60 رۆژە بە تۆمەتێك دەستگیریان كردووە "بنەمای یاسایی نییە"
ئاسایش شوێنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ئاشكراناكات

رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد

كەركوك ناو

60 رۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد لە پارێزگای دهۆك، بەڵام هێشتا پارێزەر و كەسوكاری نازانن لە كوێ زیندانیكراوە و رێگەی پێنادەن خۆی و دۆسییەكەشی بیبینن، بەو هۆیەوە بە "بێسەروشوێن" ناوی دەبەن.

سلێمان ئەحمەد، بەپێی بەیاننامەیەكی ئاسایشی دهۆك، بە تۆمەتی "كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە" دەستگیركراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی "بنەمای یاسایی نییە"، چونكە بەپێی وتەی شارەزایان هیچ یاسایەك نییە كاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان قەدەغەبكات.

سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لەكاتی گەڕانەوەیدا له‌ رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023، له‌ ده‌روازه‌ی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و بێسەروشوێن بوو، تا پێنج رۆژ دواتر ئاسایشی دهۆك ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.

ئەو له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان (سوریا)یە، له‌ ساڵی 2018ه‌وه‌ به‌شێوازێكی یاسایی هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان  و مۆڵەتی مانەوەی هەیە و لەو دەزگایە كاری رۆژنالمەوانی خۆی كردووە.

ئاسایشی دهۆك لە بەیاننامەكەیدا لەبارەی كەیسی سلێمان ئەحمەد، وەكو رۆژنامەنوس ناوی نابات و جەختدەكاتەوەی لەوەی "كادیرێكی پەكەكەمان دەستگیركردووە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە دەڵێت "روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت‌".

ئەو بەیاننامەیەی ئاسایش دوای نزیكەی هەفتەیەك هات لە بێسەروشوێنبونی سلێمان و هەروەها دوای فشاری رۆژنامەنوسان و دەزگای رۆژنیوز هات، كە بڵاویانكردەوە سلێمان ئەحمەد بێسەروشوێنە و چارەنوسی نادیارە، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیشیان بە دەستگیركردنی تۆمەتباركرد.

بۆتان گه‌رمیانی، سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ڕی رۆژنیوز كه‌ باره‌گای سه‌رەكی له‌ شاری سلێمانییه‌، بە (كەركوك ناو)ی وت "كه‌س ناڵێت ئه‌و مادده‌ یاساییه‌ی سلێمانی پێی ده‌ستگیر كراوه‌ چییه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بزانین چ رێكارێك بگرینه‌به‌ر". زیاتر وتی "هەموو رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و حكومه‌تی هه‌رێممان ئاگاداركردۆ‌ته‌وه‌. به‌ فه‌رمی قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ی فیشخابوور كردووه‌، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌نەبوو بڵێت، سلێمان لەكوێیە".

suliman ahmed
رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد

دەزگای رۆژنیوز دوو پارێزەریان بۆ كەیسی سلێمان ئەحمەد راسپاردووە، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسەدا پارێزەرەكان نەیانتوانیوە نە خۆی نە دۆسییەكەی بیبینن تاوەكو بزانن ماددە یاساییەكە چییە.

بۆتان گه‌رمیانی، دوای 60 رۆژ لە دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسەیان، وتی "60 رۆژە ئێستا هیچ گۆڕانكارییه‌ك بەسەر ئەو پرسەدا نەهاتووە... بۆیە ئێمە بە رفێنراو و بێسەروشوێن ناوی دەبەین، چونكە هێشتا نەمانتوانیوە بزانین لەكوێیە و بۆچی دەستگیركراوە". جەختیشیكردەوە "زیاتر له‌ 15 جار تیمی پارێزه‌ره‌كانی هه‌وڵیانداوه‌ له‌ڕوی یاساییه‌وه‌ كاری بۆ بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ رێگه‌دراوه‌ بیبینن، نه‌ رێگه‌دراوه‌ كار له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ی بكه‌ن، نه‌ دۆسیه‌كه‌یان نیشانداون".

60 رۆژە ئێستا هیچ گۆڕانكارییه‌ك بەسەر ئەو پرسەدا نەهاتووە... بۆیە ئێمە بە رفێنراو و بێسەروشوێن ناوی دەبەین

ئەوش وایكردووە سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ڕی رۆژنیوز، ترسی هەبێت هێزە ئەمنییەكانی دهۆك "لەژێر ئەشكەنجەدا" دانپێدانانی ساختەیان بە سلێمان واژۆبكەن و جەختیكردەوە "هیچ بەڵگەیەكیان نییە و بەدوای دروستكردنی بەڵگەی ساختەدا دەگەڕێن لە دژی سلێمان".

نە‌ریمان ئه‌حمه‌د، یەكێكە لەو پارێزەرانەی لەلایەن دەزگای رۆژنیوزەوە راسپێردراوە كار لەسەر كەیسی سلێمان بكات، دەڵێت سلێمان بە شێوه‌یه‌كی یاسایی هاتوچۆی كردووه‌ له ‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوا، "مافی مانه‌وه‌ (ئیقام)ی له‌ هه‌رێم هەبووە، له‌كاتی رۆیشتنیشی كێشه‌ی نه‌بووه‌. بەڵام له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌روازه‌ی فیشخابوور ده‌ستگیركراوه‌، دواتر ره‌وانه‌ی ئاسایشی دهۆك كراوه‌".

لە نوێترین هەوڵی ئەو پارێزەرەدا بۆ بینینی سلێمان ئەحمەد، یان لانیكەم بینینی دۆسییەكەی، ئەوە بوو 24ی كانونی یەكەم، سەردانی ئاسایشی دهۆكیان كرد، بەڵام پێیانوتووە دەوام نییە.

نەریمان وتی "لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەسودوەرگرتن لە مادییەكی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ویستمان فشار لە حكومەتی هەرێم بكەین بۆ ئەوەی بەزویی چارەنوسی سلێمان ئەحمەد-مان بۆ ئاشكرابكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی ئەگەر هەر تۆمەتێكی ئەنجامداوە روبەڕوی یاسا بكرێتەوە...".

"ئەوەندەی زانیاریمان هەیە وتویانە لە ئاسایش گوازراوەتەوە بۆ شوێنی تر، بەڵام نازانین بۆ كوێ و بۆ چ دەزگایەكی تری ئەمنی".

وتویانە لە ئاسایش گوازراوەتەوە بۆ شوێنی تر، بەڵام نازانین بۆ كوێ و بۆ چ دەزگایەكی تری ئەمنی

نەریمان ئەحمەد، لە ماوەی هەوڵەكانیدا سه‌ردانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی دهۆكی كردووە، بەمەبەستی رێپێدانی دادوەر بۆ بینینی سلێمان ئەحمەد و وەرگرتنی دۆسییەكەی وەكو پارێزەر.

نەریمان وتی "دادوه‌ر داواكاری بینینی پەسەندكرد (داواكارییەكە لای كەركوك ناو پارێزراوە)، به‌ڵام ئاسایشی دهۆك به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه،‌ رێگه‌یاننه‌داوه‌ نه‌ خۆی نه‌ ئه‌و دۆسیه‌ یاساییه‌ ببینن كه‌ بۆی كراوه‌ته‌وه‌". هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ كه‌ نه‌ریمان ئه‌حمه‌د هێشتا بەشێوەیەكی یاسایی نه‌بۆ‌ته‌ پارێزه‌ری فه‌رمی دۆسییەكە. زیاتر وتی "ئاسایش وتیان تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ ته‌واونه‌بێت ناتوانن بیبینن و بریكارنامه‌ی لێ وه‌ربگرن، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌... بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئێمە ئێستا نازانین ئایا سلێمان لە ئاسایشە یاخود نا".

ئاژانسی رۆژنیوز، لە ماڵپەڕەكەیاندا، بڵاویانكردۆتەوە كە ئەوان سەر بە کۆمپانیای چەتر-ن  بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و بابەتەکانیان بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و عەرەبی بڵاودەکەنەوە، جەختشیدەكەنەوە لەوەی کۆمپانیای چەتر، لەلایەن کەمال حەسەن حەمەڕەزا-وە خاوەندارێتی دەكرێت و مۆڵەتی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

Slemani-Mohammed-Ahmed95
رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد

بەپێی بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی ساڵی 1973 هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه‌ ئاراسته‌ی كراوه‌، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینه‌وه‌ بێت یان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی دهۆك بە پێچەوانەی ئەو بنەمایە دژی كەیسەكەی سلێمان ئەحمەد وەستاونەتەوە.

"سلێمان ئه‌حمه‌د تاوانبار نییه‌ و تاكه‌ شت كه‌ گومانده‌كرێت به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ستگیر كرابێت، چون و هاتنه‌وه‌یه‌تی بۆ رۆژئاوا، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی یاساییه‌، چونكه‌ سلێمان به‌شێوه‌ی یاسایی هاتوچۆی كردووه‌"، نەریمان وایوت.

زێره‌ڤان به‌ڕۆشكی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی دهۆك، ئامادەنەبوو وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو) بداتەوە، هەرچەندە لەڕێی نامەی مۆبایلەوە ئاگاداركراوەتەوە.

نه‌زاكه‌ت حسێن، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی به‌رگرییكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان، رەتیكردەوە ئاگاداری ئەو دۆسییەیە بێت و بە پەیامنێری‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ زمانی تۆ و میدیاكانه‌وه‌ گوێم لێی بووه‌ و هیچ زانیارییه‌كمان لەسەری نییە".

"كه‌س په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردوین. ئێمه‌ ناتوانین به‌دواداچون بۆ دۆسیه‌یه‌ك بكه‌ین ئه‌گه‌ر خودی رۆژنامه‌نوسه‌كه‌، یان ئه‌و ده‌زگایه‌ی كاری تێداده‌كات، یان لانیكه‌م هاوڕێكانی داوامان لێنه‌كه‌ن كه‌ به‌دواداچونی بۆ بكه‌ین"، نەزاكەت حسێن وایوت.

ئەوەش لەكاتێكدایە بۆكان گەرمیانی، سەرنوسەری رۆژنیوز جەختیكردەوە لەوەی سەندیكای رۆژنامەنوسانیان ئاگاداركردۆتەوە.

رێكخراوی (CPT) رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌  مافه‌كانی مرۆڤه‌ و باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌ وڵاتی ئه‌مریكایه‌. له‌ كۆڵۆمبیا، كه‌نه‌دا، مه‌كسیك، عێراق و كه‌رتی رۆژئاوای قودس چاودێری دۆسیه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین ده‌كات. له‌ ئێستادا چاودێری دۆسیه‌كه‌ی رۆژنامه‌نووس سلێمان ئه‌حمه‌د ده‌كات.

كامه‌ران عوسمان، ئه‌ندامی تیمی كوردستانی عیراقی رێكخراوه‌كه، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ كاتێك سلێمان ده‌ستگیركراوه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێك بووه‌ كه‌ وه‌ڵاتینامه‌ی میسری پێبووه‌. هاوكات له‌سه‌ر ئه‌و ڤیزه‌ یاساییه‌ی كه‌ هاتوچۆی پێكردووه‌ نووسراوه‌، (سلێمان له‌ كۆمپانیایه‌كی كه‌نه‌دی كارده‌كات له‌ سلێمانی)، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ڤیزاكه‌ی بۆ وه‌رگیراوه‌. ئێمه‌ گومانده‌كه‌ین ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ سلێمان بووه‌ تۆمه‌تێكی له‌سه‌ر بووبێت یان سلێمان به‌ دۆسیه‌ی ساخته‌كاری دادگایی بكرێت به‌هۆی ڤیزاكه‌یه‌وه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی تیمی كوردستانی عیراقی (CPT) نایشارێته‌وه‌ ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، "سلێمان ئه‌حمه‌د به‌ مه‌به‌ست دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ تاوانی ساخته‌كاریی بۆ بكرێته‌وه‌ و به‌و تۆمه‌ته‌ دادگایی بكرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك بخرێته‌ زیندانه‌وه‌".

ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، سلێمان ئه‌حمه‌د به‌ مه‌به‌ست دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ تاوانی ساخته‌كاریی بۆ بكرێته‌وه‌

كامه‌ران عوسمان دەڵێت: "لە دۆسییەی سلێمان ئه‌حمه‌د-دا "پێشێلكاری رویداوه‌، چونكه‌ ئاسایشی دهۆك دوای پێنج رۆژ له‌ ده‌ستگیركردنی و له‌ژێر فشاری میدیادا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ لای ئه‌وانه‌".

هەروەها وتی "به‌پێی به‌دواداچونی ئێمه‌ سلێمان به‌رده‌وام له‌ ده‌روازه‌ی  فیشخابووره‌وه‌ هاتوچۆی كردووه‌، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا هه‌یه‌ وه‌ك ئاسایش له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا تۆمه‌تباری ده‌كات‌، بۆچی پێشتر ده‌ستگیریان نه‌كرد؟! هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك نییه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌و پارته‌وه‌ هەیە".

لە عیراق و هەرێمی كوردستان چەندین رێكخراوی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ كار لەسەر ئەم جۆرە دەستگیركردن و پێشێلكارییانە دەكەن، لە چوارچێوەی پرسی دادپەروەری بۆ زیندانییەكان و دەستگیركراوان و لەپێناو باشتركردنی دۆخیان، لەوانە جگە لە  (CPT)، هەریەكە لە تۆڕی دادپەروەری بەندییەکان بە پشتگیریی و هاوكاریی رێكخراوی NPA نەرویجی و سەنتەری میترۆ لە پرسی داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان.

دیاری محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، له‌ 31ی تشرینی یەكەمی 2023 له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری سلێمانی وتی "شێوازی ده‌ستگیركردنی سلێمان ئه‌حمه‌د، بێسه‌روشوێنبونی و دواتر تۆمەتباركردنی بەوەی پەیوەندی لەگەڵ گروپی چەكداردا هەیە، ترسی ئەوەی لا دروستكردوین كە ئەم رۆژنامەنوسەش هاوشێوه‌ی كه‌یسی رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی بادینان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان، لە 16ـی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران و تۆمەتباركران بە "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی"، لەئێستادا سیان لەو حوكمدراوانە هێشتا لە زیندانن.

گوهدار زێباری كە یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانە، هەركاتێك حوكمەكەی تەواودەبێت، دۆسییەكی تری بۆ دەكرێتەوە و تائێستا سێجار لەسەر سێ دۆسییەی جیاواز سزادراوە.

هەرچی شێروان شێروانییە كە رۆژنامەنوسێكی ترە، لە تەمموزی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە تۆمەتی "ساختەكاریی" بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی سزادرا.

سەرنوسەری رۆژنیوز پێیوایە دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد، درێژكراوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ كپكردنی ده‌نگی ئازاد، بەتایبەت لە پارێزگای دهۆك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT