لێپرسراوانی ئەو دەزگایەی شاكار ستار كاری تێدا دەكات، رەتیدەكەنەوە راپۆرتی "قاچاخچییە مەترسیدارەكانی سنور"، ئەو ئامادەی كردبێت و دەڵێن تەنیا وەك ئەركی بێژەری خوێندویەتییەوە، ئەو زنجیرە راپۆرتە باس لە "بەشداریی و تێوەگلان"ی ئاسایش و سەركردەكانی یەكێتی دەكات لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ماددەی هۆشبەر و هەناردەكردنی دۆلار و كانزای بە نرخ بۆ ئێران.
شاكار ستار، بێژەر لە ماڵپەڕی تیوار نیوز، كاتژمێر 10:45 خولەكی شەوی شەممە 18ی ئایار لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە بازگەی ئاشتی/كۆیە دەستگیركرا و گەڕێنرایەوە بۆ سلێمانی، لەوكاتەی لەگەڵ خێزان و ماڵ و منداڵەكەیدا دەیویست بگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
شاكار خۆی خەڵكی سلێمانییە، بەڵام بەهۆی كارەكەیەوە لە ماڵپەری تیوار نیوز لە هەولێر نیشتەجێیە، هەمان شەو خێزان و هەردوو منداڵەكەی لە سلێمانی ئازادكران، بەڵام هێشتا خۆی لە زیندانی ئاسایشە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، یەكشەممە 19ی ئایار لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە تۆمەتبار کاری ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بۆ چەند زنجیرە راپۆرتێکی "ناڕاست و چەواشەکار" بۆ پەیجێکی "نافەرمی" کردووە و لە راپۆرتەکانیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم تۆمەتباردەکات.
شاكار ستار، بەر لە دەستگیركردنی، زنجیرەیەك راپۆرتی بەناونیشانی "قاچاخچییە مەترسیدارەکانی سنور"، خوێندۆتەوە كە تیایدا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی و لێپرسراوانی یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "قاچاخچێتی تلیاك و ماددەی هۆشبەر"، هەروەها "بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كرێكارانی بیانی و ئاودیوكردنی دۆلاری ئەمریكی" لە سلێمانییەوە بۆ ئێران.
ئەو زنجیرە راپۆرتە كە چوار بەش بوو، لە نێوان 23ی نیسان تا 12ی ئایاری ئەمساڵ، بە دەنگی شاكار ستار، لە پەیجی تیوار نیوز بڵاوكرایەوە كە هەرسێكیان تایبەت بوون بە بازرگانی ماددەی هۆشبەر، بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كرێكارانی بیانی و دۆلاری ئەمریكی.
لە راپۆرتەكاندا باسی "ئاسانكاریی و بەشداربون"ی لێپرسراوانی ئەمنی سلێمانی و "تێوەگلان"ی سەركردەكانی یەكێتی لەو كارە نایاساییانە دەكات.
لە یەكێك لە راپۆرتەكانیدا كە ئەو دەیخوێنێتەوە دەڵێت "شیعە ئەفغانییەكان لە ئەفغانستانەوە دەهێنرێنە تاران و لەوێشەوە بە هاوكاریی لێپرسراوانی ئەمنی لەوانەش ئاسایش و بە ئاسانكاریی سەركردەكانی یەكێتی، دەهێنرێنە سلێمانییەوە و رەوانەی نێو حەشدی شەعبی دەكرێن"، زیاتر دەڵێت "ئەوەش بۆ مەبەستی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و فرۆشتنیانە بە باندە قاچاخچییەكان و رادەستكردنیان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی عیراق".
هەر لە راپۆرتەكەدا ناوی چەند یەكەیەكی ئەمنی و سەربازی لە سنوری سلێمانی دەهێنێت و دەڵێت قۆناغ بە قۆناغ لە بەرامبەر ئەمدیوكردنی هەر ئەفغانییەك لە سنورەكانەوە بڕە پارەیەك وەردەگرن، هەروەها بۆ ئاودیوكردنی دۆلار و هاوردەكردنی تلیاك و ماددەی هۆشبەر بڕە پارەیەكی تر وەردەگرن.
ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوەكەدا پێیوایە ئامانجی شكار ستار لەو راپۆرتانە "نانەوەی پشێوی و ترس و دڵەڕاوکێ" بووە لای هاوڵاتیان.
هەر بۆیە دەڵێت "بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 226 لە یاسای سزدانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت".
تیوار نیوز، وەك ئەوەی خۆی لە ماڵپەڕەكەیدا ئاماژەی بۆ كردووە، لە کۆتایی ئازاری 2023وە دەستی بەكاركردن كردووە، بۆ گرنگیدان بە "روداوە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵاتییەکانی رۆژ" و لە ماڵپەڕەكەدا هاتووە "رێباز باوزی، نوسەر و وەرگێڕ، سەرنوسەری ماڵپەڕەكەیە".
لەكاتێكدا دەزگای ئاسایش دەڵێت دەزگاكە "فەرمی نییە"، بەڵام ماڵپەڕەكە بەڕەسمی مۆڵەتی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی هەیە بۆ كاركردن.
كەسوكاری شاكار ستار، جەختدەكەنەوە كە بەر لە دەستگیركردنی هیچ فەرمانێكی دەستگیركردنی بەدەست نەگەیشتووە، دەزگاكەشی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هیچ فەرمانێکی دادوەر نە بە دەست شاکار ستار و نە بەدەست دەزگاکەمان نەگەیشتووە، بەڵکو تەنیا «فەرمانی زارەکی/ شەفەیی» بە دەست بێژەرەکەی تیوار گەیشتووە، کە لای هەموو یاساناسێک ئاشکرایە، فەرمانی زارەکی دەچێتە قاڵبی هەڕەشەکردنەوە و هیچ سەنگێکی یاسایی نییە".
لەبارەی رۆڵی شاكار ستار لە دامەزراوەكەدا، تیوار نیوز لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت "شكار ستار بێژەر بووە و تەنیا ئەرکی خوێندنەوەی راپۆرتەکان بووە و کاری ئامادەکاری بۆ هیچ یەکێک لە راپۆرتەکان نەکردووە".
بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عیراقی، كە بەهۆیەوە شكار ستاری پێ راگیراوە، تیایدا هاتووە كە هەركەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا، سوكایەتی بە حكومەت و هێزە چەكدارەكان، فەرمانگە رەسمیی و ناڕەسمییەكان، یان دەستە و هەر لایەنێكی تری رەسمی بكات، ئەوا بە زیندانیكردن سزادەدرێت كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزای ماددی دەدرێت.
بەڵام دامەزراوەی تیوار نیوز دەڵێت كە ئەوان كاری رۆژنامەوانیی دەكەن و ستافەكەیان "تیمێکی بە ئەزمون و شارەزا لە رۆژنامەنوسان بە وردی و پیشەییانە و بەرپرسیارانەوە کاری ئامادەکاریان بۆ راپۆرتەكان كردووە".
سەنتەری میترۆ، بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی كەیسەكەی شاكار ستار، دەڵێت "ئایا دەكرێت لە تاوانەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە-دا لایەنی سكاڵاكەر خۆی پرۆسەی دەستگیركردن و هەر خۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات؟". زیاتر دەڵێت "لە ساڵانی رابردودا چەندین جار رێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لە پۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت".
كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كەیسەكەی شاكار ستار پەیوەستە بە بڵاوبونەوەی كۆمەڵێك راپۆرت لەسەر دەزگای ئاسایش و دۆسییەكە تایبەتە بە شێواندنی راستی، وەكو ئەوەی دەزگای ئاسایش رونكردنەوەی لەسەر داوە"، وتیشی "ئەو دەزگایە لای ئێمە لە سلێمانی ناسراو نییە و لە هەولێر مۆڵەتی وەرگرتووە... دوێنێ ویستمان راگەیەنراوێكمان بۆ ئەو مەبەستە هەبێت، بەڵام دواتر دەزگای ئاسایش دۆسییەكەی رونكردەوە و باوەڕمانوایە لەم یەك دوو رۆژە ئازاد بكرێت".
دەزگای تیوار نیوز دەستگیركردنی ئەو كارمەندەیان بە پێشێلکارییەكی "زەقی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی" دەزانێت و ئاگاداریان دەكەنەوە كە "بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی رۆژنامەنوس شاکار ستار لە ئەستۆی ئەوانە".