانی وەڵاممان دەدانەوە، بەڵام ئەوان زۆر بە توندی قسەیان لەگەڵ دەكردین.
بەرلەوەی ئازادمان بكەن، بەڵێیننامەمان پێ پڕكرایەوە كە هیچ شتێك لەسەر ئەم بابەتە نەنوسین، دواتر وێنەیان گرتین و وتیان ئەگەر لەسەر ئەم بابەتە تەنانەت پۆستێكیش بكەن دەتانناسینەوە و دەزانین چیتان لێدەكەین.
تۆڕی میدیایی ئێستا كە دیار حسێن پەیامنێریەتی، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو مامەڵەیەی كرد و داوایكرد "ھێزە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن و واز لە گیانی رۆژنامەنوسان بھێنن و لێبگەڕێن ئەرکە پیشەییەکانی خۆیان لە گەیاندنی داواکاری خەڵکدا جێبەجێبکەن". لەگەڵئەوەشدا ڤیدیۆی ساتی دەستبەسەركردنی پەیامنێرەكەیان بڵاوكردەوە.
دوای 24 كاتژمێر لەو روداوە هێزە ئەمنییەكانی هەولێر هیچ رونكردنەوەیەكیان لەسەر روداوەكە نەدا. بۆ هیچ دەزگایەكیش قسەیان لەسەر ئەو پێشێلكارییە نەكرد.
هەردوو رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان ئیدانەی ئەو روداوەیان كرد. سەنتەری میترۆ داوای لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان كرد لێكۆڵینەوە لە رەفتاری نایاسایی هێزێك بكات كە "پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و روماڵكردنی میدیایی بە نایاسایی دەزانێت".
رێكخراوی پەیامنێران جەختیكردەوە "تا دێت رەوشی پەیامنێران پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و هێزە ئەمنییەکان رەچاوی کاری رۆژنامەوانی ناکەن و پەلاماری دەزگا میدیاییەکان دەدەن و کەلوپەلەکانیان لێ زەوت دەکەن و دەستگیریان دەکەن".