بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی دهۆك، پێشێلی دەستور و یاسا و بڕیاری دادوەریش دەكات، لە پرسی رێگەنەدان بە بینین و دانانی پارێزەر بۆ رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد و ئاشكرانەكردنی دۆسییەكەیدا، لەكاتێكدا 90 رۆژە دەستگیركراوە و چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە.
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و بێسەروشوێن بوو، ئاسایشی دهۆك لە 31ی هەمان مانگ ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.
پێنجشەممە 25ی كانونی دووەمی 2024 دوای تێپەڕبونی 90 رۆژ بەسەر دەستگیركردنیدا، تیمی پارێزەرانی دۆسییەكە و رۆژنامەنوسان و دەزگاكەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان رێكخست و دواین هەڵوێست و زانیارییەكانیان لەسەر كەیسی سلێمان ئەحمەد ئاشكراكرد.
پارێزەر نەریمان ئەحمەد، كە وەكو سەرۆكی تیمی بەرگریكردن لەو رۆژنامەنوسە كاردەكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "زیاد لە 10 جار داوامان لە ئاسایشی گشتی دهۆك كردووە، رێگەمان پێبدات سلێمان ئەحمەد خۆی یان دۆسییەكەی ببینین، یان رێگەمان پێبدات وەكو پارێزەری ئەو رۆژنامەنوسە دەستبەكاربین، بەڵام لە دواینجاردا لە سەرەتای ئەم مانگە وتویانە لای ئێمە نییە".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئاسایشی دهۆك لە 31ی تشرینی یەكەمی رابردوو، لە راگەیەنراوێكدا بەبێ ئەوەی، وەكو رۆژنامەنوس ناوی ببات، وتی "كادیرێكی پەكەكەمان دەستگیركرد كە ناوبراو بۆ كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە هاتوچۆی كردووە، بۆیە راگیراوە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت". بەبێ ئەوەی ئەو ماددە یاساییە ئاشكرابكرێت كە بەهۆیەوە سلێمانی پێ دەستگیركراوە.
نەریمان وتی "لە سەرەتای دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد-دا چوینە ئاسایشی دهۆك داوامان كرد رێگەمان پێبدات بیبینین، بەڵام بێ ئەنجام بوو، دواتر چوینە لای دادوەری ئاسایش و نوسراوی بۆ كردین تا بچین بیبینین، بەڵام ئاسایش پێشێلی بڕیاری دادوەریان كرد و رێگەیان نەدا".
دادوەری ئاسایش و نوسراوی بۆ كردین تا بچین بیبینین، بەڵام ئاسایش پێشێلی بڕیاری دادوەریان كرد و رێگەیان نەدا
"چوینەوە لای دادوەری ئاسایش وتمان چەندین جارە رێگریمان لێدەكرێت و نایەڵن بیبینین و پێشێلی بڕیاری تۆ دەكەن، ئەویش وتی منیش هەتا ئێستا نازانم لەسەر چی دەستگیركراوە، ناشزانم دۆسییەكەی چییە و بۆیان نەهێناوم"، نەریمان وتی "ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 40ی یاسای بنەمای دادگەرییە سزاییەكان دەبێت هەموو دامەزراوەكانی ئاسایش و پۆلیس پابەندن بە بڕیاری دادوەر".
هەروەها ئاسایشی دهۆك پێشێلی ماددەیەكی تری هەمان یاسایان كردووە، بەپێی ماددەی 23ی هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئهو تۆمهتهى كه ئاراستهى كراوه، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینهوه بێت یان لهكاتى لێكۆڵینهوهدا.
نەریمان ئەحمەد جەختیكردەوە لەوەی ئاسایشی دهۆك پێشێلی ماددەی 19ی دەستوری عیراقیشیان كردووە، كە دەڵێت دەبێت تۆمەتبار لەدوای دەستگیركردنی بە ماوەیەكی كەم پارێزەری هەبێت.
"پێشیلكردنی دەستور خاڵێكی جەوهەرییە بۆ ئێمە، بۆیە ئەگەر لەكاتێكی زوودا چارەنوسی سلێمان ئەحمەد یەكلایینەكرێتەوە و وەكالەت بۆ ئێمە تەنزیم نەكرێت تا ببین بە پارێزەری، ئەوا دەچینە دادگای فیدراڵی عیراق و وەزیری ناوخۆ و حكومەتی هەرێم بە پێشیێلی دەستور تۆمەتبار دەكەین و دەیاندەینە دادگا".
دەچینە دادگای فیدراڵی عیراق و وەزیری ناوخۆ و حكومەتی هەرێم بە پێشیێلی دەستور تۆمەتبار دەكەین و دەیاندەینە دادگا
تیمی پارێزەران لە دۆسییەی سلێمان ئەحمەد، جارێكی تر ترسی خۆیان نەشاردەوە لەوەی ئاسایش بیانەوێت "لە ژێر فشاردا" دانپێدانانی "دروستكراو"ی پێ واژۆ بكەن.
نەریمان ئەحمەد وتی "چونكە لە ساڵانی رابردوا لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر كەس زیندانیكران و بەبێ بەڵگە مەحكوم كران، لەوانە كەیسی رۆژنامەنوسانی بادینان. بەبێ بەڵگە و بە حوكمی هەڵە لە زیندانن... داوا دەكەین كەیسی سلێمانیش بەو شێوەیە نەبەن".
بەڵام وتی "بەپێی ئەزمونی خۆمان لەو بوارەدا دەتوانین بڵێین هێشتا سلێمان ئەحمەد، هیچ ئیعترافێكی نییە، چونكە ئەگەر ئیعترافی بكردایە دەبرایە بەردەم دادوەر... ئەوەی بۆ ئێمە جێی پرسیارە، ئەوەیە هێشتا نازانین بە چ ماددەیەكی یاسایی هێڵدراوەتەوە، دادوەری ئاسایشیش ئەوەی وت".
لە دواین هەوڵەكانیان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ئەو رۆژنامەنوسە، ئەو تیمە سەردانی یونامی-یان كردووە و لێپرسراوی گشتی مافی مرۆڤی یونامی، جەختی لە پێكهێنانی تێمێك كردۆتەوە بۆ بەدواداچون بۆ چارەنوسی ئەو كەیسە.
نەرمیان وتی "دەمانەوێت لەڕێی ئەوانەوە فشاربكرێت بۆ چارەنوسی سلێمان و بردنی بۆ بەردەم دادوەر ئەگەر هەر كەیسێكی لەسەرە".
لە كۆتاییدا وتی "داوادەكەین ئاسایشی گشتی دهۆك، مافی ئەوەمان پێبدات، ببینە پارێزەری سلێمان بۆ ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت".